سێرخیۆ رامۆس دانوستانەکانی لەگەڵ ریال مەدرید راگرت

01-07-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێرخیۆ رامۆس ریال مەدرید
A+ A-

رووداو - هەولێر

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، باس لە پێشهاتی نوێ لەبارەی گرێبەستی سێرخیۆ رامۆس دەکەن و دەڵێن "رامۆس دانوستانەکانی لەگەڵ یانەکەی راگرتووە".

ماوەیەکە دەنگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستی رامۆس لەلایەن ریال مەدریدەوە ساردبووەتەوە، کە ماوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرانەوە کە گوایە رامۆس داوای زیادکردنی مووچەکەی و ژمارەی ساڵەکانی نوێکردنەوەی کردووە دوورن لە راستی و دەڵێن "رامۆس داوای نەکردووە مووچەی ساڵانەی بکرێتە 18 ملیۆن یۆرۆ".

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە خودی رامۆس داوای لە کارگێڕی یانەکەی کردووە دانوستانەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگرێت، چونکە ئەو بەقسەی خۆی ئێستا تەنیا بیر لە بردنەوەی نازناوی لالیگا دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بارودۆخەکە زۆر ئارامە و پێشبینی دەکرێت رامۆس و ریال مەدرید لەدوای تەواوبوونی لالیگا بگەنە رێککەوتن، کە هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، دەڵێن "کارگێڕی ریال مەدرید رازییە مووچەی ساڵانی رامۆس بکاتە 18 ملیۆن یۆرۆ، ئەگەر ماوەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تەنیا ساڵێک بێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە