رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێشەنگی لالیگادا بەهاوبەشی لەگەڵ بارسێلۆنا بمێنێتەوە، نابێت هیچ هەڵەیەک لە یارییە گرنگەکەی ئەمڕۆیدا بەرامبەر ریال بێتیس بکات و خاڵی زیاتر لەدەستبدات.
دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا ئاستێکی خراپی پێشکەشکرد، ئێستا ریال مەدرید لەگەڵ بارسیلۆنا یەکسانە و لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگادایە و ئاتلێتیکۆ مەدریدیش تەنیا خاڵێک لەدوای خۆیەتی، بۆیە بۆ ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی و یاریزانەکانی بتوانن لەسەر رێچکەی راست بمێننەوە بۆ بەرگریکردن لە نازناوی لالیگا، پێویستە ئەمڕۆ لەسەر یاریگا زەحمەتەکەی بێنیتۆ ڤیامارین سێ خاڵ لە ریال بێتیس وەربگرن.
دوایین جار کە ئەم دوو یانەیە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو، کە بە گۆڵێکی کیلیان ئێمباپێ، ریال مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەبەرئەوە ئەنچێلۆتی دڵخۆش دەبێت بە گەڕانەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە بۆ پێکهاتەکەی، کە بەهۆی دەرهێنانی ددانەکەیەوە بەشداری لە دوایین یاری ریال مەدرید نەکرد، کە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بوو، ریال بە تاکە گۆڵێک لە ریال سۆسیدادی بردەوە.
ریال بێتیسیش لە دۆخێکی باشدایە و و دوایین دوو یاریی خۆی لە لالیگادا بردووەتەوە و دەیەوێت بوونی یاریگا و هاندەرانی بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی مێژووی بەسەر ریال مەدریددا، کە بێگومان لابردنی سزا لەسەر ئانتۆنی و بەشداریکردنی لەم یارییەدا چەکێکی باش دەبێت بۆ بێتیس بۆ ئەوەی لەگەڵ ئیسکۆ دووانەیەکی مەترسیدار بن لەدژی مەدریدییەکان.
لەوەش خراپتر بۆ مێرینگێ، بەشداری نەکردنی جود بێلینگهامە، کە سزا دراوە. هەروەها فێدریکۆ ڤالڤێردی و دانی سیبایۆسیش بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن و بێگومان ئەمە کێشە بۆ هێڵی ناوەڕاستی ریال مەدرید دروست دەکات.
بەدڵنیاییەوە یارییەکی بەهێز و پڕ لە رکابەری دەبینین، کە هەردوو یانە چەکی بردنەوەیان هەیە و ئامانجیشیان هەر بردنەوەیە، بەڵام لەوانەیە دواجار تاکتیکی هەردوو راهێنەرەکەش رۆڵ ببینێت لە یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ