ململانێی ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی گەورەی ھەرێمی

31-10-2024
نەوزاد هێتوتی
A+ A-
 
 
لە 26ـی ئۆکتۆبەری 2024 ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوە و تۆڵەکردنەوەی ھێرشی 1ـی ئۆکتۆبەری ئێران کە زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، هێرشێکی سەربازی سنوورداری بەناوی (رۆژی پەشیمانکردنەوە یان رۆژی حیساب) کردە سەر ئێران. ئیسرائیل دەڵێ لەم ھێرشەدا زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی بەشداربوون لە ‌هێرشەکەیاندا، بەڵام ئێران دەڵێ فڕۆکەی ئیسرائیلی نەگەیشتوونەتە ئاسمانی ئێران. ئیسرائیل دەڵێ هێرشیکردووەتە سەر نزیکەی 20 پێگەی سەربازیی ئێران، لەوانەش کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن، سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی، رادارەکان و چەندین پێگەی دیکەی سەربازیی سوپای قودس لە تاران، کەرەج، شیراز، خوزستان و ئیلام کرانە ئامانج. 
 
سەبارەت بە مەبەست و ئامانجەکانی ئەم ھێرشە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ھێرشێکی تووند و وردمان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لەوانەش کارگەکانی بەرھەمھێنانی درۆن و مووشەک، سیستمی رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و ئەم ھێرشانە بە چەندین قۆناخ ئەنجامدراون و چەندین کاژێر بەردەوام بوو. ھەروەھا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند ھەموو ئامانجەکانیان بە وردی پێکاون. سەبارەت بە ھۆکارەکانی ھێرشەکەش وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئێران و پرۆکسییەکانی لە 7 ئۆکتوبەرەوە لە 7 بەرەوە بەردەوام ھێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و، دەڵێ بۆیە ئیسرائیلیش بە ھەموو پێوەرێک مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. ئێرانییەکان وا نیشان دەدەن کە ھێرشەکە زۆر سیمبوولی بوو، بەڵام بەپێی سەرچاوەکانی رۆژنامەی Wall Street Journal ئەم ھێرشە تواناکانی ئێران بۆ بەرھەمهێنانی مووشەکی بالیستی زۆر لاواز کردووە، بە شێوەیەک ئێران بۆ ماوەی ساڵێک ناتوانێت ماددەی پێوێستی لەبەردەستبێ بۆ دروستکردنی مووشەکی بالیستی. 
 
سەرەڕای ئەوە، دەکرێت ئاماژە بەو خاڵە بکەین کە ئاستی ھێرشەکان سنووردار بوو و ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا بەرنامەی ئەتۆمی و سەرچاوەکانی وزەی نەکردنە ئامانج. لێرەدا زۆر ھۆکار ھەبوون وایکرد لەم قۆناخەدا ئیسرائیل لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا ھێرشەکەی ئەنجام بدات کە بریتین لەمانە:
 
یەکەم: یەکێک لە ھۆکارەکان کە وایکرد ئیسرائیل ھێرش نەکاتە سەر بەرنامەی ئەتۆمی و سەرچاوەکانی نەوتی ئێران، پەیوەندی بە گوشاری ئەمریکا و ئیدارەی بایدنەوە ھەبوو. ھەرچەندە لەسەرەتاوە ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کرد کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و وەڵامی ئێران بداتەوە. بەڵام، ئیدارەی بایدن گوشاریان دروستکرد بۆ ئەوەی ھێرشەکە سنوورداربێت. ھەندێک لە سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن سەردانی بلینکین لە 23ـی ئۆکتوبەر بۆ ئیسرائیل کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەوەی ئاستی ھێرشەکانی ئەو وڵاتە کەم بکات. 
 
بەتایبەت ئەمریکا نیگەرانە و ترسی ھەیە لەوەی شەڕەکە گەورە ببێت، چونکە لە زۆر رووەوە، کاریگەری خراب دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پێگەی دیموکراتەکان. بەتایبەت، لە 5ـی نۆڤەمبەری 2024 ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەستی پێدەکەن. بۆیە ھەر جۆرە شەڕێک یان تێکچوونی سەقامگیری لە ناوچەکەدا پێگەی دیموکراتەکان لاواز دەکات و لە بەرژەوەندیی ترەمپ دەشکێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، ئیدارەی بایدن ترسی ئەوەی ھەیە کە ئەگەر شەڕەکە گەورە ببێت نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و ئەمەش زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگەیێنێت. ئەمە بەدرە لەوەی چەندین جار ئێران ھەڕەشەی کردووە ئەگەر شەڕەکە گەورەبوو پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکرێنە ئامانج.
 
دووەم، پێدەچیت ھاوکێشە سیاسییەکانی ئەمریکا کاریگەریی زۆریان ھەبێت لەسەر شێوازی ھێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران. بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە سیاسەتێک لە ئیسرائیل ھەیە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە نابێت بەھیچ شێوەیەک ببێتە لایەنگر لە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی ئەمریکادا و بە ھیچ شێوەیەک تەلئەڤیڤ نابێت پاڵپشتیی لایەنێک بکات دژی لایەنێکی دیکە و دەبێت باڵانس لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان رابگرێت. پاڵپشتیکەرانی ئەم بۆچوونە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بۆ ئیسرائیلییەکان خاڵی ھەرە گرنگ ئەوەیە ئەمریکا وەک دەوڵەت و ھاوپەیمانێکی ستراتیژی پاڵپشتیان بکات، نەک وەک ئەوەی کام کەس یان لایەن زیاتر ھاوسۆزە لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە کەسەکان دێن و دەچن، بەڵام ئەمریکا وەک دەوڵەت دەمێنێتەوە. ئەم تێڕوانینە لە کەمپینەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2020 دا کاریگەریی زۆری ھەبوو لەسەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی خۆی یەکلا نەکاتەوە و پاڵپشتیی ترەمپ نەکات. وێڕای ئەوەی ئەوکات ترەمپ زۆر ھەوڵیدا نەتانیاھۆ بە لێدوانیک پاڵپشتی کەمپینەکەی بکات، بەڵام نەتانیاھۆ ئەوەی رەتکردەوە. کەواتە پێدەچێت ئەم تێڕوانینە کارێگەری ھەبێت لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل. چونکە کۆمارییەکان و تەنانەت خودی ترەمپ لەگەڵ ئەوەدا بوون کە ئیسرائیل بە تووندی لە ئێران بدات بۆ ئەوەی پێگەی دیموکراتەکان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا لاواز ببێت. 
 
سێیەم، ئەگەر سەیری پرۆسە سەربازییەکانی ئیسرائیل بکەین بە تایبەت دوای رووداوەکانی 7 ئۆکتوبەر، قۆناخ بە قۆناخ بەرەو پێش چووە و لە یەک کاتدا چەندین بەرەی شەڕ نەکردووەتەوە و ھەر قۆناخێک ئەولەوییاتی خۆی ھەبووە. لە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، لە سەرەتادا ھەموو فۆکەسی ئیسرائیل لەسەر ئەوە بوو کە گورزی گەورە لە حەماس بدات و تەواوی توانا سەربازییەکانی لەنێوببات. ئەوکات ئیسرائیل بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ حیزبوڵڵا دەکرد و ھەوڵیدەدا تاوەکو رادیەک ململانێ لە بەرەی لوبنان لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا بھێڵێتەوە، بەڵام دوای تێکشکاندنی تواناکانی حەماس، ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان ھێرشەکانی دژی حیزبوڵڵا دەستیپێکرد و لە ماوەی چەند رۆژێکدا گورزی سەربازی گەورەی لەو حیزبە دا. بۆیە، لەوانەیە ئێستاش فوکەسی سەرەکیی ئیسرائیل لەسەر حیزبوڵڵای لوبنانی بێت نەک ئێران. دوای لاوازکردنی حیزبوڵڵا پێدەچێت ئیسرائیل بەوە نەوەستێت و گوشارەکانی بۆ سەر تاران تووندتر بکات و دوور نییە ئیسرائیل دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ھێرشی تووندتر بکاتە سەر ئێران.
 
چوارەم، لەوانەیە ھۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە حیسابەکانی نەتەنیاھۆوە ھەبێت کە ھیوایەکی زۆری لەسەر ئەوە ھەڵچنیوە کە ئەم جارە لە ئەمریکا ھاوکێشەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ترەمپ بگاتە دەسەڵات. بەتایبەت ترەمپ کەسێکە کە زیاتر لە ھەر سەرۆکێکیتری ئەمریکا پێدەچێت پاڵپشتی ئیسرائیل بکات و لەم رووەوە، ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئیسرائیلە لە ململانێیەکانی ناوچەکەدا و لە شەڕی دژە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی دا. تەنانەت بە ئاشکرا داوای لە نەتانیاھۆ کرد ھێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. بۆیە، پێدەچێت ئیسرائیل شەڕە گەورەکەی لەگەڵ ئێران بخاتە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەبن و ئەگەری ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زۆر زیاتر دەکات و ئەوكات ئیسرائیل پاڵپشتی تەواوەی ئەمریکای دەبێت بۆ ئەوەی لە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی بدات. 
 
پێنجەم، لەوانەیە ھۆکارێکی دیکەش سەبارەت بەوەی کە بۆچی ئەم جارە ئیسرائیل ھێرشی نەکردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەندی بەو گومانەوە ھەبێت کە ئیسرائیلییەکان ھەیانە سەبارەت توانای خۆیان بۆ لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەتایبەت پسپۆڕە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل بە تەنیا و بێ پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا ناتوانێت زیانی زۆر گەورە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بدات، بەتایبەت ئەو بنکانەی لە قووڵایی زەویدان. بۆیە، لەوانەیە ئەمەیش ھۆکاریک بێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل چاوەڕێ بکات تاوەکو ئەوکاتەی ترەمپ دەگاتە دەسەلات.
 
ئایا ئێران جارێکی دێکە ھێرش دەکاتە سەر  ئیسرائیل؟
 
لە دوای ھێرشەکەی ئیسرائیل پرسیاری ھەرە گرنگ کە لە ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەکان ورووژێنراوە ئەوەیە کە ئایا ئێران وەڵام دەداتەوە یان نا؟ ئەگەر سەیری ھەڵوێست و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی بکەین دوو جۆر کاردانەوە ھەن. لەلایەک، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە بە تووندی وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، بەرپرسانی ئێران ھەوڵیانداوە کە  ھێرشەکە بە لاواز و بێ کاریگەر نیشانبدەن. لێرەدا، دەکرێت دوو جۆر خوێندنەوە بکرێت سەبارەت بەوەی کاردانەوەی ئێران چی دەبێت. یەکەم، ئەگەر ئێران لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی بەرتەسک و بەبێ ئەوەی حیساب بۆ دەرئەنجامەکان بکات، ھەنگاو بھاوێژێت ئەگەری ئەوە ھەیە بۆ جارێکی دیکە ھێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. دووەم، ئەگەر ئێران لە روانگەیەکی ریالیستی و زانستییەوە سەیری ھاوکێشەکان بکات و لەسەر بنەمای ئەکتەرێکی عەقلانی بریار بدات، بێگومان خۆی لە ھەر جۆرە ھێرشێکردنێکی دیکە دەپارێزێت. چونکە ھاوکێشە سەربازییەکان لە بەرژەوەندی ئێران نین و ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە نەکات رووبەڕووی ھەڕەشەی راستەقینە دەبێتەوە، ئەمەش لە بەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:
 
یەکەم، لەڕووی سەربازییەوە تواناکانی ئێران بە ھیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل. بۆیە، ئەگەر ئێران بیەوێت وەڵامیش بداتەوە، ھێرشەکە زۆر رەمزی دەبێت و ئێران ناتوانێت ھیچ زیانێکی گەورە لە ئیسرائیل بدات و ئەو ئامانجەش دەستەبەر ناکات کە لە زانستی سیاسی دا پێیدەگوتریت ترساندنی دووژمن (deterrence policy) ، یاخود وا لە ئیسرائیل بکات دووبارە بیر لە ھێرشکردنە سەر ئێران نەکاتەوە. بە پێچەوانەوە زیاتر بیانوو دەداتە دەستی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر تووندتر لە ئێران بدات و تاران لەڕووی سیستمی بەرگرییەوە ئەو تواناییەی نییە رووبەڕووی ھێرشەکانی ئیسرائیل ببێتەووە.
 
دووەم، ئێران لەڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە زۆر لاوازە و ناتوانێت بە ھیچ شێوەیەک لە بەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی بکات. ئەمەش وادەکات ئەگەر جارێکی دیکە ئێران ھێرش بکات، مەترسی راستەقینە لەسەر ھەموو کەرتە ھەستیارەکانی لەوانە بنکە ئەتۆمییەکان و سەرچاوەکانی وزە دروست دەبێت و بە ئەگەری زۆر ئەم جارە ئیسرائیل لێیان دەدات. ئەمەش زیانێکی یەکجار گەورە لە ئێران دەدات. بۆیە، لەم قۆناخەدا، بە خوێندنەوەی وردی ھاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان، زۆر گرنگە بۆ ئێران بۆ ئەوەی زیاتر سیاسەتی دان بەخۆداگرنتی ستراتیژی جێبەجێ بکات و ھەوڵبدات بە ھەموو شێوەیەک خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بپارێزێت. 
 
سێییەم، بارودۆخی ناوخۆی ئێران لەڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپە و چوونە نێو شەڕێکی راستەوخۆ و راستەقینە لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەندەی دیکە قەیرانی ئابووری لەو وڵاتە قووڵتر دەکاتەوە. بەتایبەت، ئەگەر ئیسرائیل ناچار بکرێت بە ئەگەری زۆر ئەم جارە کەرتی وزە دەکاتە ئامانج. بەمەش ئێران داھاتێکی زۆر گەورە لە دەستدەدات و قەیرانی ئابووری گەورەتر لە ئێستا لەو وڵاتە دروست دەبێت. تەنانەت دوور نییە ئەمە سەر بکێشێت بو دەستپێکردنیی خوپێشاندان و تەنانەت رووخاندنی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا ھەیە.
 
چوارەم، سیاسەت و ستراتیژی ئێران لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ھاتووەتە سەر دەسەڵات لەسەر ئەو خاڵە بنیادنراوە کە شەڕەکان لە سنوورەکانی خۆی دوور بخاتەوە و زیاتر لە رێگەی ھێزە لایەنگرەکانی دژایەتی نەیارەکانی بکات بۆ ئەوەی کە ھێرش نەکەنە سەری. بۆیە، ھەموو ھەوڵی ئێران ئەوەیە زیاتر لە رێگەی ھێزە لایەنگرەکانی بەتایبەت حیزبوڵڵا کونترۆڵی ئیسرائیل بکات، بەڵام ئێستا ئەو سیاسەتەی ئێرانیش تووشی کێشە. بەتایبەت ئێستا تاوەکو رادەیەکی زۆر توانا سەربازییەکانی حیزبوڵڵا و حەماس تێکشێندراون و ناتوانن ئەو سیاسەتەی ئێران جێبەجێ بکەن. کەواتە ئێران لەم قۆناخەدا تووشی لاوازییەکی یەکجار گەورە بووە بە ھەر شێوەیەک بێت دەبێت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ بپارێزێت. 
 
پێنجەم، لەم قۆناخەدا لەوانەیە بەرپرسانی ئێرانی ھەوڵبدەن باردۆخەکە ھێور بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی ترەمپ لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکان بەھێز نەبێت. بەتایبەت ھەر جۆرە ھێرشیک بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر وەڵامدانەوەی و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، شانسی ترەمپ زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بێتەوە سەر دەسەڵات. بۆیە، پێدەچێت ئێران ئەگەر ھەر کاردانەوەیەکیشی ھەبێت بیخاتە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەرمان ساڵح

پۆدکاستەکانی رووداو ملیۆنین

ئەو ژمارە زۆرەی گو‌ێگر و بینەری پۆدکاستەکانی رووداو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەمیان پێشکیش بکرێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بە زمانی کوردی و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێن بە تازەترین پێشکەوتنەکان، رووداو هەمیشە بە یەکەمی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەک میدیایەکی نیشتمانی هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش بکات.