بڕی ئەو پارەیەی بانکی ناوەندیی عێراق وەک دۆلار لە 2024دا بە دەرەوە و نێوخۆی فرۆشتووە، گەیشتووەتە سەرووی 62 ملیار دۆلار، واتە بە قەبارەی ئەم بڕە، دیناری وەرگرتووەتەوە، کە بە تێکڕاش بۆ ئەو ساڵە دەکاتە نزیکەی 80.6 تریلیۆن دینار. لەلایەکی دیکەشەوە بڕی ئەو پارەیەی وەک داهاتی نانەوتی لە باج و رسومات و دەروازەکانەوە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024، گەیشتووەتە 14.3 تریلیۆن دینار، کەواتە هەردووکیان پێکەوە نزیکەی 95 تریلیۆن دینار دەکات، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، کۆی خەرجییەکانی عێراق گەیشتووەتە 122 تریلیۆن دینار، واتە هێشتا دوو مانگی خەرجی ساڵ ماوە، بەڵام دیناری بەدەستهاتوو لە داهاتی دۆلارەوە کە لە نەوتەوە دێت کۆتایی پێ هاتووە.
ئەمەش لەکاتێکدا روویداوە بەپێی راپۆرتەکانی بانکی ناوەندی، لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، هێندەی 2024 دۆلار بە کاش و حەواڵە نەخراوەتەڕوو، کە بڕەکەی بەڕێژەی 34% لە ساڵی رابردوو زیاترە و بەم رێژەیەش بڕی دینار بۆ قاسەکەی بانکی ناوەندی و دواتر وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە، ئەی بۆچی باس لە نەبوونی پارەی کاش دەکەن بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ی هەندێک لە دامەزراوەکان لە بەغدا و پشکی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؟
بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داهات و خەرجییەکان لە 9 مانگی یەکەمی 2024، کۆی خەرجییەکان 94.5 تریلیۆن دینار بووە، کە 85 تریلیۆن دیناری خەرجیی بەکارخستن و 9.5 تریلیۆن دیناریشی خەرجیی وەبەرهێنان بووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی مانگی 10ی وەزارەتی دارایی، کۆی خەرجییەکان بەرزبووەتەوە بۆ 122.7 تریلیۆن دینار، کە خەرجیی بەکارخستن گەیشتووەتە 100.6 تریلیۆن و خەرجیی وەبەرهێنانیش گەیشتووەتە 22 تریلیۆن دینار. ئەگەریش بگەڕێینەوە بۆ مانگەکانی پێشووتر، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کە خەرجییەکان، مانگانە لەنێوان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە. بۆ نموونە لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو مانگی تەممووز کۆی خەرجییەکان 73 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی ئابدا بووەتە 83 تریلیۆن دینار و لە ئەیلوولیشدا گەیشتووەتە 94 تریلیۆن دینار، واتە مانگانە خەرجییەکان 10 بۆ 11 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە مانگی 10دا خەرجییەکان دەگاتە 28.2 تریلیۆن دینار و کۆی گشتیشی لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، 122 تریلیۆن دینار بووە. واتە لەو مانگەدا لەجیاتی 11 تریلیۆن دیناری مانگانە 28.2 تریلیۆن دینار خەرجکراوە، کە بەهۆی هەردوو جۆری خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنانیشەوە بووە. بەشێوەیەک خەرجی بەکارخستن کە مانگانە 9 بۆ 10 تریلیۆن دینار بووە، لە مانگی 10ی 2024 گەیشتە 15.6 تریلیۆن و خەرجیی وەبەرهێنان مانگانە 1 تریلیۆن بووە، لەو مانگەدا گەیشتە 12.6 تریلیۆن دینار.
ئێستا بەهۆی خەرجییەکانی مانگی 10وەیە نەختینەی کاش لەبەردەست وەزارەتی دارایی نییە، بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی کۆتایی 2024، چونکە ئەو خەرجییە زۆرەی لە یەک مانگدا کراوە سێ هێندە بووە. هەروەها لەڕووی داهاتەوە، لەو 10 مانگەدا کۆی داهاتەکان زیاتر بووە لە خەرجییەکان، بەڵام نەتوانراوە کۆی داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو بکرێت بە دیناری عێراقی، یان راییکردنی پێداویستییە نیوخۆییەکان بە دۆلار بێت بەهۆی بڕیارەکانی حکومەتەوە، کە دەبێت لەنیوخۆدا هەموو مامەڵەکان بە دینار بێت و هەموو مامەڵە دەرەکییەکانیش بە دۆلار و لەڕێگەی حەواڵەوە بێت.
وەکو لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، خەرجییەکان لە مانگی 10دا بەشێوەیەک زیادیکردووە کۆی ئەو دینارەی بە خستنەڕووی دۆلار بۆ دەرەوە و نێوخۆ بەدەستهاتووە، لەگەڵ داهاتی نانەوتی نێوخۆ لە قەرەی نەیەت، کە 28 تریلیۆن دینار بووە و نزیکەی 18 تریلیۆن دیناری زیاتر بووە لە خەرجی مانگەکانی پێشووتری. هەروەها دیاریش نییە وەزارەتی دارایی چۆن خەرجییەکانی ئەم کۆتاییەی ساڵ پڕ دەکاتەوە، چونکە رێژەی 95%ی کۆی پارەی چاپکراوی عێراق لە دەرەوەی بانکەکان بڕەکەی 95.5 تریلیۆن دینارە، لەکۆی 101.3 تریلیۆن دینار تاوەکو کۆتایی تشرینی دووەمی 2024.
لەڕاستیدا ئەوەی لێرەوە بەدیاردەکەوێت لاوازیی سیستمی دارایی و نەبوونی سیاسەتی خەرجی و داهاتە لە عێراق، چونکە هێشتا وەزارەتی دارایی رێژەی 60%ی بودجەکەی بۆی دانراوە خەرجنەکردووە، ئاوا کێشەی بۆ دروستبووە، ئەگەر بودجەکە وەک خۆی جێبەجێکرایە ئەو کات لە نیوەی ساڵەوە کێشەی نەختینە دروستدەبوو، نەوەکو کۆتایی ساڵ.
لە کۆتاییدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە؟ بەڵێ راستە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، بەڵام بەهۆی کەمیی داهاتی نەوت و کەمیی نرخی نەوت یاخود نەبوونی پارە و نەخستنەڕووی دۆلارەوە نییە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتی ئابووریی خەرجی دەوڵەتەوەیە، کە لە یەک مانگدا خەرجییەکان بەڕیژەی نزیکەی 300% هێندە زیادی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ