ئەو وانانەی کە پێویستە سووریا لە عێراقەوە فێریان ببێت

29-12-2024
A+ A-
 
چەند رۆژێک دوای کۆتایهاتنی زیاتر لە 50 ساڵ دەسەڵاتی زۆرداری بنەماڵەی ئەسەد، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریام کرد. لە عێراق، شاهیدی رووخاندنی رژێمی سەدام بووم لەلایەن ئەمریکاوە و وەک رۆژنامەنووس، ئەو کارەساتە خوێناوییانەم بینی و رووماڵکرد کە دواتر روویاندا. ئێستا کە سەیری رابردوو دەکەین، زۆر شت هەیە عێراقییەکان پەشیمانن لێی. ئەگەر بکرایە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2003، بەو ئەزموونەی ئێستا عێراقییەکان هەیانە، دڵنیام دوو شتیان باشتر جێبەجێ دەکرد. سووریا ئەمڕۆ لە هەمان دۆخدایە و باشە لە دراوسێ دەوڵەمەندە، فرە-نەتەوەکەیەوە پەند وەربگرێت.
 
پێش ئەوەی باسی ئەو وانانە بکەم، گرنگە بزانین کە عێراق و سووریا خاڵی هاوبەشیان زۆرە و دوو کەیسی باشن بۆ خوێندکارانی زانستی سیاسەتی بەراوردکاری. سنوورێکی درێژیان هەیە کە نزیکەی 600 کیلۆمەتر، هەردوو وڵات خاوەن نەتەوە و ئایینی جیاوازن: شیعە (عەلەوی)، سوننە، کورد، مەسیحی و چەندین پێکهاتەی بچووکتر. لە هەردوو وڵاتدا، کورد دووەم گەورەترین نەتەوەیە. هەردوو وڵات خاوەنی مێژوویەکی کۆنن و هەزاران ساڵە شارستانیەت تیایاندا بەردەوامە.
 
لە مێژووی نوێشدا، حیزبی بەعس هەردوو وڵاتی بەڕێوەبردووە. بەعس بیرۆکەیەکی عەرەبی بوو کە میشێل عەفلەق، مەسیحییەکی سووری لە چلەکانی سەدەی رابردوو دایهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم. لە هەردوو وڵاتدا، ئەم بیرۆکەیە کە کۆمەڵگە فرە-رەنگەکانی ناوچەکەی تەنیا وەکو کۆمەڵگەی عەرەبی دەبینی، بە زەبری هێز بەسەر خەڵکدا سەپێنرا. لە سەردەمی سەدام حوسێندا، رۆژانە لە رادیۆ و تەلەڤزیۆن و لەسەر دیوار و تەنانەت لەسەر شاخەکانیش ئەم درووشمەمان دەبیست و دەبینی: "یەک نەتەوەی عەرەبی، خاوەن پەیامێکی هەتاهەتایی." (أمة العربية واحدة، ذات الرسالة الخالدة).
 
وانەی یەکەم: بەعس ریشەکێش مەکە
 
سەرەڕای سرووشتی ناگشتگیری و ناپراکتیکیی ئایدیۆلۆژیای حیزبی بەعس کە بۆ چەوساندنەوەی خەڵک بەکاردەهێنرا، سوورییەکان نابێت هەمان هەڵەی عێراقییەکان دووبارە بکەنەوە کە دوای شەڕی 2003 کردیان. دی-بەعسیفیکەیشن ناوە ئینگلیزییەکەی ئەو سیاسەتە بوو کە پۆڵ برێمەر پێش رادەستکردنی دەسەڵات بە عێراقییەکان دایڕشت. کاتێک زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر لە ماڵەکەی لە پێنسلڤانیا چاوم پێی کەوت، برێمەر روونی کردەوە کە شیعە و کورد، وەکو قوربانیی سەرەکیی سیاسەتەکانی بەعس زۆر پێداگرییان لەسەر ئەو سیاسەتە کردبوو. بۆ نموونە گوتی، کورد هەڕەشەی سەربەخۆییان کردبوو ئەگەر وڵاتەکە لە بەعس پاکنەکرێتەوە، شیعەکانیش هەمان هەڵوێستی تووندیان هەبوو. ئەمەش جێی تێگەیشتنە، چونکە شیعەکان 60٪ و کورد 17٪ـی دانیشتووانیان پێکدەهێنا و چەندین کۆمەڵکوژییان بەدەست بەعسەوە چەشتبوو. سەدام چەکی کیمیاوی دژی کورد بەکارهێنا لەپێناو دروستکردنی دەوڵەتێکی تەنیا عەرەبی کە دانی بە ناسنامەی کوردیدا نەدەنا.
 
دەستەواژەی "دی-بەعسیفیکەیشن" ئەگەر وەرگێڕانێکی دەقاودەقی کوردی بۆ بکەین دەبێت بە "نابەعسیکردن." بەڵام لە عێراق، بە عەرەبی بە "اجتثاث" و بە کوردی بۆ "ریشەکێشکردن" وەرگێڕدرا. لە راستیدا، ئەوەی عێراقییەکان جێبەجێیان کرد دروست وەرگێڕانە کوردی و عەرەبییەکەی بوون نەک واتا ئینگلیزییەکەی کە زۆر نەرمترە. هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتیان هەڵوەشاندەوە، لەوانە سوپا، پۆلیس و وەزارەتەکان و هەموو ئەوانەیان دەرکرد کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا پۆستیان هەبوو. ملیۆنان کەس بێکار کران. خەڵکی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ تەنیا لەبەرئەوەی فۆڕمی پشتگیریی بەعسیان واژۆ کردبوو لە کاتێکدا بژارەیەکی مەعقولی دیکەیان پێنەدرابوو، نێردرانەوە ماڵەوە. ئەنجامەکەی: زۆربەی ئەم فەرمانبەرە بێهیوابووانە پەیوەندییان بە گرووپە تووندڕەوە سوننەکانەوە کرد بۆ گێڕانەوەی ئەوەی پێیان وابوو مافی خۆیانە. ئیدی هەمووان چیرۆکەکە دەزانن کە پاشان چی روویدا و عێراق چۆن کەوتە دۆخێکی پڕ تووندوتیژی و ناسەقامگیرییەوە.
 
لە سووریا، هەندێک لێدوانی سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری، ئەحمەد شەرع، کە زیاتر ئەبو محەممەد جولانی ناسراوە، هیوابەخش بوون کاتێک گوتی سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە پەیڕەوناکات، بەتایبەت بەرامبەر بە عەلەوییەکان، مەزهەبی بنەماڵەی ئەسەد. ئێستا وادیارە زۆربەی فەرمانبەرە حکومییەکان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا، ڤیدیۆی ترسناک بڵاوبوونەتەوە کە پێشانی دەدەن چەکداران هێرش، ئەشکەنجە و کوشتن دژی عەلەوییەکان لە شارە کەناراوییەکانی لازقیە و تەرتوس ئەنجامدەدەن کە عەلەوییەکان لەو ناوچانە زۆرینەن. ئەمە دەبێت رابگیرێت.
 
ئەگەر کەسانێک هەن، جا لە هەر نەتەوە و ئایینێک بن، کە تاوانیان بۆ رژێمی ئەسەد ئەنجام داوە، دەبێت لە دادگەی شەفافدا دادگایی بکرێن. نابێت بکەونە بەر دادگای شەقام. هەروەها ئەوانەی وەکو ئەو چەکدارەی کە پێ دەچوو سەر بە هەیئەی تەحریر شام (هەتەشە) بێت کە ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و داوای لەناوبردنی کورد و عەلەوی دەکات و بە "بەراز" ناویان دەبات، دەبێت بە ئاشکرا سەرکۆنە بکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
سەرکردەکانی سووریای نوێ دەبێت پەیامێکی روون بدەن کە هیچ کەسێکی بێتاوان لەژێر دەسەڵاتیاندا پێویست ناکات بترسێت. تەنانەت ئەوانەش کە تۆمەتبارن دادگاییەکی دادپەروەرانە بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدات. ئەمە تاکە رێگەیە بۆ دروستکردنی سووریایەکی یەکگرتوو کە هەموو کەس هەستبکات بەشێکە لێی. ئەگینا چارەنووسی سووریا روونە: بە هەمان رێگا خوێناوییەکەی عێراقی دوای سەدام دا دەڕوات.
 
لە وڵاتێکی فرە رەنگی وەک سووریا، ئاسانە دەوڵەتانی دەرەکی وەک تورکیا و ئێران دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی تەسکی خۆیان بقۆزنەوە و کۆمەکی دارایی و سەربازیی لایەنە جیاوازەکان بکەن. لە راستیدا، ئێستا هەوڵی ئەو کارە دەدەن. سوورییەکان دەبێت زیرەک بن و نەکەونە داوی ئەم پیلانەوە. تەنیا رێگە بۆ رێگری لەمە، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرە کە هەموو کەس بەشدار بێت تێیدا. هەرچەندە دەبێت ئایدیۆلۆژیای حیزبی بەعس وەک بیرۆکەیەکی تاکڕەوانە رەت بکرێتەوە، بەڵام دەبێت لێبوردن بۆ پەیڕەوانی دەربکرێت و رێگەیان پێبدرێت بەشداری لە دروستکردنی سووریای نوێدا بکەن. ئەو بیرۆکانەی ئەمڕۆ سەرکوت دەکرێن، بەیانی بەکرداری تووندوتیژی خۆیان بەرجەستە دەکەن.
 
وانەی دووەم: نامەرکەزی. نامەرکەزی. نامەرکەزی.
 
ناتوانم بەتەواوی جەخت لەسەر گرنگیی ئەمە بکەمەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەچەشنی وەک سووریا. بەڵگە زۆرە کە ئایدیۆلۆژیا تاکڕەوەکان وەک بەعسیزم و کەمالیزم سەرکەوتوو نین. ناتوانیت ناسنامەی زمانی، کولتووری و ئایینی خەڵکی سەرکوت بکەیت. ئەمانە بەشێکی دانەبڕاون لە کەسایەتیی تاک. تەنیا مۆدێلی سەرکەوتووی حوکمڕانی بۆ فەراهەمکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە جیهاندا نامەرکەزییەتە.
 
لە عێراق، سەدام حوسێن هەوڵی دا بۆ دەیان ساڵ کورد ناچار بکات لەژێر حکومەتێکی ناوەندیدا بژی کە هەموو بڕیارەکان لە بەغدا دەدران، چی بەدەست هێنا؟ کوردستان یەکەم ناوچە بوو کە لە 1991 کۆنترۆڵی بەسەریدا لەدەست دا. دوای 2003، سەرکردەکانی وەک نووری مالیکی هەوڵیان دا ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد لەژێر سیستەمی فیدراڵیدا هەیبوو، لاواز بکەن، بە نەدانی بەشە داهاتی نەوتی هەرێمەکە، بەڵام ئەویش زۆر سەرکەوتوو نەبوو. ئەم سیاسەتانە هیچ بژاردەیەکیان بۆ کورد نەهێشتەوە جگە لە ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە 2017. هەرچەندە بڕیاریان دا سەربەخۆیی رانەگەیێنن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە رۆژێک جیانەبنەوە ئەگەر بەتەواوی هەست بە پەراوێزخستن و نائومێدی بکەن.
 
تورکیا هەمیشە ویستوویەتی تەنیا لە رێگەی سەربازییەوە پرسی کورد چارەسەر بکات. کوردی تورکیا کە تەنیا داوای رادەیەک خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی تورکیایەکی یەکگرتوودا دەکەن، بۆ دەیان ساڵە سەرکوت دەکرێن. دەیان هەزار کەس کوژراون، ملیارەها دۆلاری دەوڵەت بە فیڕۆچووە و هیچ کەسێکی ژیر باوەڕی نییە کێشەی کورد هەرگیز بە رێگەی سەربازی چارەسەر دەکرێت. ئێستا، سەرکردەکانی تورکیا، تەنانەت نەتەوەپەرستە تووندڕەوەکانیش، هەوڵی دانوستانی ئاشتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەدەن کە دەیان ساڵە بە تۆمەتی تیرۆریزم لە زیندانی تاکەکەسیدایە. لە کۆتاییدا، وادیارە تورک تێگەیشتووە کە چارەسەری راستەقینەی پرسی کورد مامەڵەکردنە لەگەڵ 15 ملیۆن کورد وەک هاووڵاتیی پلە یەک، رێگەدان بە قسەکردن و خوێندن بە زمانی دایکیان و هەبوونی نوێنەرایەتیی سیاسی بەبێ داخرانی پارتە سیاسییەکانیان. (هیوادارم نیەتیان بۆ ئاشتی و دیالۆگ ئەمجارە راست بێت.)
 
خەیاڵی ئەم سینایۆریە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکە: چی روودەدات ئەگەر سیستمی فیدراڵی هەڵبوەشێنیتەوە؟ گومانی تێدا نییە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی ناوخۆیی کە وڵات هەرگیز شتی وای نەدیبێت. هەروەها کردەییترە، دانی دەسەڵات بە حکومەتە لۆکاڵییەکان، دەوڵەت لە رووخان دەپارێزێت، چونکە خەڵک گلەییەکانیان ئاراستەی نوێنەرە لۆکاڵییەکانیان دەکەن بۆ ئەو کێشانەی کە بەشێک نین لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی. سیستمێکی راستەقینەی نامەرکەزی جێبەجێ بکەن بۆ سووریا، لەسەر ئاستی هەرێمی، پارێزگا و تەنانەت شارەوانییەکانیش. تا زیاتر دەسەڵات دابەش بکەیت، کۆمەڵگە فرەچەشنەکان ئاسانتر بەڕێوەدەچن. ئەمە سرووشتی مرۆڤە: خەڵک زیاتر متمانە بەوانە دەکەن کە لێیانەوە نزیکترن، چ لە رووی نەتەوەیی، سیاسی، یان ئایینییەوە. لە ناوچەکەماندا، ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی هێشتا لە بەهێزترین پاڵنەرەکانی دابەشبوون و یەکگرتنن.
 
سووریای مۆدێرن، لە دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە 1946، زۆربەی کات لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکاندا بووە کە سیاسەتی ناوەندی سەپاندووە و فرەچەشنی وڵاتیان پشتگوێ خستووە. بەم کارەش سووریبوونی وەکو ناسنامەیەکی کۆکەرەوەی هەمووان، لاوازکردووە، هەروەک چۆن "عێراقیبوون" بۆ هەمووان نییە لە عێراق دا. دوای ئەوەی ئیتاڵیا بوو بە دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەربەخۆ لە 1861، ماسیمۆ دازێلیۆ، سیاسەتڤان و رۆماننووسی ناسیۆنالیست، لە گوتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت: "ئیتاڵیامان دروست کرد. ئێستا دەبێت ئیتاڵییەکان دروست بکەین." دوای 50 ساڵ، سووریا سەرەنجام ئازاد بوو، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەمی دەسەڵاتی نوێ، دروستکردنی سوورییەکانە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ ئەحمەد

پلان (B)ـی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان

پرسی کورد، یاخود ئەو قەوارە سیاسییەی کە هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بونیاتیان ناوە، ئێستا لەبەردەم قۆناخێکی سەخت دایە، قۆناخی مان و نەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا دەرفەتی زۆر هەن، هێشتا ئیسرائیل دڵنیا نییە لە هەژموونی تورکیا لە سووریا، بە جۆرێک ئەستەمە باوەڕبکات کە وڵاتێکی زۆرینە عەرەبی سوننەی ئایینی لە سووریا، داواجار پشتگیری حەماس ناکات لە ئایندەدا. ماقوڵ نییە رێکخراواێکی سیاسی لە ئەلقاعیدە و داعش و نووسرە لە دایک بووبێت، دژی ئیسرائیل نەبێت! ئێستا ئیسرائیل جگە لە کارتی کورد کارتێکی دیکەی بە دەستەوە نییە دژی ئەردۆغان و سووریای تەحریر شام، بۆیە هێشتا کات ماوە بۆ رۆژئاوای کوردستان