لە کاتێکدا تورکیا هێشتا چاوی لە ئیمراڵییە بۆ هەنگاوێک بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی کرانەوەی بەرامبەر کورد، کە تائێستا شەقامی تورکیا و سیاسەتمەدارانیشی تەواو لێی حاڵی نین، رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا وایان کردووە؛ تورکیا دەستی بەرامبەر پەکەکە و دۆزی کورد لە تورکیا، بەهێزتر ببێت و ئێستا تورکیا لەپاڵ پەیامی ئیمراڵی، کارتێکی دیکەی فشاری لەبەردەستە، ئەویش بێ هێزبوونی کوردە لە رۆژئاڤا. ئەمجارەیان جیاواز لەپێشوو، تورکیا ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان دادەڕێژێت و ئامانجی فراوانتری هەیە؛ جگە لە پەکەکە، رۆژئاڤاش دەکاتە ئامانج.
سەردانێک بۆ ئیمراڵی و داڕشتنی نێوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان
دوای پەیامەکانی دەوڵەت باخچەلی و ئۆکەی ئەردۆغان، دەم پارتی داوایەکی ئاراستەی وەزارەتی داد کردووە بۆ بینینی ئۆجەلان لە ئیمراڵی. داواکەی دەم پارتی قبووڵ کراوە و بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی بکات. لەسەرەتاوە بریاردراوە هاوسەرۆکەکانی دەم پارتی رەوانەی ئیمراڵی نەکرێن بۆ دانیشتن لەگەڵ ئۆجەلان، چونکە بە بۆچوونی هاوپەیمانیی کۆمار، هاوسەرۆکانی دەم پارتی هێندە متمانەیان بە هەنگاوەکانی باخچەلی و تورکیا نییە و، هێشتا لەژێر کاریگەریی فەرمانی قەندیلیش دەرنەچوون. هاوسەرۆکانی دەم پارتی پێشتر چەند جارێک داوای بینینی ئۆجەلانیان کردووە، بەڵام داواکەی دەم پارتی بریتی بوو لەوەی تەواوی ئەندام پەرلەمانانی دەم پارتی بچنە ئیمراڵی، بەڵام ئەمە بۆ وەزارەتی داد کارێکی پراکتیکی نییە. ئێستا وەزارەتی داد تەنها رێگەی داوە شاندێک لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکبێت، کە سەردانی ئیمراڵی بکەن. هەردووکیان ئەندام پەرلەمانی دەم پارتین و خاوەن ئەزموونی رابردوون لە دانیشتن و دانوستاندنەکانی نێوان دەوڵەت و ئیمراڵی دا لەماوەی رابردوو. بەپێی زانیاریی پشتی پەردەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هۆکاری دواکەوتنی ئەو سەردانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ تورکیا دەیەوێت سەردانێکی کاریگەر بێت و شاندەکە بە دەستبەتاڵی نەگەڕێتەوە. ئەوەی تورکیا دەیەوێت فۆرمێک لە پەیامەکەی ئۆجەلان دا هەبێت، کە لە چاوەڕوانیی تورکیا دا بێت. ئەوەش رەنگە نەخشەڕێگەیەک بێت، یان ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان بێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پشت پەردە لە سەرۆکایەتیی کۆمار، لایەنێکی دیکە گرنگ هەیە ئەویش پرسی کوردە لە سووریا. تورکیا چاوەڕێی ئەوەیە پەیامەکەی ئۆجەلان رووی لە یەپەگە و هەسەدەش بێت. بۆ ئەوەش ئۆجەلان داوای کاتی لە تورکیا کردووە. لەو ماوەیەش دا پێدەچێت هەواڵگری تورکیا لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ ئۆجەلان و چەند ناوێک لە رۆژئاڤا. چاوەڕوانییەکی دیکە لە دیداری ئیمراڵی ئەوجارەیان دوای داڕشتنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان، راستەخۆ پەیامەکە لەڕێگەی شاندەکەوە بخوێندرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا لەماوەی رابردوو دا هەر پەیامێکی ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی (یان هەدەپەی پێشوو) درابێت، سەرەتا لەلایەن وەزارەتی داد، دواتر دەستەی تایبەت لە هەواڵگری و سەرۆکایەتیی کۆماردا پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکەکەیدا کراوە، پاشان رەزامەندییان دەدا و رادەستی شاندەکە دەکرا، ئەوانیش بۆ قەندیل یان رێکخسنتەکانی پەکەکە لە ئەورووپا یان بۆ مەیدانی سیاسی لە تورکیا، دەیانگواستەوە. بەڵام ئەمجارەیان چونکە دەوڵەت دەیەوێت لەسەرەتاوە ناوەڕۆکەکە دابڕێژێت، نایەوێت بڵاوکردنەوەی دوابخرێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت شاندەکە زوو پەیامەکەی ئۆجەلان بڵاوبکاتەوە.
هەر بەپێی زانیاری و بۆچوونی پشت پەردە لەسەر ئاستی باڵای تورکیا، ئەو ناوەڕۆکەی تورکیا ئامادەی کردووە کە ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان، چەند خاڵێکی تێدایە، لەوانە: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوای کۆنگرەی نائاسایی بکات و بڕیاری هەڵوەشانەوەی خۆی بدات. هەروەها کشانەوەی 'چەکدارانی بیانی' لەنێو یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ دەرەوەی سووریا. مەبەست لێرەدا ئەو چەکدارانەی پەکەکەن کە لە تورکیا، عێراق، ئێران و وڵاتانی دیکەوە لە رێگەی پەکەکەوە چوونەتە رۆژئاڤا و ئێستا لەریزەکانی یەپەگەدان. پێشتر ئەمریکاش لیستێکی رادەستی یەپەگە کردووە، کە ئەو چەکدارە بیانیانە لە ریزەکانی دەربکات. ژمارەیان دیار نییە بەڵام هەواڵگریی تورکیا دەڵێت ژمارەی تەواوی ئەو چەکدارانەیان لایە کە پەکەکەن و ئێستا لەڕیزی یەپەگەدان. هەروەها تورکیا دەیەوێت لەرێگەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵێت 'دەبێت پابەندی حکومەتی نوێی سووریا بن لە رووی پێکهاتەوە و لە رووی سەربازیشەوە بچنەوە ژێر باڵی دیمەشق. هەروەک چۆن ئێستا حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع داوای یەک سوپا بۆ سووریا دەکات و داوا دەکات سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان لەژێر وەزارەتی بەرگریی سووریا کۆبکاتەوە. تورکیا نایەوێت لایەنێکی دیکەی چەکداری سەربەخۆ لەنێو سووریادا هەبێت وەکو یەپەگە یان هەسەدە، دەیەوێت لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشق بن. سەردانەکەی ئیمراڵی لەکاتێکدایە تورکیا و سوپای نیشتیمانیی سووریا (پاڵپشتیکراوی تورکیا) لەئامادەکارییەکی چڕن بۆ ئۆپەراسیۆن؛ ئێستا بۆ سەر کۆبانێ و لە داهاتووشدا بۆ سەر قامشلۆ. ئەگەرچی پێشنیازی ئەوە کراوە؛ ئەو دوو شارە کە راستەوخۆ هاوسنووری تورکیان، بکەونە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتی، هەسەدەش ئامادەیە بۆ رێگریکردن لەو ئۆپەراسیۆنە بکشێتەوە، بەڵام تورکیا لەوە زیاتری دەوێت؛ هەسەدە هەڵبووەشێتەوە، یان بچنە ژێر باری دیمەشقەوە.
ئۆجەلان کاریگەریی بەسەر تەواوی قەندیل دا نییە
قەندیل دەڵێت هێشتا دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرامبەر قەندیل نەبووە بۆ ئاشتی، بەڵام قەندیل لەو پرۆسەیەی ئێستا موخاتەبی راستەوخۆ نییە. تورکیا لەڕێگەی ئۆجەلانەوە پەیام بۆ قەندیل دەنێرێت. ئەو پەیامەی تورکیا چاوەڕێی دەکات لە ئۆجەلان لەو بڕوایەدانیم بتوانێت هێندە کاریگەریی لەسەر قەندیل هەبێت. ئۆجەلان تاوەکو ساڵی 2004 رێبەری ئایدیۆلۆژی و پراکتیکیی پەکەکە بوو، بەڵام ئێستا تەنها رێبەرێکی ئایدیۆلۆژیە، لایەنی پراکتیکی لەدەست قەندیلە. قەندیل لەسەر داوای ئۆجەلان چەک دانانێت. پەکەکەش بە قسەی ئۆجەلان هەڵناوەشێتەوە. بەڵام دەکرێت پەیامەکەی ئۆجەلان ملاملنێکانی نێو سەرکردایەتیی پەکەکە و قەندیل قووڵتر بکاتەوە. تورکیا رژدە لەسەر نەمانی پەکەکە. رووداوەکانی ئەو دواییەی سووریا، کوردی لە رۆژئاوا لاوازکردووە، بەبۆچوونی تورکیا ئەمە کاتێکی باشە بۆ فشارخستنە سەر پەکەکە. قەندیل تائێستاش پشتی بە رۆژئاڤا بەهێز بوو، بۆ پەکەکە رۆژئاڤا لانکەیەکی دیکەیە، بەڵام ئەو هەلومەرجەی ئێستای سووریا و لاوازیی رۆژئاڤا لە بەرژەوەندیی تورکیایە. لە داهاتوویێکی نزیکدا رۆژئاڤا بۆ رزگارکردنی چارەنووسی داهاتووی، خۆی لە پەکەکە دادەماڵێت، ئەمەش وا دەکات جگە لە قەندیل، هیچ پەناگەیەکی دیکە بۆ پەکەکە نەمێنێتەوە.
ئۆجەلان، بە بەهاترین زیندانیکراوی تورکیایە
ئۆجەلان نزیکەی 25 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵییە لە دوورگەی ئیمراڵی. ئەو زیندانەی خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لە تورکیا و لەوەتەی ئۆجەلان رەوانەی ئەو زیندانە کراوە، تەواوی زیندانەکە بۆ ئۆجەلان تەرخان کراوە. ئەو دوورگەیە کراوەتە ناوچەیەکی سەربازی، تەنانەت ئاسمانیشی بەڕووی فڕۆکە دا داخراوە. جگە لە ستافی ئەمنی و سەربازیش، ستافێکی تەندروستیی تایبەتیش بۆ ئۆجەلان لەو دوورگەیەن کە لە نزیکەوە چاودێریی تەندروستیی دەکەن. تەنانەت ئەگەر ئۆجەلان کۆکەیەکی ئاساییشی هەبێت، تیمە تەندروستییەکان و دکتۆرەکەی ئۆجەلان زوو چارەسەری دەکەن. هەندێ کاتیش لە دەرەوەی دوورگەی ئیمراڵی و لەسەر راسپاردەی دەوڵەت، پزیشکی پسپۆڕ بەیاوەریی کارمەندی هەواڵگری رەوانەی ئیمراڵی دەکرێن بۆ ئۆجەلان. بەهۆی ئۆجەلانیشەوە ئازووقەی ئیمراڵی لە ئازووقەی زیندانەکانی دیکەی تورکیا باشترە و خواردن و خواردنەوەی باشتری تێدایە. سەردانیکردنی ئیمراڵی هێندە ئاسان نییە. پێویستی بە رەزامەندیی وەزیری دادی تورکیا و رەزامەندیی ئەردۆغانی سەرۆککۆمار هەیە. هەر شاندێک سەردانی ئیمراڵی بکات، پێشوەختە پشکینی تەندروستی بۆ ئەندامەکانی دەکرێت، تاوەکو دڵنیابن لەوەی تەندروستییان لەبارە و هەڵگری هیچ ڤایرۆس یان نەخۆشییەک نین، نەوەک ئۆجەلان تووشی نەخۆشی ببێت. جگە لەوەش تیمی تایبەت بە بەلەم و هەلیکۆپتەر لە ئامادەباشیدان لەو دوورگەیە کە لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا ئۆجەلان بگوازنەوە، چونکە کێشەی تەندروستی ئۆجەلان، کێشەی تەندروستی دەوڵەتە.
ئۆجەلان بۆ تورکیا گرنگە و دەبێت لە رەوشێکی باشدا چاودێریی بکرێت لە زیندان. تورکیا کە چەند ساڵە بەباشی خزمەتی ئۆجەلانی کردووە بۆ ئەوی جار جارە پەیام و بانگەشەکانی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی تورکیا بکات. ئێستاش جیاواز لە پێشتر چاوی لەوەیە بە بەردێک چەند چۆلەکەیەک بە ئۆجەلان بکوژێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ