ئەمەى لە سووریا روویدا تەواوى سیناریۆیەکە نییە، رووخانى بەعس و دوورخستنەوەى بنەماڵەى ئەسەد دواى 50 ساڵ لە حوکمڕانى، بەشێکى رووداوە گەورەکەیە، بەڵام بەشى گرنگتر لەوە؛ هاوکێشەکانى داهاتووی سووریایە. واتا کەوتنى ئەسەد کۆتایى چیرۆکەکە نییە، بەڵکو دەستپێکە بۆ چیرۆکێکى درێژتر.
سووریا، لەنێو هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەشێک بوو لە جەمسەرى رووسیا، لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکانیشدا سەر بە بەرەى ئێران بوو. ئەمەى روویدا پێش هەر شتێک دەرهێنانى سووریا بوو لە دەستى رووسیا و دوورخستنەوەى بوو لە ئێران؛ بەڵام کێ کردى؟ هێشتا دیار نییە.
بۆ داهاتوو، هیچ گەرەنتی و هیوایەک نییە شوێنگرەوەکەى ئەسەد، بۆ گەلانى سووریا لە بنەماڵەى ئەسەد باشتر بێت، ئەگەر سەردەمى تاریکتر لە دەسەڵاتى ستەمکاری و دیکتاتۆریانەى ئەسەد نەیەتەئاراوە، لە باشترین حاڵەتدا رەنگە هەر وەک دەسەڵاتى ئەسەد بێت، بەڵام لە بەرگ و لەژێر ناو و ناسنامەیەکى جیاوازدا. واتا مەرج نییە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى لە سووریا روویدا، بۆ داهاتوو دەرگای ژیانێکى باشتر بەڕووی هاووڵاتییانى سووریادا بکاتەوە. بەپێچەوانەوە چاوەڕوانییەکان بۆ خراپتربوونى دۆخى سووریا زیاترن وەک لەوەى ببێتە شامى شەریف. ئەویش لەلایەک بەهۆى ئەزموونى رووخاندنى بەشێک لەو وڵاتانەى لە دوو دەیەى رابردوو دا لەناوچەکە رووخێندران، بەدیلەکانیان باشتر نەبوون لەو ستەمکارانەى پێشووتر، لەلایەکى دیکەشەوە بەدیاریکراوی ئەو گرووپانەى ئێستا لە سووریا هێنراونەتە سەر حوکم، رەفتار و کردارى رابردوویان، پاشخانى بیر و باوەڕیان، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە داهاتووى سووریا سەردەمێکى تاریکتر دەبێت، چونکە ئەمانە گرووپیگەلی ژیاندۆست نین، پرۆژەیەکیان بۆ بەختەوەریی مرۆڤ نییە. بڕوایان بە ئازادى، دیموکراسى، مافى مرۆڤ، دادپەروەرى و یەکسانیی نێوان رەگەز و چین و توێژ و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان نییە. تواناى قبووڵکردنى جیاوازییان نییە و لەڕوویى ستراتیژییەوە دەیانەوێت هەموو جیاوازییەکان لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە. بۆیە ناتوانرێت وێناى دواڕۆژێکى ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا بکرێت.
ئەمە وەک راستییەک هەموو وڵاتانى دونیا و ناوەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکانیش دەیزانن، بەڵام بۆ لەبرى ئەمان بیریان لەوە نەکردەوە دەسەڵاتێکى مەدەنیی دیموکراتخواز شوێنى ئەسەد بگرێتەوە، ئەمەیان مەگەر هەر خۆیان و خوا بیزانێت. کێ ئەندازیار و داڕێژەرى سیناریۆى ئەم چیرۆکە تازەیەى سووریا بوو، یاخود لەبەرانبەر چ شتێکى دیکەدا مساوەمە بە سووریا کرا؟ رەنگە وەک مەتەڵێکى گران، دۆزینەوەى وەڵامەکەى ئاسان نەبێت؛ بەڵام روونە بەرگرینەکردنى سوپاى سووریا، پشتتێکردنى رووسیا و بەخێرایى کشانەوەى سوپا پێنج هەزار چەکدارییەکەى ئێران و بەتەنیا جێهێشتنى ئەسەد، بەهۆى هێرش و پەلامارەکانى هەتەشەوە نییە. لەپشتى ئەم دیمەنە رووکەشەوە، چ هاوکێشەیەکى دیکەى نێودەوڵەتى و هەرێمایەتى دەگوزەرێت؟ ئەشێ وەکو زۆر رووداوى دیکەى جیهان، لە داهاتووى دووردا نهێنییەکانى ئاشکرابن.
کورد گوتەنى ئەوەى وەک مانگى 14 دەدرەوشێتەوە ئەوەیە؛ لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا چۆن پێشتر سووریا پایتەختى دووەمى ئێران بوو، بۆ داهاتووش دیمەشق دەبێتە ئەنقەرەى دووەم. لە هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکانیشدا دەکەوێتە جەمسەرى رۆژئاواوە. تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتدارەکانى هاوشێوەى تاڵیبان و داعشیش رەفتار بکەن.
پرسیارى گرنگ لێرەدا بۆ ئێمە ئەوەیە؛ کورد لە سووریا دەکەوێتە کوێى ئەم هاوکێشە تازەیەوە؟ کوردیش وەک وابەستەیەکى بەرەى رۆژئاوا وێنا دەکرێت؟ بەڵام لەبەر دوو هۆکار ناتوانین بەدواى وەڵامى ئەو پرسیارەدا بگەڕێین، هەتا وەڵامى ئەوەمان لانەبێت، بە پلەى یەکەم 'ئایا ئەم دەسەڵاتدارانەى سووریا لەداهاتوودا چۆن لە کورد دەڕوانن؟' دووەمیش 'ئایا دەتوانرێت ئەو پەرتەوازەیى و دابەشبوونە کوردییە چارەسەر بکرێت و لەبەرەیەکدا کۆببنەوە، تاوەکو وەک بکەرێک لەناو رووداوەکانى داهاتووى سووریادا شوێنیان بۆ بکرێتەوە؟' یاخود وەک ئێستا هەریەکە و لە دۆڵێک دا دەمێننەوە، چونکە ئەوە روونە ئەگەر کورد تواناکانى یەکنەخات و وەکو بەرەیەکى کوردى لەدەورى پرۆژەیەک دا کۆنەبنەوە، نەوەک ناتوانن هیچ بۆ کورد بەدەستبهێنن، بەڵکو ناتوانن دڵنیایى ئەوەش بەدەستبهێنن دواى (رژێمەکەى ئەسەد) قوربانیی گەورەى رووداوەکانى سووریا، کورد نەبێت، بەڵام ئەگەر پرۆژەیەکى کوردى هەبێت وەک نەخشەڕێى کورد بۆ داهاتووى پرسى کورد لە سووریا، ئەگەرى ئەوە هەیە ئەم گۆڕانکارییانەى سووریا دەرگە بۆ ئەوە بکەنەوە؛ کورد بە بەشێک لە مافەکانى بگات.
چونکە وڵاتانى رۆژئاوا و لەسەرووى هەمووشیانەوە ئەمریکا، سەربارى ئەوەى تورکیا وەک هێزێکى گەورە لە ناوچەکە بە بەشێک لە پرۆژەى خۆیان دەبینن و لە کەنداوی عەرەبیش دا بەرژەوەندیی زۆریان بۆ خۆیان دەستەبەرکردووە، بەڵام لەداهاتووى ناوچەکەدا هیچ جوگرافییایەکیان دەستناکەوێت بە ئەندازەى کوردستان بتواندرێت ئومێدى لەسەر دروستبکرێت کە دۆستى ستراتیجیی رۆژئاوا بێت. ئەگەر کورد خۆى ئامادەیى تێدابێت، پێچەوانەى ئەو مێژووە دوورودرێژەى جوگرافیاکەى هۆکار بووە بۆ هەوڵەکانى قڕکردنى نەتەوەکەى، ئەشێ بۆ داهاتوو جوگرافیاکەى یارمەتیدەر بێت بۆ لەسەرپێوەستانى خۆى وەک نەتەوەیەکى زیندوو و گەورەى جیهان و رۆژهەڵاتى نێوەڕاست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ