ميديا و هه‌ڵبژاردن.. رووداو بە نموونه‌

24-10-2024
ئاریان فەرەج
A+ A-
 
لاى هه‌مووان ئاشكرايه‌‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن تاكه‌ سيما و تاكه‌ پرەنسيپى سيستمى ديموكراسى نييه‌، به‌ڵكو ته‌نها يه‌كێكيانه‌ و هاوشانى ئه‌و، كۆمه‌ڵێک پرەنسيپى ديكه‌ هه‌ن كه‌ هه‌موويان وه‌ك يه‌ك گرنگ و بنه‌ڕه‌تين و هيچ كاميان به‌ قوربانى ئه‌وى ديكه‌يان ناكرێ و جێى يه‌كديش ناگرنه‌وه‌، وه‌ك: ماف و ئازادييه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كانى مرۆڤ، جيايى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ يه‌كدی، سه‌ربه‌خۆيى دادوه‌رى، ياساسه‌روه‌رى، شه‌فافيه‌ت و لێپرسينه‌وه‌ له‌ كاروبارى گشتى، دادگه‌ريى كۆمه‌ڵايه‌تى و يه‌كسانيى ده‌رفه‌تى سياسى و ئابوورى، ئازادى راده‌ربڕين و سەرئەنجاميش بوونى ئامرازگه‌لێكى ميديايى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و پيشه‌يى كه‌ باڵانوماى سيستمه‌كه‌‌ بێت. 
 
له‌ هه‌ر پرۆسه‌يه‌كى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن دا، ئاسايى و ره‌وايه‌ هه‌ر لايه‌نێكى به‌شدار، ئامرازى ميديايى ئاراسته‌كراوى پڕوپاگاندايى هه‌بن و له‌ رێگه‌يانه‌وه‌ هه‌وڵبدات ده‌نگده‌ران به‌ لاى به‌رنامه‌ى خۆيدا رابكێشێ، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ ميديايانه‌‌، دواجار ته‌نیا له‌ خزمه‌تى خاوه‌نه‌كانيان و لايه‌نه‌كانياندان، له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وان، ده‌بێ ميديايه‌كى جياوازى بێ لايه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى هه‌بێ كه‌ له‌ خزمه‌ت سيستمى ديموكراسى به‌ گشتى و له‌ خزمه‌ت پرۆسه‌كه‌دا بێت، له‌ نەبوونی وه‌ها ميديايه‌ك دا، يه‌ك له‌ كۆڵه‌گه‌كانى سيستمه‌كه‌ نوقسان ده‌بێ و پرسيارى جدديش له‌سه‌ر سه‌لامه‌تيى ديموكراسى و‌ خودى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنيش دروست ده‌بێت. 
 
كاتێك هه‌موو ميديا ئاراسته‌كراوه‌كانى لايه‌نه‌كان خه‌ريكى بانگه‌شه‌ و له‌ خه‌مى سه‌رخستنى به‌رنامه‌ى خاوه‌نه‌كانياندان، سه‌لامه‌تيى سيستمى ديموكراسيى وا ده‌خوازێت ميديايه‌كى جياواز هه‌بێت كه‌ له‌ خه‌مێكى ديكه‌دا بێت: خه‌مى بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشياری و ئاگايى هه‌ڵبژاردن، روونكردنه‌وه‌ى بايه‌خى ده‌نگدان و به‌شداری خه‌ڵك، ره‌خساندنى ده‌رفه‌ت بۆ ده‌نگده‌ر كه‌ له‌ رێگەى ته‌ماشاكردنى ديبه‌يت و به‌راوردى به‌رنامه‌ى لايه‌نه‌كان به‌يه‌كدى، زانيارى و به‌رچاوڕوونى ته‌واوى ده‌ستكه‌وێت و  له‌ ده‌نگدان دا بڕيارى هۆشيارانه‌ بدات. له‌ راستيشدا كه‌ ده‌گوترێت ميديا دامه‌زراوه‌يه‌كى كۆمه‌ڵگه‌ييه‌ و ئه‌ركێكى نيشتمانى له‌ ئه‌ستۆيه‌، ئه‌ركه‌كه‌ى هه‌ر ئه‌مه‌‌يه‌ كه‌ زانيارى و ئاگايى و به‌رچاوڕوونیی راست و دروست بۆ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ دابين بكات تاوەکو پشتئه‌ستوور به‌و زانياريانه‌، له‌ هه‌ر كايه‌يه‌كدا بڕياردان پێويست بێت، بڕيارى دروست بده‌ن.  
 
دامه‌زراوه‌ى ميديايى رووداو به‌ په‌يڕه‌وكردن و پاراستنى ئه‌و شێوازه‌ سه‌ربه‌خۆ و پيشه‌يى و بێ لايه‌نه‌ى پێی ناسراوه، هه‌ر له‌ ده‌سپێكى بانگه‌شه‌وه‌ تاوەکو راگه‌ياندنى ئه‌نجامه‌ به‌راييه‌كان، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا خزمه‌تێكى باشى به‌ پرۆسه‌كه‌ و به‌ ده‌نگده‌ران و به‌ هۆشيارى ديموكراسى و به‌ نێوبانگى هه‌رێمی کوردستان گه‌ياند و له‌ ئاست چاوه‌ڕوانى‌ ناوخۆيى و‌ ده‌ره‌كی دا بوو.
 
له‌ راستی دا بۆ گه‌لى ئێمه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ تاقیکردنەوەی ديموكراسی دا سه‌ركه‌وين، چه‌ندین ئامرازى ميديايى ئاراسته‌كراومان هه‌بن، له‌و تاقیکردنەوەیەدا هيچ دادێكمان نادات و نمره‌‌ى پێ‌ ناهێنين، ئه‌وه‌ى پێويسته‌ هه‌مانبێت و په‌ره‌ى پێبده‌ين و پشتى بگرين و پێشانى دونياى بده‌ين تاوەکو نمره‌ى به‌رزى پێ وه‌رگرين، ميديايه‌كى ئازادى بێ لايه‌نى پيشه‌ييه‌ كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ سيما گه‌ش و پرەنسيپه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كانى سيستمى ديموكراسيى راسته‌قينه‌. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...