جەنگی كەنداو بۆ CNN ، ئەفغانستان بۆ جەزیرە و داعشیش بۆ رووداو

18-11-2019
حەکیم داود
نیشانەکردن رووداو
A+ A-
 
سێ جەنگی گەورە لە سێ دەیەی جیاوازدا لە هەمان ئەم ناوچەیە روویاندا: سەرەتای نەوەتەكان جەنگی كەنداو، سەرەتای دوو هەزارەكان جەنگی ئەفغانستان و چەند ساڵی رابردووش جەنگی داعش. لە یەكەمیاندا (سی ئێن ئێن) توانی بۆ یەكەمجار دیمەنی جەنگ راستەوخۆ بباتە ماڵی خەڵكەوە. لە دووەمیاندا (جەزیرە) توانی بەهۆیەوە خۆی بە جیهان بناسێنێ. لە سێیەمیاندا (رووداو) توانی براندی خۆی و دەنگی كوردیش بگەیێنێتە هەموو جیهان. ئەم چیرۆكە چۆن روویدا؟
 
لەگەڵ دەستپێكی جەنگی كەنداو(1990– 1991) تەلەڤزیۆنی CNNی ئەمریكی وەك كەناڵێكی ئینتەرناشناڵ خۆی ناساند و پرۆفایلێكی جیهانی بۆ خۆی دروستكرد كە تائێستاش هەر بەو رووماڵەی دەناسرێتەوە. یەكێك لەو ساتانەش كە بیری خەڵكی ئەو سەردەمە ناچێتەوە، دیمەنی راستەوخۆی جەنگەكە بوو كە CNN بۆ یەكەمجار لە هۆتێلێكی بەغداوە بۆ جیهانی گواستەوە و ئەوكاتەش یەكەم كەناڵ بوو پەخشی 24 كاژێریی راستەوخۆی هەبوو. CNN بە رووماڵی جەنگەكە لە روانگەی ئەمریكاوە كاریگەری و دەسەڵاتی تەلەڤزیۆنی بەبیر جیهان هێنایەوە، بەتایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
كاریگەریی ئەم رووماڵەی CNN و كاریگەریی میدیای بینراو (سەتەلایت) لەسەر خەڵك، وای لە بەرپرسانی ئەو كاتەی سعودیە كرد بیر لە میدیایەكی هاوشێوەی كاریگەر بە زمانی عەرەبی بكەنەوە، بۆ ئەوەش هەر زوو: ئێم بی سی - MBC  دامەزرێنرا. دەسەڵاتدارانی سعودیە چەندین رۆژنامەڤانی ئەمریكی و ئەوروپاییان هێنایە كەناڵەكە و گوتیان " CNN-مان بە عەرەبی دەوێت". بەڵام كاریگەری و هەژموونی بەرپرسانی سعودیە رێگەی نەدا MBC هەرگیز ببێتە CNN و رۆڵی گەورەی لە ناوچەكەدا هەبێت. لە ساڵی 1994 رادیۆی BBCی عەرەبی 14 ملیۆن گوێگری هەبوو، بەوهۆیەوە بەرپرسانی كەناڵەكە بیرۆكەی ئەوەیان هێنایە پێشەوە كە تەلەڤزیۆنی BBCی عەرەبی بە فەندی سعودی دابمەزرێنن، بەڵام ئەمە سەرینەگرت و پڕۆژەكە وەستا. لەبەر یەك هۆكاری سادە: بەرپرسانی سعودیە رێگەیان بە رۆژنامەڤانانی BBC نەدەدا لەسەر بنەما رۆژنامەڤانییەكانی خۆیان كاربكەن. قەتەر ئەم هەلەی قۆستەوە، ئەو ستافەی BBC هێنایە وڵاتەكەی و جەزیرە لە ساڵی 1996 لەدایكبوو. بەمەش سەردەمی دووەم دەستیپێكرد.
 
لەم سەردەمەدا چەندین رووداوی گەورە و گرنگ لە ناوچەكەدا روویاندا كە وایانكرد جەزیرە زۆر بە ئاسانی سنووری وڵاتانی عەرەبی ببڕێت و ببێتە جێگەی سەرنجی میدیا و ئاژانسە گەورەكانی جیهان. كەناڵێكی ئاسمانی لە وڵاتێكی بچووكی وەك قەتەرەوە كە دانیشتووانەكەی كەمتر بوو لە ملیۆنێك و حوكمڕانییەكەی میرایەتییە، چووە هەموو ماڵێك لە وڵاتانی عەەبی و ملیۆنان بینەری هەبوو. هەموو وڵاتانی دیكەی عەرەبی خولیای دامەزراندنی جەزیرەیەکی دیکەیان کەوتە سەر، ئێستاش ئەو خواستەیان هەیە. بەڵام هیچ كامیان نەیانتوانی هاوشێوەی جەزیرەیان هەبێ، ئەوەش نەك لەبەر نەبوونی پارە، بەڵكو لەبەرئەوەی رێگەیان نەدا رۆژنامەڤانەكان خۆیان سیاسەتی هەواڵ و رووماڵ دابڕێژن. ئەوەی جەزیرەی سەرخست پارە نەبوو، بەڵكو ئەو رۆژنامەڤانانەی BBC بوون كە لەسەر بنەمای پرۆفیشناڵی و پرەنسیپە رۆژنامەڤانییەكان بۆ یەكەمجار هەواڵ و زانیارییان بە زمانی عەرەبی بە خەڵكی ناوچەكە دەگەیاند. جەزیرە لە جەنگی ئەفغانستان لە 2001 دا، یەكەم سەرچاوەی هەواڵی خەڵكی ناوچەكە بوو، وەك چۆن جەنگی كەنداو CNNی لەسەر ئاستی جیهان ناساند و میدیاكانی دیكەی ئەمریكای تێپەڕاند، جەزیرەش لە جەنگی ئەفغانستان توانی لە زۆر بابەتدا ببێتە یەكەم سەرچاوە، بەتایبەت لە بڵاوكردنەوەی وتارە دەنگییەكانی ئوسامە بن لاندن و هەندێ ڤیدیۆی تایبەتی هێزەكانی قاعیدە.
 
سەردەمی سێیەم خۆشبەختانە (لەڕووی میدیاییەوە) سەركەوتنەكەی بەر كورد كەوت. لە جەنگی داعشدا لە 2014 تاوەكو 2017 تۆڕی میدیایی رووداو توانی ببێتە یەكەم سەرچاوەی هەواڵ نەك تەنیا بۆ بینەری كورد، بەڵكو بۆ میدیا جیهانییەكانیش. لە جەنگی كەنداو CNN بە دیمەنی راستەوخۆی جەنگەكە توانی ببێتە یەكەم، لە جەنگی ئەفغانستان جەزیرە بە دەستگەیشتن بە تۆمارە دەنگییە گرنگەكانی بن لادن كە جیهان چاوەڕوانی بوو، توانی یەكەم بێت. لە جەنگی داعشیش رووداو بە رووماڵی راستەوخۆ لە بەرەكانی جەنگەوە كە لەگەڵ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە، هاوكات ئازار و مەینەتی ئاوارەكانی راستەوخۆ لە تەلەڤزیۆن و سۆشیالمیدیاكانییەوە دەگواستەوە، توانی سەردەمی نوێ لە رووماڵی میدیایی بە ناوی خۆیەوە تۆمار بكات، كە سەردەمی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیایە.
 
وەك چۆن لە جەنگی كەنداودا CNN روانگەی ئەمریكی و لە جەنگی ئەفغانستانیش جەزیرە زیاتر روانگەی قەتەر و وڵاتە سوننەكانی دەخستەڕوو، لە جەنگی رێكخراوی داعشیشدا رووداو وەك میدیایەكی كوردی، لە روانگەی كوردەوە شەڕەكەی بۆ جیهان گواستەوە. ئەمە زۆر گرنگ بوو لەڕووی مرۆییەوە كە وڵاتان بە هانای ئاوارەكانەوە بێن، لەو رووەشەوە كە كورد شەڕی گەورەترین رێكخراوی "تیرۆریستی" دەكات. هەبوونی پێداویستییە میدیاییەكان بۆ رووماڵ و راستەوخۆ لە بەرەكانی شەڕ، بوونی ستافی پرۆفێشناڵ و راهێنراو لە دەرەوە و ناوەوەی تۆڕەكە، زیرەكی و لێهاتوویی لە گەیاندنی زانیاری و هەواڵ بۆ جیهان ئەو خاڵانە بوون كە رووداوی لە میدیا كوردی و ناوچەییەكانی دیكە جیاكردەوە. بەڵام هەر ئەوانە گرنگ نەبوون، بەڵكو بوونی چەند پەیامنێرێك كە دەیانتوانی بگەنە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی سەرۆكی وڵاتان كارێكی دیكەی گەورەی رووداو بوو، لە ئەنجامدا دەنگ و خواستی كورد بەتایبەت لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان بە باشی گەیشتە ناوەندی بڕیاری جیهانی لە واشنتن، نیویۆرك و مۆسكۆ.
 
*خوێندكاری ماستەر لە دیجیتاڵ میدیا، زانكۆی سالفۆرد، بەریتانیا
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەسەن رەمزی

باکووری سووریا؛ گرێکوێرەی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق

ئەگەر ئەنقەرە نەرمی بنوێنێت لە قەوارەیەکی کورد لە سووریا، ئەو کاتە هەنگاوێک نزیکتر دەبێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە. ​