بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ مەسەلەکە 6 و 16 نییە!

دوێنێ کاژێر 03:43
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
رۆژانی رابردوو، حکومەتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە گەیاندە 16 دۆلار بۆ رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە سۆمۆ و هەناردەکردنی، ئەمە پێشهاتێکی نوێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت دا. 
 
بڕیارە 1ـی مانگی داهاتوو، رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لەبارەی داهاتووی بەرهەمهێنان و خستنەڕووی نەوت لە ساڵی 2025ـدا کۆببێتەوە، هەرچەندە رۆژی 3ـی ئەم مانگە ئاماژەی بەوە کرد؛ 8 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس، لەنێویاندا عێراق تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبن لە خۆبەخشانە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، عێراق هێشتاش رۆژانە لەسەروو ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە، نەوت بەرهەمدەهێنێت کە 4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.
 
لەماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دا، کۆی ئەو بڕەی عێراق زیاتر بەرهەمیهێناوە لەوەی ئۆپێک پڵەس بۆی دیاریکردووە، گەیشتووەتە 1 ملیۆن و 184 هەزار بەرمیل، ئەمەش ئەگەر عێراق بەتەواوی پابەندی بەرهەمهێنانی نەوت بێت و بڕواتە ژێرباری جێبەجێکردنەوە، دەبێت لەم مانگەوە تاوەکو سەرەتای بەهاری داهاتوو، رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە.
 
ئێستا، دوو پرسیاری گرنگ هەن؛ یەکەمیان ئەوەیە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەم تێچووە نوێیەوە، ئامادەن کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەست بکەن؟ دووەم عێراق چۆن نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکاتەوە، لەکاتێکدا دەبێت هەناردەکردن و تەنانەت بەرهەمهێنانیش کەمبکاتەوە؟
 
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چەندە؟
 
رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی 2024 کۆمپانیای دی ئین ئۆی نێودەوڵەتی، کە لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور و بەعشیقە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، لە راپۆرتی چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دا ئاماژەی بەوە کرد؛ ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 84 هەزار و 212 بەرمیل، کە پشکی کۆمپانیاکەیان لەو کێڵگە نەوتیانە، 63 هەزار و 200 بەرمیل نەوتە.
 
هەروەها، هەریەک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەک؛ ئیچ کەی ئین و گەڵف کیستۆن، گەنەل ئینرجی، دانەگاز، گازپرۆم، شاماران و فۆرزە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ بۆ گەرمیان، نەوت بەرهەمدەهێنن لەگەڵ کۆمپانیای کار لە گەورە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە.
 
مانگی رابردوو، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لە کۆنفرانسێکی وزە لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان لە 2ـی ئەیلوولی 2024ـەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە بۆ نیوە، ئێستا رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین."
 
هەروەها، لەدوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، کۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی لەبارەی بەرهەمهێنان، خەرجی و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە راپۆرتی کۆمپانیاکانەوە کە دوو لە سەر سێ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، دەتوانین دوای دەستکەوتنی راپۆرتی چارەکی سیێەمی ئەمساڵیان، بزانین چەندیان بەرهەمهێناوە.
 
بەپێی راپۆرتی چارەکی سێیەمی دی ئین ئۆ؛ لە سێ مانگی (7، 8 و 9) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، سێ بیری نوێیان تەواوکردووە کە بە بڕی 7 هەزار و 800 بەرمیل نەوت بەشداریانکردووە لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو سێ مانگەدا. هەروەها، دی ئین ئۆ ئاماژە بە راگرتنی وەبەرهێنانی نوێ و هەڵکۆڵینی بیری نوێ دەکات لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی لە ساڵانی 2022-2023 ـدا.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوی فەرمییان لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەی کاری تێدا دەکەن، نەبووە، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامبوونی شێوازی کارکردن و بەرهەمهێنانیان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ و پێشووتر.  بۆ نموونە گۆڵف کیستۆن لە کێڵگەی نەوتی شیخان 39 هەزار و 252 بەرمیلی رۆژانەی هەبووە، شاماران و ئیچ کەی ئین لە سەرسەنگ و ئەترووش 54 هەزار و 800 بەرمیل نەوت، و دانەگاز لە کۆرمۆر 5 هەزار و 273 بەرمیلی رۆژانە، فۆرزە لە کێڵگەی هەولێر 6 هەزار و 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە. ئەوانی دیکەش وەک گەنەل ئێنرجی، لە کێڵگەی تەق تەق و قەرەداخ ئێستا وەستان و، بەرهەمی گازپرۆم لە کێڵگەی سەرقەڵا و حەسیرە 12 هەزار و 500 بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و خورمەڵەش بەپێی زانیارییە دەستخراوەکان، رۆژانە هەمووی بۆ پاڵاوتنی نێوخۆیی دەگاتە 80 هەزار بەرمیل نەوت.
 
ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق و کۆتای ئۆپێک و پابەندی
 
لەماوەی دوو مانگی رابردوو، ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە عێراق کەمکراوەتەوە بۆ پابەندبوون بەو بڕەی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بۆی دایناوە، بەڵام هێشتا بەرهەمهێنان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بۆی دیاریکراوە، بگرە قەرەبووی ئەو بڕەشی نەکردووەتەوە کە بەهۆی زیادبەرهەمهێنان لەمساڵدا روویداوە.
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە 10 مانگی رابردوودا، عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیێنێتە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵکو لەماوەی ئەمساڵدا عێراق لەنێو وڵاتانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس، ئەو وڵاتە بووە کە زۆرترین ئاستی زیاتری لەو بڕەی بۆ دیاریکراوە لە بەرهەمهێنانی نەوت، تێپەڕاندووە، ئەمەش سەرەڕای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 340 هەزار بەرمیل لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو.
 
 
تێبینی، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق ئەو بڕەش دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە.
 
کۆتایی
 
دەستپێشخەرییەکەی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک و جێگیرکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار تاوەکو لیژنەیێکی تەکنیکیی پرۆفیشناڵ و نێوخۆی، پێداچوونەوە بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی کێڵگەکان بکات، هێشتا بڕیارە، چونکە داواکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت لە پەرلەمان پەسندبکرێت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان رازی بن، کە هێشتا هیچ لیدوان و ئاماژەیەک نییە.
 
لەڕاستیدا، جێگیرکردنی ئەم بڕە بۆ تیچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت و رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە سۆمۆ، تەنیا دیوێکی چیرۆکەکەیە، چونکە لە یەکەم راپۆرتی نوێیدا؛ دی ئین ئۆ ئاماژە بە گفتوگۆکان دەکات لەبارەی شێوازی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان (قەرزی کۆمپانیان) لای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەکانیان لەماوەکانی پێشوودا، هەروەها کۆمەڵەی ئەپیکوریش ئاماژەی بە 1 ملیار دۆلاری قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت کردووە، کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش نەبێتە ئاستەنگ، چارەسەرکردنی ئاسان نییە.
 
هەروەها، ئەم دەستپێشخەرییەی بەغدا لەوانەیە لەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە تیچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نییە، کە لە بودجەی سێ ساڵیدا هاتووە، ئەوەش نییە کە کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان داوای دەکەن. 
 
لەکۆتاییدا، ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو بڕە بەرهەمناهێنێت کە لە بودجەی سێ ساڵی عێراق دا داواکراوە، بگرە زۆر کەمتریشە و نزیکەی سەروو نیوەیەتی، بەڵام ئەگەر بگاتە ئەو ئاستە و هەناردەی دەرەوەی بکات، ئەوا عێراق دەبێت لە بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە نێوەڕاست و باشووری کەمیبکاتەوە، کە بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق؛ تێچووەکەی لەنێوان 6 بۆ 8 دۆلارە، ئەی بۆچی نەوتێک وەربگرێت تێچووەکەی دووهێندە و نیو زیاتر بێت؟ کیشەکە ئاسان نییە، بەڵام عێراقیش تەنیا بیر لە دیوە ئابوورییەکەی ناکاتەوە و بەژمارە لێکی ناداتەوە، ئەگەرنا ئەو زیانەی لە یەک ساڵ و 7 مانگی رابردوودا بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ئابووریی عێراقی داوە، رووی نەدەدا.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ئێمە و 'کاکە سوور'

پەیامی خەڵکی ئەمریکا روونە، ئێوەش لەنێوخۆتاندا خۆتان رێکبخەنەوە و بەهێز بکەن. بۆ ئەوەی ترەمپ وەک بەهێزێک مامەڵەتان لەگەڵ بکات. ئەو پەیامە بۆ کوردستانیشە. شیکارییەکم خوێندەوە کە روونیدەکردەوە چۆن ئەورووپاییەکان خەریکن سیستمە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکەیان وردە وردە ترەمپ پرووف دەکەن. واتە وای لێدەکەن بە بڕیارێکی لەپڕی ترەمپ زیانی گەورەیان پێنەکەوێت. لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە بەو مێژوو و هێز و کاریگەرییەی بەسەر دنیاوە هەیانە ئاوا خۆیان بۆ ترەمپ پرووفبوون ئامادە بکەن، دەبێ ئێمەی پەرتەوازەی لاواز لەڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و هەموو روویەکی دیکەوە، هەروەها مارانگەستەی بڕیاری پێشتری ترەمپ (لە شازدەی ئۆکتۆبەر)، چیمان پێبکرێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بڕیارێکی 'کاکە سوور' نەمانگەزێتەوە؟ ئای لەو رۆژەش کە گەزینەکە هێندە کاریگەر بێ، ئەوەی هەشمانە لەدەستبچێ!