ئێمە و 'کاکە سوور'

08-11-2024
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
 
 
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دا، زۆر سەرکردەی دنیا پێی قەڵس بوون و مامەڵەیەکی ناخۆشیان لەگەڵ کرد. لەبیرمە کاتێک لە لەندەن لووتکەی ناتۆ کرا، بۆ رووماڵ چووبووین. ئیمانووێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە بەرچاوی کامێراکان و میدیای جیهانەوە لە ترەمپ پرینگایەوە و وەڵامیدایەوە. ئەوکات ئەورووپا هەڕەشەیەکی رژدی رووسیای پووتینی لەسەر نەبوو. ماکرۆن کەڵکەڵەی دروستکردنی سوپایەکی ئەورووپایی لەسەردابوو کە وابکات کەمتر پێویستی بە پاراستن و پشتیوانیی ئەمریکا هەبێت. بەتایبەتیش ئەمریکای سەردەمی ترەمپ کە بە هاوپەیمانەکانی نێو ناتۆی دەگوت: "چیدیکە گەلی ئەمریکا ناتوانێ پارەی پاراستنی ئێوە بدات. دەبێ خۆشتان دوو لە سەتی بودجەکەتان بۆ بەرگری تەرخان بکەن". ئەو دەیگوت و ئێستاش دەیڵێتەوە کە "ئەوەی دەیەوێ بیپارێزین، دەبێ  پارەی خۆی بدات. هیچ شتێک بەخۆڕایی نییە". ئێستا کە ئەورووپاییەکان لە ترسی ترەمپ دوو لە سەتی بودجەکەیان بۆ بەرگری تەرخانکردووە، ئەوە ترەمپ دێتەوە و دەڵێ "دەبێ بیکەنە سێ لە سەت"!
 
یەکێک لەوانەی ئەو رۆژانە نێوانی لەگەڵ ترەمپ تێکنەدابوو و پراگماتیستانە هەڵسوکەوتی دەکرد، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هۆڵەندا و سکرتێری گشتیی ئێستای ناتۆ بوو. مارک رووتە قسەیەکی بەنێوبانگی کرد و گوتی ئەورووپا "ناچارە لەگەڵ ئەو کەسەدا سەما بکات کە ئەمریکییەکان ناردوویانەتە سەر ستەیج". واتە ئەوەی نایەوێ سەمای لەگەڵ بکات، ئەمریکا رەتدەکاتەوە. ئەمەش شۆخییەکە نرخەکەی گرانە!
 
ئەم جارەش گەلی ئەمریکا بە دەنگدان ترەمپیان ناردووەتەوە سەر ستەیج. هەرچەندە ترەمپ بەسەر پشتی کۆمارییەکاندا سەرکەوت، بەڵام لەڕووی فیکریشەوە کراسێکی جیاواز و ترەمپییانەی بەبەر ئەو پارتەدا کرد. کراسی ترەمپیزم. ئەو لە گوتاری سەرکەوتنی دا باسی "جووڵانەوە"کەی کرد، کە مەبەستی ترەمپیزم بوو. ئەو جووڵانەوەیەی راستە دەنگدەری ئەمریکی بە هەڵبژاردنی پەیامیان بۆ دەستەبژێری سیاسیی نێوخۆیان ناردووە، بەڵام پەیامیان بۆ گەلانی دیکە (وەکو کورد) و هەموو ئەوانە نارد کە چاویان لە دەستی ئەمریکا و پاراستنی ئەمریکایە. 
 
کاتێک بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گەیشتینە واشنتن دی سی، لە فڕۆکەخانەوە شۆفێرێکی ئووبەر ئێمەی گەیاندە هۆتێل. پیاوێکی رەشپێستی چینی کەمدەرامەت بوو. بەو ئەزموونەی لە رووماڵی هەڵبژاردنی پێشوودا لەگەڵ ئەو کەسانە هەمبوو، گومانم نەبوو کە دژی ترەمپە، بەڵام قسەکانی پێچەوانەی ئەمەی دەرخست. باسی چاکەی ترەمپی بەسەر رەشپێستەکانەوە دەکرد و ئەزموونی هاوڕێیەکانی خۆی بۆ گێڕامەوە کە رەشن و بەبێ ئەوەی هاوڕێیەتیی ترەمپیان کردبێ بۆ هەموویان تاوەکو لە ژیاندا مابن مافی مانەوەی خۆڕاییان لە هۆتێلەکانی ترەمپ دا پێدراوە. ئەو باسی تێکچوونی دۆخی ئابووری و هەموو ئەو كێشانەی دەکرد کە بە گوتەی خۆی دیموکراتەکان بۆ ئەمریکا دروستیان کردووە.
 
لە ئەورووپاوە هاتبووم. لای ئێمە کامالا هاریسێکی سەرۆکی خانم و ناسپیپێست و زیرەک و گەنج خەونێکی جوان بوو کە دەبووایە وەدیبێت. لێرە لە دی سی هەر زوو ئەو خەونە زڕا. لەو شارەی هەمیشە دانیشتووانی پشتیوانی دیموکراتەکان بوون، خەڵکی زۆرم دەبینی دوودڵن. لە ویلایەتی ڤێریجینیای تەنیشت دی سی دەچووینە لای هەر کوردێک و قسەمان لەگەڵ دەکرد، پێیان خراپ نەبوو ترەمپ بگەڕێتەوە. ترەمپێک کە بەڵێنی بە خەڵکی ئەمریکا داوە چیدیکە ناهێڵێ لێرە هەموو شتێک گران بێ و هەڵاوسانی ئابووری هەبێ، "کەچی ئیدارەکەی بایدن میلیارەها دۆلار بۆ پاراستنی ئۆکراینییەکان و ئەو ئەورووپاییانە خەرج دەکات کە لە ئەمریکا دڕدۆنگن". کارسازێکی کورد دەیگوت "شوێن هەیە لێرە عاموودی کارەبای تێکچووە، کەچی بایدن پەیتا پەیتا پارە دەنێرێ بۆ ئۆکراینا". 
 
دەنگدەر و هاووڵاتیی ئەمریکی بڕوایان بەوە هێناوە کە ترەمپ راست دەکات کاتێک دەڵێت: "ئەمریکا لەپێش هەموو شتێکەوەیە". دەشیەوێ "ئەمریکا مەزن بکاتەوە". بۆ نموونە کوردێکی زۆر خوێندەوار کە هاووڵاتیی ئەمریکایە چەندین جار دەیگوت: "ئەمریکای سەردەمی بایدن هێندە بێ سام بووە کە سەرۆکەکەی تەلەفۆن بۆ شازادەیەکی عەرەبی دەکات و وەڵامی تەلەفۆنەکەی نادرێتەوە. ئەگەر ترەمپ سەرۆک بووایە هیچ شازدە و سەرۆکێک نەیدەوێرا ئاوا لەگەڵ ئەمریکا بکات". 
 
بەکورتییەکەی ئەمریکییەکان ئەو پەیامەیان بە سیاسییەکانی خۆیان و بە سیاسییەکانی دیکەی دنیاش گەیاند کە چوار ساڵی داهاتوو دەبێ ئەو کەسەی گەلی ئەمریکا گرێبەستی حوکمڕانیی بۆ مۆر کردووە زۆرتر خەریکی نێوخۆ و بەهێزکردنی ئەمریکا بێت. نابێ دۆخی ژیانی خەڵکی ئێرە تێکچێت و گرانی تینیان بۆ بهێنێ، کەچی ئیدارەی ئەمریکی لەوسەری جیهان ببێتە پۆلیس و خەریکی سەپاندنی دیموکراسی بێت.
 
وەک لە کاردانەوەکاندا لە سەرتاسەری جیهان دا دەردەکەوێ، ترسی گەورە لە چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ ترەمپ هەیە. ترس لەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکای سەردەمی ترەمپیزم (کە لەئێستاوە ناوێکی زانستیشی بۆ دانراوە و بە ئابووریی سەردەمی ترەمپ دەڵێن: ماگا-نۆمیکس) لەگەڵ وڵاتانی جیهان، گرنگتر ببن لە پاراستنی دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان و نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر گرووپە هەڕەشەلێکراوەکان (بۆنموونە کورد). ئەو ترسانەش لە جێگەی خۆیاندان، بەڵام پەیامی خەڵکی ئەمریکا بۆ ئەوانەی ئەو پەرۆشییانەیان هەیە روونە: "ئێوەش لەنێوخۆتاندا خۆتان رێکبخەنەوە و بەهێز بکەن. بۆ ئەوەی ترەمپ وەک بەهێزێک مامەڵەتان لەگەڵ بکات و پێویستی پێتان بێت".
 
ئەو پەیامە بۆ کوردستانیشە. شیکارییەکم خوێندەوە کە روونیدەکردەوە چۆن ئەورووپاییەکان خەریکن سیستمە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکەیان وردە وردە ترەمپ پرووف دەکەن. واتە وای لێدەکەن بە بڕیارێکی لەپڕی ترەمپ زیانی گەورەیان  پێنەکەوێت. لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە بەو مێژوو و هێز و کاریگەرییەی بەسەر دنیاوە هەیانە ئاوا خۆیان بۆ ترەمپ پرووفبوون ئامادە بکەن، دەبێ ئێمەی پەرتەوازەی لاواز لەڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و هەموو روویەکی دیکەوە، هەروەها مارانگەستەی بڕیاری پێشتری ترەمپ (لە شازدەی ئۆکتۆبەر)، چیمان پێبکرێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بڕیارێکی "کاکە سوور" نەمانگەزێتەوە؟ ئای لەو رۆژەش کە گەزینەکە هێندە کاریگەر بێ، ئەوەی هەشمانە لەدەستبچێ! 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.