پێشکەوتنی کولتووری هەڵبژاردن بە تەکنەلۆژیا

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
روەیدا مستەفا
A+ A-
 
لە رۆژانی رابردوودا، بینەری هەڵکشان و داکشانی گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن بووین لە کوردستان. هەندێ جار زمانەکە هێندە تووند بوو کە مەترسیی ئەوەی لای خەڵک دروست دەکرد، جووڵەکە لە ئاستی زمان دەربچێت و بچێتە ئاستی کردار؛ ئاخر ئەم ترسە رەهەندی لە مێژووی سیاسی ئێمەدا هەبوو! خۆشبەختانە ئەمە رووینەدا و هەڵبژاردن بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجامدرا، گەرمی هەڵمەتەکەیش لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا بوو. لە دوای نیشتنەوەی "تا"ی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆرباش، بۆ ئەو کەسانەی خاوەن دیدێکی مێژوویین و سەردەمەکان پێکەوە دەبەستن؛ ئەم گۆڕانکارییە هەڵگری پەیامی ئەرێنییە.
 
لە رابردوودا ئەگەر حیزبەکانی کوردستان و بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی بەم جۆرە قسەیان بەرانبەر یەکتر بکردایە، بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەگەری روودانی شەڕ دەهاتە پێشەوە، بەڵام ئەم بانگەشەیە پێیگوتین تاوەکو ئاستێکی بەهێز ئەم ترسە نەماوە و کێرڤی دیموکراسی و یەکترخوێندنەوە و یەکترقبووڵکرن زۆر بەرزبووەتەوە. حیزبەکانی  کوردستان، لەوە تێگەیشتوون با زمانی بانگەشە و میدیاییشیان تووندبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە مێزی سیاسەت و ململانێی سیاسی و دیموکراسییانەیە کە نمرە لە چارەنووسی هەموومان دەدات. 
 
بەشێکی گەورەی هەڵمەتەکە لە سۆشیاڵ میدیاوە دەگەییشتە خەڵک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تونێلێکی کاریگەربوون بۆ گەیاندنی گوتاری هەڵبژاردن و هەستی خەڵکی بە یەکتر. ئەگەر تائێستا سۆشیال میدیا لێرە و لەوێ ئەو گرنگییەی پێنەدرێت، بەڵام هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر نیشانیداین ئەم تۆڕە دەتوانێت کاریگەریی گەورە دروست بکات و لە ئایندەشدا ببێتە سەکۆیەکی یەکلاکەرەوە؛ وەک ئەوەی لە دنیای نوێ دا سیاسییەکان بەکاریدەهێنن.لەلای ئێمەیش یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزی رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردن دا، دەگەڕایەوە بۆ کارلێککردنی خەڵک، حیزب و بەربژێرەکان و رێکخستنی داواکاری و گوتارەکانیان لە سنووری ئەرێنی و نەرێنییەکانی سۆشیاڵ میدیادا.
 
هێندە هەیە، لە داهاتوودا دەبێت بڕێک سنگکراوەتر و ئاکارییانەتر دەست بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە ببەین، لەجیاتی ململانێی کەسی، بیکەینە مەیدانێک کە تێیدا ئاستی بەربژێر و حیزبەکان و راددەی دیموکراسیبوونیان، خاڵ لەسەر پیتی پرۆسەی سیاسی دابنێن. 
 
ئەمڕۆ رۆڵەکە تەنیا بە دەست سۆشیال میدیاوە نەماوە، بەڵکو چەند ئاڵنگارییەکی دیکە لەڕێگەن کە شیاوی هەڵوەستە لەسەرکردنن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەر گەل و نەتەوەیەکی دنیا، هەڵسوکەوت لەگەڵ تەکنەلۆژیای نوێ و دەرکەوتەکانی دەکەین، مەترسی و مژدەکانی ژیریی دەستکرد، بە یەک ئاست یەخەی هەموومان دەگرێت. بەدوور نازانرێت لە هەڵمەتەکانی ئایندەدا ژیریی دەستکرد رۆڵێکی گەورە، بەڵام ناڕوون، لە یەکلاکردنەوەی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن دا بگێڕێت، بەڵام بەپێی و ئەو سەرەتایانەی کە لای ئێمە دەرکەوتوون، هێشتا ژیریی دەستکرد رۆڵێکی هێندە نەرێنیی نەگێڕاوە کە رەشبین بین بەرامبەر ئایندە، بۆیە دەستگرتنێکی ئاکارییانە و بەرپرسانە بە تەکنەلۆژیا و دەرکەوتەکانییەوە؛ خزمەتێکی زۆر بە ژینگەی سرووشتی و سیاسی، بەهەدەرنەدانی پارەیەکی زۆر لە بانگەشەی هەڵبژارن دا و لە کۆتاییشدا، بە مۆدێرنیزەبوونی پرۆسەی سیاسییمان دەکات.
 
چاوەکان لەسەر ئەوەن گونجانێک لە کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیی ئێمە و هاتنی شەپۆلی تەکنەلۆژی دا رووبدات، چونکە ئەم هەڵمەتەی هەڵبژاردن و تۆخبوونەوەی رۆحی پێکەوەهەڵکردن تێیدا، پێیگوتین: دیدگەی سیاسیی حیزبەکان زۆر گۆڕاوە و چیدی کەرەستە کۆنەکان بەس نین بۆ شیکار و شرۆڤەی سیاسی. ئومێد یەکێکە لەو چەمکانەی جێگەی خۆیەتی لە دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەرەوە، پتر لە فەرهەنگی رامیاریی هەرێمی کوردستان دا جێگەی پێبدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەوزاد هێتوتی

ململانێی ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی گەورەی ھەرێمی

لەم قۆناخەدا لەوانەیە بەرپرسانی ئێرانی ھەوڵبدەن باردۆخەکە ھێور بکەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر پێگەی ترەمپ لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکان بەھێز نەبێت. بەتایبەت ھەر جۆرە ھێرشیک بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر وەڵامدانەوەی و ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، شانسی ترەمپ زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بێتەوە سەر دەسەڵات. بۆیە، پێدەچێت ئێران ئەگەر ھەر کاردانەوەیەکیشی ھەبێت بیخاتە دوای پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ​