له كۆمه‌ڵگاكانى دواى جه‌نگ و ناوچه جێناكۆكه‌كاندا پرسى سه‌رژمێرى، كه پرسێكى ستراتيژييه، پێويسته له دواى پرۆسه‌ى بنياتنانى ئاشتى بێت، بنياتنانى ئاشتى، پرۆسەيهكى هەمەلایەنەيه، هەوڵدانه بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێ له ناوچه‌يه‌كى دياريكراو، نازانرێت كامه ململانێیە كه هۆكاره بنه‌ڕه‌تييه‌كانى له كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان چاره‌سه‌ر كرابێ، تائێستاش جووتيارانى كورد و توركمان گيرۆده‌ى داگيركردنى زه‌وييه كشتوكاڵييهكانيانن، رۆژانه سوپا به بيانووى جياواز رێ له دروێنه و كشتو‌كاڵى جووتيارانى كورد و توركمان ده‌گرێت، ئه‌مه جگه له هاورده‌كردنى هه‌زاران كه‌س له پێكهاته‌ى عه‌ره‌بى له سه‌رده‌مى راكان جبوورى، پارێزگارى پێشووترى عێراق و دورستكردنى چه‌ندين گه‌ڕه‌ك بۆيان وه‌ك هه‌وڵێكى نوێ بۆ دووباره گۆڕينى ديمۆگرافيای كه‌ركووك، سه‌ره‌ڕاى چالاكييه جۆراوجۆر و له‌ناكاوه‌كانى داعش.
به‌گشتى، پرۆسه‌ى بنياتنانى ئاشتى پرۆسەیەکی فره ره‌هه‌نده، سه‌ره‌تا به گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان ده‌ست پێده‌كات و پاشان به چهكداماڵين و هه‌ڵبژاردنى شه‌رعى و يه‌كسانى و رێزگرتن له مافه‌كانى مرۆڤ و دابينكردنى عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵايه‌تى و پاراستنى مافى هه‌موو پێكهاته‌كان و كهمينهكان به‌رده‌وام ده‌بێت. پرسياره‌كه ئه‌وەیە، ئايا ئه‌م پرۆسانه له كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكهکان له پاش 2003 جێبه‌جێكراون؟
له‌لايه‌كی دیکەوە، پرۆفيسۆر ريتچارد كاپلان، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێى وايه بنياتنانى ئاشتى ده‌بێت ئه‌م خاڵانه له خۆبگرێت: پاراستنی یاسا و ده‌ركردنى ياساى نوێ كه ململانێ نه‌ته‌وه‌يى، عرقى و ئایينيیهكان كه‌مبكاته‌وه، پرۆسه‌ى گەڕاندنەوەی پەنابەران و ئاوارەکان، زيادكردنى ئەدای مەدەنی و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسییە دیموکراسییە نێوخۆييه‌كان، لەوانەش ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەو دامەزراوانە، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵگەی مەدەنی، گەشەپێدان، چەسپاندن و بڵاوکردنەوەی کولتوورى دیموکراسی.
جارێ با واز له كولتوورى ديموكراسى و يه‌كسانى و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵايه‌تى بهێنين كه خۆمان ده‌یبینین له ناوچه جێناكۆكه‌كان له چ دۆخێکی نهخوازراودايه، به‌شێكى زۆرى دامه‌زراوه‌كان خزمه‌ت به هێز و گرووپێكى دياریكراو ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌و تێگه‌يشتنه‌ى كاپلانهوه، گرنگه هه‌ڵوه‌سته‌يه‌ك بكه‌ين، بۆ نموونه ئه‌و باس له دامه‌زراندن و ده‌رچوونى ياساى نوێ ده‌كات، كه ببێته هۆى پێكه‌وه‌ژيان و بنياتنانى ئاشتى، بۆ ئه‌مه پێكهاته‌ى كورد و توركمان له ساڵى 2008ـەوە به قۆناخ و شێوازى جۆراوجۆر ههوڵيانداوە پڕۆژهياسايهك ببه‌نه په‌رله‌مان كه تايبه‌ته به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕشى رژێمى پێشوو، تائێستا لايه‌نه سياسييه‌كانى عێراق لێناگه‌ڕێن ئه‌و پڕۆژەياسايه ببرێته په‌رله‌مان و ده‌نگدانى له‌سه‌ر بكرێ، بێگومان كه ئه‌و پڕۆژەياسايه له په‌رله‌مانه‌وه ده‌ربچوێندرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، زه‌ویوزاره كشتوكاڵييه‌كان هه‌ر له داقووق، دبس و تۆبزاوەوە تاوەکو بەشێک لە زه‌وييه‌كانى مه‌خموور و تاوەکو ده‌گاتەوە خانه‌قين، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌نه رهسهنهكانيان له كورد و توركمان. به چ بيانوويهك ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا نايانه‌وێت ئه‌و پڕۆژەياسايه په‌سند بكرێت، مه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژهياسايه خزمه‌ت به ئاشتیی كۆمه‌ڵايه‌تى ناكات له كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان؟
كورد ده‌بێت واقعييانه و وريايانهتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى بكات له ناوچه جێناكۆكه‌كان. با واز له پڕۆژەياساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕش بهێنين، خۆ ده‌ستوورى عێراق كه عێراقى نوێی له‌سه‌ر بنياتنرا، خه‌ڵكى عێراق ده‌نگيان له‌سه‌ر دا، به حساب ده‌ستوور به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى هه‌موو خه‌ڵكى عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه ده‌پارێزێت، بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكييهكان و بنه‌بڕكردنى هۆكاره پێكهاتهييهكانى ململانێی ماده‌ى 140 كه تايبه‌ته به چاره‌سه‌ركردنى پرسى ناوچه جێناكۆكه‌كان له ده‌ستوورى ههميشەیی عێراق جێگيركرا، به ئاشكرا ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا نايانه‌وێت ئه‌و مادده ده‌ستوورييه جێبه‌جێبكه‌ن، ئێستا پاش 16ى ئۆكتۆبه‌ر كه به‌هێز ناوچه جێناكۆكهكانيان كۆنترۆڵكرده‌وه نه‌ك به ديموكراسى و هه‌ڵبژاردنى شه‌رعى، پرسى سهرژمێريیان هێناوه‌ته پێشه‌وه كه بڕياره له 19 و 20ـی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌نجامی بده‌ن. كه‌واته، دياره پرسى سه‌رژمێرى بۆ پرسی دیکە به‌كاربهێنرێت، به تايبه‌ت بۆ پرسى سياسى، ده‌كرێت پرسياره‌كه دووباره بكه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستى سياسى نييه، بۆ لێناگه‌ڕێن پڕۆژه‌ياساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕياره‌كانى دادگەى باڵاى شۆڕشى سه‌ر به رژێمى پێشوو له په‌رله‌مانى عێراق په‌سند بكرێت؟ بۆ مادده‌ى 140 ده‌ستوور جێبه‌جێناكه‌ن؟ هه‌ر له هه‌فته‌ى رابردوو‌و دادگەى باڵاى فيدراڵى بڕياریدا به‌وه‌ى به‌شێك له‌و زه‌وييانه‌ى كه به‌پێى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕشى پێشوو درابووه وه‌زاره‌تى به‌رگریی عێراقى بدرێته‌وه به هه‌مان وه‌زارەت، كه‌واته، دياره كه نیەتیان ئه‌وه نييه كێشه‌ى زه‌ویوزارى كورد و توركمان چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه جگه له هاتنى به‌لێشاوى خه‌ڵكى عه‌ره‌ب له دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه بۆ كه‌ركووك و ناوچه دابڕێندراوه‌كان، كه‌واته، سه‌رژمێرى ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی پێكهاته‌يه‌كه.
به‌شێوه‌يه‌كى گشتى، له ناوچه جێناكۆكه‌كان و كۆمهڵگەكانى دواى ململانێ، Post- conflict society له هه‌موو دونيا نابێت پرسى گه‌وره و پرۆسه‌ى ستراتيژى بهاوێژرێ، به بێ گه‌يشتن به ستراتيجييهتی گواستنه‌وه‌ى ململانێكان و پرۆسه‌ى بنياتنانى ئاشتى. كاتێك كه كۆمه‌ڵگە گه‌يشته حاڵه‌تى پێكه‌وه‌ژيانى ته‌واو و پرۆسه‌ى بنياتنانى ئاشتى، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاووڵاتیيان ده‌كرێت، له‌سه‌ر بنه‌ماى هاووڵاتيبوون، ئه‌وكات ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ته خۆجێیيهكان ده‌توانن به‌شێوه‌يه‌كى باش پلان و ستراتيج دابنێن، چونكه له‌و قۆناخه هه‌موو پێكهاته‌كان تێیدا به‌شدارن و هيچ پێكهاته‌يه‌ك هه‌نگاو و پلان و بڕياره‌كانى ده‌سه‌ڵات چ ده‌سه‌ڵاتى خۆجێیی يان ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ند به دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى نازانێ و پێی وانييه ئه‌و هه‌نگاوانه له‌سه‌ر حیسابی پێكهاته‌يه‌ك يان كه‌مينه‌يه‌كى دياريكراوە، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، پێش پرۆسه‌ى بنياتنانى ئاشتى، هه‌ر هه‌نگاوێك و پلانێك چ له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه ئه‌نجام بدرێت، چ له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاته خۆجێييهكانهوه، هه‌ژمار ده‌كرێت به قۆستنه‌وه‌ى هه‌ل و باڵاده‌ستى بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی پێكهاته و لايه‌نى باڵاده‌ست (دياره مه‌به‌ست له‌مه هه‌نگاو و پلانه ستراتيژييهكانه كه سه‌رژمێریی دانيشتووان يه‌كێكه له پرۆسه چاره‌نووسسازه‌كان). كه‌واته، له‌م قۆناخە پێكهاته‌كان و كهمينهكان جگه له گرووپ و پێكهاته‌ى باڵاده‌ست، خۆيان به به‌شێك له بڕياره‌كان نابينن، هەروەها پێيان وايه كه ئه‌و پڕۆژه‌يه ناسنامه و به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌وان ده‌خاته مه‌ترسییەوە، لە وەها حاڵه‌تێكدا، پێكهاته و كهمينهكان ناچنه نێو وه‌ها پرۆسهگهلێكهوه.
بۆيە به ئاسانى ده‌توانين بڵێین ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى له‌م قۆناخەی ئێستا له ناوچه جێناكۆكه‌كان وه‌كو بۆمبى چێندراوه به كورد دا، ئه‌گه‌ر كورد ره‌زامه‌ند بێت له ئه‌نجامدانى ئه‌و پرۆسەیە له ناوچه جێناكۆكه‌كان، ره‌نگه ئه‌م بۆمبه له نزيك مه‌ودا و دوورمه‌ودا دا به كورد دا بته‌قێته‌وه و ئه‌وكات كار له‌كار ده‌ترازێ. له‌به‌رئه‌وه گرنگه جارێك لايه‌نه كوردييه‌كان له ژينگه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن دووربكه‌ونه‌وه و پرسى پێكهێنانى حكومه‌تيش مه‌ترسى پرسى سه‌رژمێرى له ناوچه جێناكۆكهكانيان لهبيرنهباتهوه و به خێرایی هه‌موو لايه‌نه‌كان كۆببنه‌وه و به ديدگايه‌كى هاوبه‌شه‌وه رێگرى له ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى بكه‌ن به تايبه‌ت لە ناوچه جێناكۆكه‌كان، به‌ڕاستى لێككهوتهكانى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى له ناوچه جێناكۆكه‌كان له‌م ئان و ساته‌دا زۆر له لێكه‌وته‌كانى رووداوه‌كانى 16ـی ئۆكتۆبه‌ر زياتر ده‌بێت. ده‌بێت كورد پێداگرى له‌سه‌ر دواخستنى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى بكات لانى كه‌م له كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكان، دواتر هه‌وڵى جێبه‌جێکردنى ماده‌ى 140 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕياره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕش بدات، هه‌روه‌ها هه‌وڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و ئاسايش بۆ كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ