بەبیابانبوون و کاریگەرییەکانی لە رووسیا و هەرێمی کوردستان

14-11-2024
ماکسیم رووبین
A+ A-
 
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر لە 1897، ئانتۆن چێخەڤ، نووسەری رووسی لە شانۆنامە بەناوبانگەکەی (مامە ڤانیا)، باسی گۆڕانی ژینگەی کردووە و نووسیویەتی: "دارستانەکان خەریکە نامێنن، رووبارەکان وشکدەبن، ژیانی کێوی لەنێو دەبرێت، کەشوهەوا تێکدەدرێت و هەموو رۆژێک زەوی هەژارتر و ناشرینتر دەبێت."
 
گومانی تێدا نییە گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی ئەم سەردەمە. ئێستا ئەو ئاڵنگارییە لە دیبەیت و مشتومڕی ئەکادیمی دەرچووە و بووەتە کێشەیەکی جیهانی. قەیرانی ژینگەیی جیهان، کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە خراپتر بووە، ئێستا بووەتە کێشەیەکی جیدی بۆ سەر گەشەی ئابووری، کولتوور و کۆمەڵایەتیی هەموو وڵاتەکان.
 
ئەو هۆکارە سەرەکییانەی کە جیهانیان لەو قەیرانە تێوەگلاندووە بریتیین لە؛ کەمبوونەوەی ئاوی سازگار، قڕبوونی ئاژەڵ و جۆرەکانی رووەک، کەمیی باران و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی زۆر بە رێگەی نەگونجاو.
 
ئێستا مژاری پاراستنی ژینگە خاڵی لەپێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ خۆشگوزەرانی، سەقامگیریی سیاسی، ئاسایش و سەرکەوتنی ئابووری گرنگە. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی ژینگەیی جێبەجێکردووە کە سەرنجیان لەسەر خاوێنکردنەوەی هەوا، کەمکردنەوەی خاشاک و دەردانی گازە گەرمکەرەکانە. 
 
دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان چالاکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانە بەشداری لە چەندین بۆنە و کۆبوونەوەی گرنگ دەکەن. لە ساڵی 2023، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە کۆنفرانسی کۆپ28 لە دوبەی کرد، لەوێ چەندین راپۆرتی پڕ وردەکارییان لەسەر کێشە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکێشکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەوڵە بەردەوامە، شاندێک بە سەرۆکایەتیی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کۆپ29 چوونە باکوو [پایتەختی ئازەربایجان].
 
فیدراسیۆنی رووسیاش چالاکانە خەریکی مامەڵەکردنە لەگەڵ قەیرانی ژینگەیی جیهان. لە 26-10-2023 بەڕێز ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا واژۆی لەسەر (بنەماکانی فیدراسیۆنی رووسیا تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا) کرد؛ تێیدا ئەو بنچینە، ئامانج و ستراتیژییانە باسکراون، کە حکومەت لە هەمبەر گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی جێبەجێیان دەکات. ئەم پڕۆژەیە بناخەیەکی بەهێز بۆ سیاسەتی رووسیا لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوای رووسیا دادەنێت.
 
لە هەمانکاتدا، پرۆژەی نیشتمانیی (ژینگەناسی) کە لە ساڵی 2018 دەرچووە، لە پێناو پاراستنی ژینگە بەگەڕخراوە. ئەو پڕۆژەیە سەرنجی لەسەر پاراستنی ئاو و دارستان؛ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمگەرەکان؛ باشتر بەڕێوەبردنی فڕێدانی خاشاک، دووبارە بەکارهێنانەوە [ریسایکلین]؛ پاراستنی هەمەجۆریی زیندەیی و دەستەبەرکردنی وانەی پەروەردەیی ژینگەیی.
 
رووسیا هەروەها دوو پەیماننامەی گرنگی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا واژۆکردووە، ئەوانیش (پەیماننامەی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا – UNFCCC) و (پەیماننامەی پاریس).
 
رووسیا ئەزموون و شارەزایی ژینگەیی خۆی لە سەکۆ نێودەوڵەتییە جیاوازەکان بەشدەکات. وەکو ئەندامێکی کۆمەڵەی بریکس – BRICS، لە ئابی 2024 کۆڕبەندی (ئەجێندای نوێی بریکس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا)ـی بەڕێوەبرد؛ لەو کۆڕبەندە نوێنەرانی حکومی، کەرتی کۆمپانیاکان و شارەزا و زانایانی وڵاتانی ئەندام لە بریکس، گفتوگۆیان لەسەر چەندین رێگە کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. لە کۆڕبەندەکە، ئاڵوگۆڕی چەندین چارەسەری کردەیی بۆ کەم دەردانی کاربۆن کرا.
 
تادێت کێشەی بە بیابانبوون لە رووسیا گەورەتر دەبێت. لەسەر ئاستی جیهان، ئەو کێشەیە دەبێتە هۆی رۆچوونی زەوی و وشکبوونی زەویی بەپیت، کە نە بە کەڵکی کشتوکاڵ نە بە کەڵکی نیشتەجێبوون دێت. بە بیابانبوون هەروەها دەبێتە هۆی لەنێوچوونی سیستمی ژینگەیی، رووەک و زیندەوەر. زانایان چالاکییە نابەرپرسانەکانی مرۆڤ بە هۆکار و ئەنجامی بە بیابانبوون دەبینن.
 
بە بیابانبوون کێشەیەکە کە کاریگەری لەسەر رووسیا و هەرێمی کوردستان هەیە. بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی چەندین دەیەی رابردوو. جوانییە سرووشتییەکەی هەرێمی کوردستان و دیمەنە سەوزەکەی – کە ئەو رەنگە سەوزە لە ئاڵاکەشی هەیە – بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە خەریکە لەنێو دەچن. بۆ گەڕاندنەوەی جوانییە سەوزەکەی کوردستان، حکومەتی کوردستان پاڵپشتی لە پڕۆژەی چاندنی نەمام دەکات؛ لە شەش مانگی رابردوو، چەندین زۆنی سەوز و پارکیان بە درێژایی رێگە خێراکان دروستکرد.
 
ئەمڕۆ، نزیکەی 100 ملیۆن هێکتار زەویی رووسیا تووشی بە بیابانبوون بووە، لەوانەش لە هەرێمەکانی داگستان، تەتەرستان و کالمیکیا؛ هەروەها چەندین پارێزگەی وەکو ساراتۆڤ، ڤۆلگۆگراد، ئەستراخان، رۆستۆڤ و ستاڤرۆپۆل؛ کە دەکەونە باشووری بەشی ئەورووپای خاکی رووسیا. بۆ نموونە، بیابان و لمی هەرێمی کالمیکیا ساڵانە زیاتر لە 60 هەزار هێکتار زیاد دەکات و گردی لمین لە ناوچە نیشتەجێبووەکان نزیک دەبێتەوە. لە وەرزی هاوین، بەرزیی باهۆزەکان دەگاتە 50 بۆ 70 مەتر و خێراییشیان دەگاتە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. پێشبینییەکان دەریدەخەن، لەماوەی 200 بۆ 300 ساڵی داهاتوو، تەواوی هەرێمی کالمیکیا ببێتە بیابان. حکومەتی رووسیا هەموو هەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لەمە بکات. 
 
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ژینگەییە جیدییە، ئەکادیمیای رووسیا بۆ زانستەکان ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون. توێژەرانی ئەو ناوەندە پەرە بە پرۆگرامێک دەدەن بەناوی (فیتۆ میلیۆرەیشن)، کە بریتییە لە چاندنی پەرژینی سەوز بۆ ئەوەی رێگە لە گەورەتربوونی بیابان بگرن. ئەو چاودێری و توێژینەوەیە لە ساڵی 2022 دەستیپێکرد و تێیدا سوود لە وێنەی سەتەلایتی و توێژینەوەی خاک دەبینرێت. توێژەران هەڵسەنگاندنێکیان بۆ خاکە پەرژینکراوەکە کرد و دەرئەنجامی باشیان لێبینی. ئامانجی ئەو توێژینەوە و هەوڵەش بریتییە لە گەڕاندنەوەی سیستمی ژینگەیی، بەرەوپێشبردنی کوالێتیی خۆڵ، رێگەگرتن لە نشینی خاک و باشترکردنی هەمەجۆریی زیندەیی. ئامانجەکە بریتییە لە چاندنی گژوگیا، نەمام، دار و هەموو ئەو رووەکانەی کە بۆ ژینگە گونجاون بۆ ئەوەی کوالێتیی خاکەکە باشتر بکەن. 
 
بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون نموونەیەکی بەرزی ئەو کارە پڕبەرهەمەی زانایانی ژینگەیی رووسیایە. مادام قەیرانی ژینگەیی کێشەیەکی جیهانییە؛ ئاڵوگۆڕی زانیاری، هاوئاهەنگی و هاوکاری بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن زۆر گرنگن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.