سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی ئێران له دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له‌ڕاستیدا ده‌كرێ وه‌ك كامڵبوون یان باڵغ‌بوونی سیاسی قۆناغ به قۆناغ، له ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا سه‌یر بكرێ. رێك بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك سه‌ری هه‌ڵدا كه ده‌كرێ وه‌ك ورده بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری نێوزه‌د بكرێ، 10 ساڵ دواتر سه‌رهه‌ڵدانی چینی مامناوه‌ندی ئێران به تایبه‌تی له تارانی پێته‌خت ورده بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ساز كرد، به‌ڵام له دوو ساڵی رابردوودا سه‌رهه‌ڵدانێك ساز بووه كه خۆی له قاوغی وردە بزووتنه‌وه ده‌رهاویشتووه و له هه‌ندێ ره‌هه‌نده‌وه جیاوازی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ ورده بزووتنه‌وه‌كانی پێش خۆیدا هه‌یه.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی دوایی، بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رانسه‌ری بوو، جوگرافیایه‌كی زۆر به‌رینتری له‌خۆگرتبوو كه له پاش یه‌كه‌م راپه‌ڕینی، ته‌نیا دوو ساڵی پێویست بوو سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵداته‌وه، هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی چینایه‌تییه‌وه له‌وه‌پێشتر ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران سه‌ر به چینی خوێندكار و چینی مامناوه‌ند بوون، ئه‌وه ئێستا چینی هه‌ژار و پێخواس و ته‌نانه‌ت چینێكی دابڕاو له چینی مامناوه‌ند كه پێیدەگوترێ lower-middle class (زۆر كات خوێنده‌وارن و نه‌مرنه‌ژی ده‌ژین) هێمای سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌كه‌ن.
ئه‌و باڵغبوونهی باسمكرد له نێو گه‌نج و لاوه‌كانی چینی هه‌ژار و په‌رواێزخراوی ئێران‌دا گه‌یشتووەته لووتكه. به پێی داتا فه‌رمییه‌كانی كۆماری ئیسلامی زیاتر له یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی خه‌ڵكی ئێران له په‌راوێزی گه‌وره شاره‌كاندا ده‌ژین و له‌به‌ر هۆكاری داڕمانی ئابووری و نه‌بوونی خۆشبژێوی و وێرانیی كشتوكاڵ و بێكاری له گوند و شارۆچكه و شاره‌كان كۆچیان كردووه بۆ قه‌راغ شاره گه‌وره‌كان كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان گه‌نجن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه داتا نافه‌رمییه‌كان باس له 24 ملیۆن كه‌س له په‌راوێزی گه‌وره‌شاره‌كان ده‌كه‌ن! كه ئه‌گه‌ر وته‌ی پارله‌مانی كۆماری ئیسلامی بكه‌ین به بنه‌ما، كه ده‌ڵێ هێڵی هه‌ژاری له ئێران 000\800\4 تمه‌نه، ڕاده‌ی ئه‌م حه‌شیمه‌ته له 24 ملیۆن زۆر زیاتر ده‌بێ، واته له‌شكرێكی تووڕه و وه‌زاڵه‌هاتوو كه دواجار ده‌توانێ ده‌وری یه‌كلاكه‌ره‌وه بگێڕێ بۆ هه‌موو پێشهاتێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌گه‌رچی دیسان ئاگری سه‌رهه‌ڵدانه‌كه به توند‌وتیژترین شێوه به‌ڕواڵه‌ت دامركاوه.
له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵات زۆر باش بۆی ده‌ركه‌وت ئه‌م راپه‌ڕینه‌ی دوایی له دروشمی ڕیفۆرم و چاكسازی تێپه‌ڕیوه و رێك وه‌لی فه‌قیهی نیشانه گرتووه و خوازیاری نه‌مانی رژیمه، بۆیه به ته‌واوی هێزه‌وه، ڕێكخراوه سه‌ركوتكه‌ره نیزامی و ئه‌منییه‌كانی بێ سڵه‌مینه‌وه خۆپیشانده‌رانی سیڤیلیان دایه به‌ر ده‌سڕێژی گولله!
ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی كردی به چرای سه‌وزی ڕێبه‌ری وڵاتەوە هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه، كاره‌ساتێكی مرۆیی بوو كه له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا وێنه‌ی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی هه‌موو دنیادا ئێران بوو به یه‌كه‌م وڵات كه خێرایی ئینتێرنێت تا ئه‌و ڕاده‌یه خاو بكاته‌وه و ته‌نانه‌ت راده‌ی كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئینتەرنێت له سه‌تا بگاته پێنج و دواجار سفر، بۆ سازكردنی دوورگه‌یه‌كی ئایزۆله‌ی دابڕاو له دنیای ئازاد و بۆ كۆنتڕۆڵ و سه‌ركوت و داسه‌پاندنی كه‌شی ئه‌منی به‌سه‌ر وڵات‌دا و پێشگیری له بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه مه‌ترسیداره‌كانی ناوخۆ لەبارەی كوشتنی خۆپیشانده‌ران. هه‌ر بۆیه ماوه‌ی ده ڕۆژ ئێرانی له جیهان دابڕاند، به‌ڵام سۆنامی گرته ڤیدیۆییه‌كان له پاش به‌رقه‌راربوونه‌وه‌ی هێڵی ئینتەرنێت دنیای هه‌ژاند و جیهان ئاگاداری جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌رحه‌ق به خۆپیشانده‌ره‌كان بوو!
ئه‌وه‌ی له شاره‌كانی ئێران بینیمان، زیاتر له سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشی چینی هه‌ژار و پێخواس و مامناوه‌ندی ئێران ده‌چوو، كه گوشاری ئابووری بڕستی لێبڕیون. له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م گوشارە ئابوورییانه‌دا، فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی هه‌م خۆیان، هه‌م خزم و كه‌سی هه‌ره نزیكیان، ئه‌م دژكردهوهیهی شه‌قامه‌كانی ئێرانی لێكهوتهوه.
به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا به‌رهه‌می گوشاری ئابووری ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوو نییه، ئه‌مه به‌رهه‌می كه‌ڵه‌كه‌بوونی گوشاری سیاسی و داڕمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی چل ساڵ حوكمڕانی كۆماری ئیسلامییه. وڵاتێكی داڕماو و وێران له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
سه‌رنجڕاكێشه كاتێ بزانین كه كۆماری ئیسلامی ساڵانه 830 ملیۆن دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و 368 ملیۆن دۆلار بۆ حه‌ماس دابین ده‌كا! ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌پێی هه‌واڵی بانكی ناوه‌ندی ئەوروپا له ساڵی 2019 ، زیاتر له 70 له سه‌دی خه‌ڵكی ئێران له ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین!
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م دهنگههڵبڕینانه به‌ڕای من دواجار لانیكه‌م زۆر هاوكێشه له ناوخۆدا ده‌گۆڕن، كه گرینگ‌ترینیان، دیسان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌قامه بۆ خه‌ڵك. خه‌ڵك له هه‌موو دنیادا خاوه‌نی شه‌قامن، شه‌قام گه‌وره‌ترین هێزه به‌رامبه‌ر به چواردیوارییهك كه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان خۆیانی تێدا حه‌شار ده‌ده‌ن. ئه‌مه ڕێك ئه‌و دیارده‌یه‌یه كه چل ساڵه كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی توانایه‌وه هه‌وڵی بۆ ده‌دا نه‌یه‌ته‌دی و نه‌بێته ئه‌مری واقیع، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له هیچ چه‌شنه سه‌ركوت و زیندان و كوشتنێكیش درێغی نه‌كرد و ناكا. دیسامبەری دوو ساڵ له‌وه‌پێش بوو كه خه‌ڵك شه‌قامیان ئه‌ستانده‌وه و ئه‌مڕۆش هه‌مان چیرۆك دووپات بووەوه، واته گرینگ‌ترین ده‌سكه‌وتی ڕاپه‌ڕینه‌كان، وه‌رگرتنه‌وه‌ی شه‌قام بوو!
هه‌وڵێكی بێ ئاكام و بێ ئه‌نجامی لانیكه‌م بیست ساڵی ڕابردوو له قاڵبی ڕیفۆرمخوازیدا، (دوو ده‌یه‌ی پێشتریشی لێ زیاد كه‌ن) بوو به‌هۆی ڕژانی خه‌ڵك بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان.
بۆ به‌رده‌وامی ئه‌م خۆپیشاندانانه و به گشتی ئه‌م بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه بێ سه‌ره و ڕێبه‌ری نییه، سۆشیال میدیا ده‌توانێ جۆرێ یه‌كێتی سه‌رانسه‌ری ساز بكا كه به ته‌عبیری مانوئێل كاستێلز وه‌ك تۆڕێكی به‌ربڵاو و دوورودرێژ "هیوا" و "تووڕه‌یی" له هه‌ناوی یه‌كتردا كۆبكاته‌وه. ئه‌گه‌رچی شوێنی لۆكاڵی سه‌رهه‌ڵدان شه‌قامه و تووڕه‌یی خه‌ڵك له‌وێ خۆده‌رده‌خا، به‌ڵام سۆشیال میدیا شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كانه و هیوا به دواڕۆژێكی باشتر. بۆیه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌بێ هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی باسكرا‌و له‌به‌رچاو بگرێ.
به‌ڵام شه‌قامی كوردی ده‌بێ زۆر وریاتر له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینه سه‌رانسه‌رییه‌كان بجووڵێته‌وه و له‌سه‌ر هه‌ست بێ كه نه‌بێته كه‌واسووری له‌شكر و ئاوردووی راپه‌ڕین، چون دیتمان كۆماری ئیسلامی وه‌ك هه‌میشه ده‌ستی ئاوەڵاتره ڕۆڵه‌ی كورد به‌بێ سڵه‌مینه‌وه بکوژێ و ئه‌مه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه له كاتی سه‌رهه‌ڵدانێكی له‌م چه‌شنه، ده‌سه‌ڵات زۆر ئه‌منییه‌تیتر له‌گه‌ڵ كورد ده‌جووڵێته‌وه، بۆیه به‌پێی ئه‌و پتانسییهلانهی كورد هه‌یه‌تی، ده‌بێ له پڕۆسه‌ی ده‌نگهه‌ڵبڕینی سه‌رانسه‌ریدا، ببێته مێشكی راپه‌ڕین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ