هێرش بۆ ماڵی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە عێراق

07-11-2021
هێمن لهۆنی
هێمن لهۆنی
A+ A-
هێرش بۆ سەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ عێراق و دامەزراوەکانی. ئەم هێرشە بیرمان دەخاتەوە کە ئەم وڵاتە بەهۆی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەوە سەروەریی دەرەکیی نییە و بەهۆی کۆمەڵێک میلیشیای لە دەرەوەی یاسایشەوە سەرەوەریی نێوخۆیی نەماوە.

 

بەپێی یاسا مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بە گرووپەکانی حەشدی شەعبیشەوە، بەڵام لەسەر زەمین لەوەتەی کازمی بووەتە سەرۆکوەزیران، لەلایەن ئەم گرووپانەوە هەر رۆژەو بە شێوەیەک هەڕەشەی لێدەکەن.
 
زۆربەی هێرشەکانی ئەو گرووپانە تەنیا قسە بووە و لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا بووە، بەڵام بە هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 7-11-2021 بۆسەر ماڵەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ؛لەکاتی حەوانەوە و خەودا هەڕەشەکان دەبنە جیددی و هەڕەشەیەکی تەواو بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە.

 

هێرش بۆ ماڵی کازمی و هەوڵی کوشتنی، عێراق دوو هەنگاوی گەورەی دیکە دەبەنە دواوە
 
یەکەم: سەرەڕای کەموکوڕی و کێشەکانی عێراق، ئەم وڵاتە هەڵبژاردنی تێدا دەکرا و سەرۆکوەزیرانەکانی دوای نەمانی سەدام بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەستاودەستی دەسەڵاتیان دەکرد. نموونەیەکی جوانی عێراق بوو، بەڵام دیارە ئەم هەڵبژاردنە، چونکە پاکترین بووە بەدڵی زۆر کەس نییە، لەوانەش ئەو گرووپانەی هەڕەشە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن. ئەم هەڵبژاردنە دەریخست کە دەنگدەری شیعە لەگەڵ گرووپە تووندڕەوەکانی نێو حەشد نییە و قبووڵ نەکراون. بۆیە ئەم گرووپانە بە رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و تێکدانی سەقامگیری هیچ بەدەستناهێنن جگە لە ناشرینکردنی ناوی حەشد لەنێو دەنگدەری شیعە.بەم کارانەیان یەکێک لە جوانییەکانی عێراق و دیموکراسییەکەی ناهێڵن و خۆیشیان زیاتر دەخەنە ژێر پرسیار و هەموو ئەو قوربانییەی کە لە شەڕی دژی داعش داویانە لە بیری خەڵکی عێراق دەبەنەوە.
 
دووەم: ئەم گرووپانە رۆژانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەروەریی عێراق دەپارێزن و بەشێکن لە سیستمی بەرگریی وڵات، بەڵام ئەو کارەیان دەریدەخات نەک ئامرازێکن بۆ تێکدانی سەروەریی دەرەکی لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو ئێستا بەدەستی خۆیان سەروەریی نێوخۆیی لە عێراق لاوازتر دەکەن و سەرۆکی دامەزراوەی جێبەجێکاریی وڵات بە ئاشکرا دەکەنە ئامانج، مادام بە ئاوازی ئەوان هەڵناپەڕێت، ئەگەر ئەم کارەیان بۆ بچێتە سەر ئەوا عێراق لە ناوخۆ و دەرەوەش ئەوەندەی دیکە بێ سەروەری دەبێ و شەرعیەتی بۆ دامەزراوەکان نامێنێ. لە دەرەوەش وڵاتان بە چاوێکی بێ رێزەوە دەڕواننە عێراق.
 
عێراقییەکان حەقی خۆیانە لەم گرووپانە بپرسن کە هێرش دەکەنە سەر ماڵی سەرۆکوەزیران، ئایا بەڕاستی چیان دەوێت؟ دەیانەوێت عێراق بکەنە لوبنانی دووەم؟ ئایا دەیانەوێت ئیدی هەڵبژاردن نەکرێت، مادام ئەوان دەنگ ناهێنن؟ چۆن دەتوانن وا لە سەرۆککۆمارێکی کورد و سەرۆک پەرلەمانێکی سوننە لە بەغدا بکەن کە لەم وڵاتە هەست بە پارێزراوی بکات، کاتێک ئەوان ئاوا هێرش بکەنە سەر سەرۆکوەزیرانێکی شیعە؟ ئایا دەزانن ئەو کارانەی گرووپە تووندڕەوە شیعەکان ئێستا گەورەترین هەڕەشەن بۆ پارچەپارچەبوونی عێراق و نەهێشتنی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان؟ 
 
چارەسەری بەپەلەش سێ خاڵە:
 
یەکەم: بەڕێز مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە نەجەف بێتە سەر خەت و ئەو گرووپانەی لە پشت هێرشکەوەن بە تێکدەر و لادەر لە دین و دونیا ناو ببات، بیانکاتە دەرەوەی بازنەی شیعە و خۆی بێبەری بکات لێیان.
 
دووەم: حکومەتی عێراق و ئەو هێزانەی لەگەڵ دەوڵەت و دامەزراوەن دەبێ بچنە یەک بەرە، جا سوننە بن یان شیعە یان کورد. دەبێ پێکەوە و بە بێ موجامەلە دژیان بووەسترێتەوە و رای گشتییان لێ هانبدرێت. هەنگاوی یەکەمیش بۆ ئەمە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دروستکردنی حکومەتێکی نوێیە.
 
سێیەم: دەبێ بە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی بە ئێران بگوترێت کە هەڵوێستی روونی خۆی دەربڕێ کە ئەگەر لەگەڵ ئەوەیە عێراق بەهێز بێ و دامەزراوەی هەبێ، ئەوا دەبێ لەسەر زەمین بە کردار بیسەلمێنێت، چونکە هەر پێشهات و رووداوێکی خراپ لەم وڵاتە رووبدات عێراقییەکان پەنجەی تۆمەت رادەکێشن بۆ ئێران. ئەگەر جاران تەنیا کورد و سوننە وایان کردبێ، ئەم هەڵبژاردنە پێشانیدا کە زۆرینەی شیعەش رایان گۆڕاوە و حەز دەکەن دەوڵەتەکەیان سەروەریی خۆی هەبێ نەک میلیشیای خۆی.
 
پرسیارێک کە من و هەموو عێراقییەکیش ئەم بەیانییە لە خۆمانی دەکەین ئەوەیە سەرۆکوەزیرانێک کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە ماڵی خۆی پێ نەپارێزرێت، چۆن وا لە عێراقییەکان دەکات هەست بە ئاسایش بکەن و ئومێدیان بە داهاتووی وڵاتەکە هەبێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

کورد کڵاوى کردە سەر خۆی

چونکە شەڕى ئیسرائیل خەریکە لە ناوچەکەدا فراوان دەبێت، هەروەها گەڕانەوەى دۆناڵد ترەمپ لە بەرژەوەندیی هەژموونى شیعە نییە، شیعەکان پەلەیانکرد لەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بە سوننەیەکى سەر بە پڕۆژەى ئێرانى پڕ بکەنەوە. دەبوو کورد رێگەى نەدابا ئاوا بە ئاسانى ئەو چەکەى دەستیکەوتبوو تەسلیم بە شیعەى بکاتەوە. لانى کەم دەیتوانى بیکردایەتە مەرجى راگرتنى ئەو پرۆسە سەرژمێرییەى وەک ئامرازێک بۆ بردنەپێشەوەى قۆناخێکى دیکەى تەعریب بەکارى دەبەن... چۆن کورد بە بەخشینى کورسییەکانى سەدر بە شیعە وەلائییەکان، بەرەى نەیارەکانى خۆى بەهێزکرد، ئەمجارەش بە پێشکەشکردنى بێبەرامبەرى سەرۆکى پەرلەمان بەهەمان ئەو بەرەیە، کڵاوێکى مەکسیکى خستە سەر خۆى. زۆر ناخایێنێت شەقى ئەم هەڵەیەش دەخۆین.