وەک حەماسمان لێنەیەت

02-06-2024
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
هەرای غەززە بە دنەدانی ئێران دەستیپێکرد و ئێستا هێندە قووڵ بووەتەوە کە وەک لە کوردەواریدا دەڵێن: کەوچی قوڵەی تێناچێ. هێندە قووڵە کە وەک میدیاڤانی ئەمریکی فەرید زەکەریا لە گۆشەی هەفتەکانی رابردوویدا نووسیبووی: مەسەلەکە چیدیکە ئایندەی ئیسرائیل نییە، بەڵکو ئایندەی نەتانیاهوویە.
 
ئەو حەماسەی ئیسلامییەکانی کوردستان دەیانەوێ جوانی بکەن، لە ٧ی ئۆکتۆبەردا تاوانی تیرۆریستیی کرد، بەڵام کاردانەوەی ئیسرائیل هێندە نامرۆڤانە بوو کە تەنانەت دامەزرێنەری رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ (کە خۆی جوویەکی رزگاربووی دەستی نازییەکانە) ئیسرائیل و نەتانیاهوو بەوە تۆمەتبار دەکات کە جینۆسایدیان کردووە. بەڕاستیش ئەوەی لەم رۆژانەدا بەرامبەر خەڵکی بێگوناهی غەززە دەیبینین جینۆسایدە. جینۆسایدێک کە حەماس بەئەنقەست هانی روودانی دەدات و ئیسرائیلیش بێڕەحمانە بەرامبەر خەڵکی سیڤیل دەیکات.
 
دەستپێشخەرییەکەی بایدن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی باشە، بەڵام هەموو کەس دەزانێ سەرناگرێت. بایدن پێویستی بەوەیە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەرکەوتنێکی لە کەیسی غەززەدا هەبێ. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە زانکۆکانی ئەمریکادا ئەو کەیسە بووەتە بابەتی ناکۆکیی نێوان هەواداران و دژبەرانی ئیسرائیل. بۆ بایدنێک کە رکابەرەکەی پۆپولیستێکی وەک ترەمپە و خاوەنی پڕۆژەی چارەسەری سەدەیە بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین، گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەو جەنگەی لە غەززە هەیە لەسەر دەستی ئەو نەمێنێ. ئەوە خەیاڵپڵاوییە و بەم زووانە نایێتەدی.
 
 ئێرانیش یاری بە کارتی قوتابیان و زانکۆکانی ئەمریکا دەکات. ئەمە یارییەکە پێشتر ئەمریکی و بەریتانی و ئەورووپییەکانی دیکە لەگەڵ قوتابیانی زانکۆکانی ئێران و لەدژی دەسەڵاتدارانی ئێران کردوویانە. ئامانج لێی جووڵاندنی ئەوانەیە کە دژی سیستمی حوکمڕانیی وڵاتەکانیانن یان دەیانەوێ ریفۆرم بکەن. ئێرانیش لەوەدا سەرناکەوێ. چونکە ئەمریکی چەندەش گلەییان لە سیستمی خۆیان هەبێ، چاویان لەوە نییە لە دەرەوە یارمەتی بدرێن بۆ گۆڕینی سیستمەکەیان و هەمیشە لە نێوخۆوە هەوڵی گۆڕینی دەدەن. بۆیە لە خراپترین دۆخ دا پەنا دەبەنە بەر ترەمپ، کە دەزانین بۆ ئێران چەندە خراپە ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێت.
 
یەکێک لەو گلەییانەی لە وڵاتانی عەرەبی دەکرێ ئەوەیە کە هەرچەندە دژی حەماسن، بەڵام یارمەتی ئیسرائیل نادەن بۆ دانانی حکومەتێکی جێگرەوە بۆ حەماس لە غەززە. ئەمە بەشێکی راستە، بەشەکەی دیکە ئەوەیە کە حکومەتی نەتانیاهوو هیچ ستراتیژێکی نییە بۆ حوکمی غەززە لەپاش دەرپەڕاندنی حەماس. بۆیەش لەم ماوەیەدا لە زۆر شوێن ناچارن پاشەکشە بکەن و جارێکی دیکە شەڕی دەرپەڕاندنەوەی حەماس بکەنەوە. ئەمریکاش کاتی خۆی لە عێراق وایکرد و ئەو بەزمە ساڵەهای خایاند تاوەکو تێبگەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیدیکە حکومەتی  بێگانە یان ئیستیعماری جاران ناتوانێ حوکم بکات.
 
حەماس ئەو وێنە جوانەی نییە کە ئیسلامییەکانی کوردستان دەیانەوێ پیشانی بدەن. جووڵانەوەیەکی ئیخوانییە، کەچی بڕوای بە میانەڕۆیی نییە. رکابەرەکانی بە زەبری چەک و بە فڕێدانە خوارەوە لە باڵەخانە بەرزەکانەوە لە غەززە دەرپەڕاند. خەڵکی سیڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنێ و هەرگیزیش قسەیەکی خێری لەسەر سەربەخۆیی و مافی خەڵکی کوردستان بۆ هەبوونی دەوڵەتی خۆیان نەکردووە. گوێم لێبوو هەندێک بانگخوازی ئیخوانیی کوردستان دەیانگوت بە ئاڵای کوردستانەوە کۆمەک دەنێرین و حەماس رێگری لێناکات! ئەوەی باش ئاگای لە دۆخی غەززە و رەفەح و ناوچە گەمارۆدراوەکانی دیکە بێت باش دەزانێ کە چۆن خەڵک لەو ناوچانە نەک پێشوازی لە کەرەستەی کوردستانی، بەڵکو لە کاڵای ئیسرائیلیش دەکەن، بۆ ئەوەی لەو مەینەتییە دەرچن کە حەماس و نەتانیاهوو ئەوانی پێوە گیرۆدە کردووە. هەر لە رەفەحەوە چالاکڤانان ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە و باس دەکەن کە چۆن کاڵای ئیسرائیلییان بە هەرزانتر لە جاران بەدەست دەگات!
 
من دوو جار چوومەتە ئیسرائیل.  جاری یەکەم بۆ هەڵبژاردنەکان بوو و نەتانیاهوو تێیاندا بردیەوە. جاری دووەم بۆ ئامادەکردنی بەڵگەفیلمێک بوو وەک بەشێک لە بەرنامەی (گەڕیدە)ی رووداو. جاری دووەم دەمویست لەوە بکۆڵمەوە کە بەڕاستی پڕۆژەکەی ترەمپ بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل سەردەگرێت. لەو جارەدا بۆم دەرکەوت کە ئەو کێشەیە چەندە کێشەیەکی سەربازی و ئایدیۆلۆژییە، هێندەش کێشەیەکی هەواڵگری و پڕ لە درۆ و دەلەسەیە. زۆر لەو ڤیدیۆیانەی لەم رۆژانەدا دەیانبینن و تێیاندا بەدەیان کەس دەکوژرێن و منداڵ هاوار دەکەن، دەکرێ درۆبن. پڕوپاگەندە و ماشێنی راهێنانی خەڵک بۆ پڕوپاگەندە هێندە لەوێ بەهێزن کە قەت بەخەیاڵیشتاندا نایێت. بۆنموونە ئیسرائیل ڤیدیۆیەک بڵاودەکاتەوە کە کۆمەڵێک فەلەستینی تەرمێک دەبەنە سەر قەبران. لە رێگە دەنگی هۆشداریی بۆردوومان دەبیستن و ئەوانەی دارەمەیتەکەیان هەڵگرتووە هەموویان هەڵدێن. پاش کەمێکی دیکە تەرمەکەی نێو دارەمەیتەکە هەڵدەستی و هەڵدێت. ئەمە دەکرێ هەمووی درۆیەکی ئیسرائیلی بێ و وەک گرتەی نێو درامای (فەوزا)ی ئیسرائیلی تۆمارکرابێت.
 
ئەوکاتەی بۆ جاری دووەم لە ئیسرائیل بووم، چوومە سەر سنوورەکانی غەززە و کەناری رۆژئاواش. لەو سەرسنوورانە کابرایەکم ناسی کە گوتی پێشتر "فەرماندەیەکی حەماس" بووە. دەستمانکرد بە هەڤپەیڤین و کامێرا قسەکانمانی تۆمار دەکرد. کابرا درۆ لەدوای درۆی دەکرد. هاتبووە شوێنێکیش کە پڕبوو لە سەربازی ئیسرائیلی. جامانەیەکی فەڵەستینیی لەمل کردبوو و باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە چۆن "دڕندانە" حەماسیان بەڕێوە بردووە. کتێبێکی سی پەڕەیی بێ نێوەڕۆکیشی لەبەردەم دانام و گوتی خۆی نووسیویەتی. من دەمزانی ئەوەی دەیبیستم و بەرامبەرم دانیشتووە و درۆم بۆ دەکات بەکرێگیراوێکی ئیسرائیلییە بۆ شەڕێکی قێزەون کە لەگەڵ حەماسی قێزەون دەیکەن، بەڵام لەوەش تێگەیشتم کە ئیسرائیلی باشتر لە فەڵەستینی دەزانن چیرۆکەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان لەو ناوچەیەدا بفرۆشنە جیهان .
 
هەر ئەوکات لەگەڵ شڤان بەرواری هاوکارم رێگەمان کەوتە نێو بازاڕی کۆنی (ئۆرشەلیم-قودس). ئەوێ بەدەست عەرەبەوەیە و بەوەش بەنێوبانگن کە ئەگەر ئاگات لەخۆت نەبێ قۆڵت دەبڕن. ویستم هەندێک دیاری بۆ کەسوکار لە هۆڵەندا بکڕم. فرۆشیارەکە نرخی زۆر بەرزی دەگوت. کاتێک لە ئینگلیزییەوە کردمە عەرەبی و پێمگوت نرخەکانم بۆ کڕیاری عەرەبی دەوێت، چارەکێکی نرخەکانی پێگوتم. منیش تاوەکو توانیم بەو نرخە کەمە دیاریم کڕی. لەکۆتاییدا پێمگوت:
- هەر بۆ زانینت، من عەرەب نیم و کوردم، بەڵام قەیدی چییە، هەموومان موسڵمانین!
 
فرۆشیارەکە رەنگێکی هێنا و برد و گوتی:
 
- خوا شاهیدە زانیبام کوردی هەر پێم نەدەفرۆشتی. ئەو ماوەیە دوو کورد بە جلی کوردی هاتبوونە نێو بازاڕ. هۆیهامان لێکردن و دەرمانکردن!
 
ئەو شوێنەی ئەو گفتوگۆیەمان تێیدا هەبوو هەمووی پەنجا مەتر دوور بوو لە کۆڵانێکی نێو بازاڕەکە، کە بەنێوی سەرکردەیەکی کوردی ژێر فەرماندەیی سەڵاحەدین کرابوو، کە ناوی (عیمادەدین) بوو و خەڵکی باکووری کوردستان بوو. واتە لەو شوێنەی کورد بە فەرماندەیی ئەیوبییەکان عەرەبیان رزگار کردبوو، نەوەی عەرەبەکان دڵیان پڕ لە رق بوو بەرامبەر کورد!
ئەمانە بەو مانایە نین کە فەڵەستینی نین کە کوردیان خۆشبوێ. هەن، بەڵام زۆر نین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەوەی ئێستا نەتانیاهوو بەرامبەریان دەیکات بە مانای وشە جینۆسایدە. ئێمە کە خۆمان دەردی چەندەها جینۆسایدمان کێشاوە، ناتوانین لەسەر بێعەقڵیی ئەوانەی کە لە هەشتاکان برا فەلەستینییەکانیان رۆڵی کاریگەریان لە ئەنفالکردن و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان هەبووە، لەبیربکەین کە ئەوەی ئێستا بەسەریاندێ قبوڵکراو نییە.
 
هیچ حوکمڕانێک لە دنیادا مافی ئەوەی نییە گەلێک جینۆساید بکات. هێندەی قسەم لەگەڵ ئیسرائیلی و جووەکان کردووە ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدا نین کە سوپاکەیان و نەتانیاهوو دەیکات. هەمووان دەزانن غەززە باجی ئەوە دەدات کە حەماس بە کورتبینیی خۆی کردی. من بڕوا بە ئێران دەکەم کە گوتی وردەکارییەکانی هێرشەکەی حەماس بۆ غەززەی نەزانیوە، بەڵام باش دەزانم هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی ئێران نەبووایە حەماس نەیدەتوانی ئەو هەڵە گەورەیە بکات. لەکۆتاییشدا ئەوەی زیانیکرد خەڵکی غەززە بوو. چونکە ئیسرائیل نەک خاکی لەدەستنەدا، بەڵکو خاکی زۆرتریشی گرت و ئەگەر بڕیاربێ دەوڵەتێکی فەلەستینیش دروستبێ دەبێ لەسەر خاکێکی کەمتر لەوەی بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەر بێت. ئەوەی قازانجیشی کرد ئێران بوو. چونکە بەهۆی ئەو سەرقاڵییانەوە زۆر زۆرتر لە جاران نزیکتربووەتەوە لەوەی چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
 
ئەو رووداوانە بۆ کوردیش وانەی گرنگیان تێدان. تووندوتیژی نامانگەیێنێتە هیچ. نابێ هێز و لایەنی پەڕگیر لە کوردستان بەهێزبن. نابێ دەمارگیری و ئایدیۆلۆژیا لەبیرمان ببەنەوە کە لەکوێ دەژین و چۆن دەبێ مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر بکەین. ناکرێ گەندەڵی و لووتبەرزی و پاوانخوازی و سنووردارکردنی ئازادییەکان لە کوردستان بچەسپێن، چونکە ئەنجامەکەی وەکو ئەوەی حەماس دەبێت.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.