رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینی سیستمی غازی باڵەخانەیەک لە ئیزمیر، چوار کەس گیانی لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
کاژێر 15:34 خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، سیستمی غازی باڵەخانەیەک لە گەڕەکی ئایرانجیلار سەر بە شارۆچکەی تۆرباڵی لە ئیزمیر تەقییەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەقینەوەکە لە نهۆمی زەمینی باڵەخانە چوار نهۆمییەکە روویدا، کە کارگەیەکی بچووکی شیرنەمەنی و هەویرکاری بووە و بەهۆی دزەکردنی غازەوە تەقینەوەکە روویدا.
بەهۆی کاریگەریی بەهێزیی تەقینەکە، کارگەکە بەتەواوەتی رووخا و زیانی زۆر بە باڵەخانەکە و دووکانەکان و ئۆتۆمبێلەکانی دەوروبەری کەوت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، شەش لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و زۆربەی بریندارەکانیش بەهۆی پارچە جامە شکاوەکان بووە و سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ