یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا: دەبێت کوردی سووریا خاوەنی هەموو مافێک بێت

26-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەبێت دەم پارتی داوا لە پەکەکە بکات، پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت. لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، "پێویستە کوردی سووریا هەموو مافێکی هەبێت."
 
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، "چەقبەستووییەک لە پرۆسەکەدا نییە. پرۆسەکە بەردەوامە. بە ئەرێنی دەیبینم و قۆناخ بە قۆناخ دەچێتە پێشەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە، درەنگ نەخرێت و کەسیش بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست نەکات."
 
یڵماز بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بە قۆناخێکی گرنگ ناوبرد و گوتی، تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەکەکەدایە، واتە چاوەڕوانی هەیە پەکەکە رۆژی کۆنگرە دیاری بکات و بڕیار بدات.
 
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 20ـی ئاداری 2025 لە ئێکس لەسەر زاری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکە لەبارەی کاتی چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند، "پێشنیاز و پێشبینیی ئێمە ئەوەیە، رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025 لە شارۆچکەی مەلازگرد لە پارێزگەی مووش بە یارمەتی و پاڵپشتیی سەرۆکشارەوانیی دەم پارتی (فەیات ئاسیا)، پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە مشتومڕەکانی خۆهەڵوەشاندنەوە و ئەم بابەتە بهێنێت."
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی مەبەستی باخچەلی-یەوە گوتی، "واتە، دەستبەجێ کۆنگرە ببەستن و بڕیار بدەن. پێم وایە پێویست ناکات گوێ بە وردەکارییەکانی دیکە بدرێت."
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوا دەکات، ئۆجەلان بەشداری لە کۆنگرەدا بکات و بەڕێوەی ببات. جەودەت یڵماز گوتی، "ئۆجەلان ئێستا لە ئیمراڵییە، بەڵام ئەو بانگەوازی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی هەیە؛ بۆیە رێکخراوەکە نابێت بە هیچ بیانوویەک بانگەوازەکە جێبەجێ نەکات."
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "دەوڵەت دامەزراوەی پەیوەندیداری هەیە. ئەگەر پێویست بە ناردنی پەیامێک بکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەوەی پێویست بێت دەیکەن."
 
لەبارەی رۆڵی دەم پارتی لە پرۆسەی چارەسەری، یڵماز گوتی، "دەم پارتییەکان وەک پێویست ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن. ئەوان پێویستە بە پەکەکە بڵێن: ئەوەی ئێوەی دامەزراندووە، بانگەوازی بۆ کردوون تاوەکو کۆنگرە ببەستن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە. ئێمەش وەک پارتێک کە داکۆکی لە دیموکراسی دەکەین، هەمان بانگەواز دەکەین. پێویستە وەها بڵێن؛ پێویستە بەڕوونی ئەوە بڵێن. من تاوەکو ئێستا شتێکی وەهام لە دەم پارتی نەبیستووە."
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "دوای ئەوەی رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشایەوە، هیچ کەسێک بە دەم پارتی ناڵێت؛ تۆ لە چوارچێوەی پەیوەندیدایت لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیدا سیاسەت دەکەیت."
 
لە ئەگەری جێبەجێکردنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، جەودەت یڵماز گوتی، "ئاست و هێزی دیموکراسیمان بەرز دەبێتەوە و لە تورکیا کەشێکی نوێ دێتە ئاراوە. بۆیە ئێستا گرنگترین شت ئەوەیە، رێکخراوی تیرۆریستی کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بێگومان بەمە تەواو نابێت، قۆناخی دواتر ئەوەیە، چەکەکانیان دابنێن."
 
ئەو گوتانەی یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی یەکی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.
 
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، "سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر سووریا زۆر روونە. ئێمە سووریایەکی یەکپارچە و سەقامگیرمان دەوێت کە تێیدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان پێکەوە بژین. وەک چۆن ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەیە، لە رووی مرۆڤایەتییەوەش راسترینیان ئەوەیە، سووریایەکی ناسەقامگیر زیانی بۆ تورکیا دەبێت. بینیمان لە 13 ساڵی رابردوودا سووریایەکی پڕ شەڕوپێکدادان، چ بەرهەمێکی بۆ تورکیا هەبوو."
 
یڵماز لەبارەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان گوتی، "باوەڕمان وایە، دەبێت ئەو کوردانەی لەوێ دەژین، خاوەنی هەموو مافێکی خۆیان بن. بەڵام لە هەمان کاتتدا ناشتوانین چاوپۆشی لە پێکهاتەیەکی تیرۆر بکەین کە هەڕەشە لەسەر تورکیا دروست بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە