ئەردۆغان: خاوەن گەنجترین دانیشتووی جیهانین، بەڵام منداڵەکانمان دەکەینە قوربانیی براکوژی

27-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەرچەندە خاوەنی گەنجترین دانیشتووی جیهانن، بەڵام منداڵانیان دەبنە قوربانیی براکوژی.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی پێشبڕکێی قورئانخوێندن کە شەوی چوارشەممە (26-3-2025) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە برایەتی و تەبایی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش موسڵمانان کرد.  
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە "پەرتەوازەیی جیهانی ئیسلامی کرد کە هۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانن یەکگرتن." 
 
ئەردۆغان گوتی "سەیری هەر کوێی جوگرافیاکەمان بکەیت، ناسەقامگیری، پێکدادان، پشێوی و براکوژی دەبینین. بەهۆی سەرقاڵبوونمان بە پرسە نێوخۆییەکانەوە، بەداخەوە بەگوێرەی پێویست ناتوانین سەرنج بخەینە سەر جیهانی دەرەوە و دەرفەتەکانی دەرەوە. مەزهەب، نەژاد و دەمارگیریی هۆزگەرایی، وزەی موسڵمانان ناهێڵێن." 
 
ئەردۆغان رایگەیاند ئێستا ناچارن، بێ ئەوەی گوێ بدرێتە جیاوازیی نێوان تورک، کورد، عەرەب، فارس، ئاسیایی، ئەفریقایی، رەشپێست و سپیپێست، وەکو جیهانی ئیسلام باوەشی برایەتی بۆ یەکدی بکەنەوە. گوتیشی "سەرەڕای ئەوەی خاوەن گەنجترین دانیشتووانی جیهانین، بەڵام منداڵەکانمان کە داهاتوومانن، دەکەینە قوربانیی براکوژی. دیوارەکانی فیتنە و دووبەرەکی کە سەدەیەک لەمەوبەر ئیمپریالیستەکان هەڵیانچنیوە و ساڵانێکە بەردەوام گەورە دەبێت، بەنیگەرانییەوە دەڵێم، چی دەکەین ناتوانین بیانڕووخێنین".
 
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا هەروەها رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت و بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی فەڵەستینییەکان تۆمەتباری کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی عەریفە کوژراوەکەی سوپای تورکیا

تورکیا گیانلەدەستدانی عەریفێکی راگەیاند کە لە هەرێمی کوردستان بریندار ببوو

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی عەریفێکی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە هێرشێكی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە قورسی بریندار ببوو