تورکیا و ئەمریکا جەخت لە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو دەکەنەوە

26-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا لە واشنتن کۆبوونەوە و بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەردوولا جەختیان لە هاوئاهەنگی نێوانیان لە پرسەکانی ئاسایش و بازرگانی کردووەتەوە. هەروەها جەختیان لە پشتیوانیکردنی سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز کردووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 25ی ئاداری 2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەردوولا "تاوتوێی هاوئاهەنگییان لەبارەی پرسە سەرەکییەکانی وەکو ئاسایش و بازرگانی کرد."
 
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوتا تورکییەکەی کردووە کە حکومەتی وڵاتەکەی رۆڵی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئۆکراینا و باشووری قەوقاسدا هەبێت.
 
روبیۆ ستایشی رۆڵی تورکیای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووە و دووپاتی کردووەتەوە، "پێویستە هاوئاهەنگییەکی نزیک هەبێت بۆ پاڵپشتیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز، کە نەبێتە بنکەی تیرۆری نێودەوڵەتی و چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ نیگەرانیی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکەی ئەم دواییانەی تورکیای بە هاکان فیدان گەیاندووە.
 
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رەجەی تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە تێیدا باسیان لە "پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و ئەمریکا، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە