جەهەپەییەک بە شوێنگرەوەی ئیمامئۆغڵو هەڵبژێردرا

26-03-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سێیەم گەڕی هەڵبژاردنی شوێنگرەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، نووری ئەسڵان، بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە بەربژێری جەهەپە بوو، بە بریکار هەڵبژێردرا. 
 
لەدوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رۆژی 19ـی ئاداری 2025 بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و دواتریش لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی تورکیا لە سەر کار لادرا، ئاکپارتی و جەهەپە کە زۆرترین ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییان هەیە، کەوتنە رکابەری.
 
زەینەل عابدین ئۆکوڵ، بەربژێری ئاکپارتی بوو و نووری ئەسڵان، بەربژێری جەهەپە بوو.
 
دەنگدانەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-3-2025) لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. 
 
دەنگدانەکە لە گەڕی یەکەم و دووەم یەکلایی نەبووەوە و لە گەڕی سێیەمدا نووری ئەسڵان 173 دەنگ و زەینەل عابدین ئۆکوڵ 123 دەنگی بەدەستهێنا. 
 
نووری ئەسڵان دوای ئەوەی بە بریکاری سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرا، گوتی "سپاردەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵومان بۆ ماوەیەکی کاتی وەرگرت. سەرۆکی گەورەشارەوانیی هەڵبژێردراوی ئیستەنبووڵ لە ماوەیەکی کورتدا دەگەڕێتەوە و سپاردەکەی رادەست دەکەینەوە." 
 
نووری ئەسڵان کێیە؟
 
ساڵی 1969 لە سێوازی باکووری کوردستان لەدایکبووە
خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ئیستەنبووڵ تەواو کردووە
ساڵی 1990 بەشی ئەندازیاریی کەشتیی لە زانکۆی یڵدز تەکنیکی ئیستەنبووڵ تەواوکردووە
1999-2004 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی کوچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵ بووە
ساڵی 2019 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی بەیلیکدوزوی ئیستەنبووڵ
دواتر بووە ئەندامی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ
15ـی نیسانی 2024 بە جێگری یەکەمی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرا.
خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە