رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی ئاهەنگەکانی نەورۆز لە تورکیا و باکووری کوردستان رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی رۆژی چوارشەممە 26ی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتی، "لە بەرامبەر ئاڵای شکۆداری تورکدا پەڕۆ دەشەکێندرێتەوە، بەڵێ بە پەڕۆ ناوی دەهێنم."
سەرۆکی ئیی پارتی هەروەها گوتی، "لە دەوڵەتی کۆماری تورکیادا و لەنێو جەرگەی ئیستەنبووڵدا پەیامەکانی تیرۆریستی حکومدراو بڵاودەکرێنەوە؛ وەکو پەیامبەری ئاشتی مامەڵە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی و ئەوانەی پەسنی دەدەن، دەکرێت. سەربازانی مستەفا کەمال لە کار دووردەخرێنەوە و بە ناپاک ناودەبرێن؛ لە لایەکیش بەڵێنی پێدانی مافی هیوا بە بکوژەکان دەدرێت و لە دەسەڵات پشکی پێدەدرێت."
سەرۆکی ئیی پارتی رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و گوتی، "100 ساڵەی تورکیا کە بەناوی تورکیایەکی نوێ خراوەتە ئاراوە، لە کوێی ئەمەدایە؟"
دەرڤیشئۆغڵو گوتیشی، "لە سەردەمێکداین، هەوڵدراوە دیموکراسیی تورکیا پەراوێز بخرێت، ئازادی و ماف بخرێتە ژێرپێ، مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران زەوت بکرێت، جوداخوازی شەرعیەتی پێبدرێت، ناپاکی چەپڵەی بۆ لێبدرێت و نەتەوەخوازییش بێدەنگ بکرێت."
ئەو قسانەی سەرۆکی ئیی پارتی لە کاتێکدان، رۆژی شەممە 22-03-2025 مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد و ناڕەزایی بەرامبەر ئاهەنگەکانی نەورۆز نیشاندا.
یاڤاش لەبارەی شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان گوتی، "لە شوێنێکی رۆژهەڵاتی وڵاتدا ئەو ئاڵایە دەشەکایەوە کە پێم وایە پەڕۆیە، هەروەها پۆلیس پەشمەکی بەسەر بەشداربووانی چالاکییەکەدا دابەش دەکرد، ئێمە چاوەڕێ دەکەین لێرەش هێزەکانی ئاسایش پەشمەک بەسەر گەنجاندا دابەش بکەن."
ئەو گوتانە دەنگدانەوەی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆدا هێنا. سەندیکای پارێزەرانی وان سکاڵای یاسایی لەسەر مەنسور یاڤاش تۆمار کرد.
سەندیکای پارێزەرانی وان رایگەیاند، "لە نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، سکاڵا لەسەر مەنسوور یاڤاش تۆماردەکەین کە ئاهەنگی نەورۆزی شرنەخی وەک تاوان ناوبردووە. مەنسوور یاڤاش سەرکۆنە دەکەین بەوەی هەڵوێستێکی بێ رێزانەی بەرامبەر کورد پیشانداوە و زەوینەسازیی بۆ خراپە کردووە."
سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی یەکشەممە 23-03-2025 سەبارەت بە گوتەکانی مەنسوور یاڤاش بە رووداوی راگەیاند، "سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، مەنسوور یاڤاش، دوێنێ بێ رێزیی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە پەڕۆ ناوی برد. ئێمە ئەو هەڵوێست و گوتەیە بە تووندی شەرمەزار دەکەین. لێرەوە بە مەنسوور یاڤاش دەڵێین: چۆن رێز لە ئاڵای خۆت دەگریت، ئەگەر رێز لە ئاڵای کوردیش دەگریت، دەبێت داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکەیت."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەبارەی قسەکانی یاڤاشەوە بە ناڕاستەوخۆ داوای لێبووردنی کرد و گوتی، "5 رۆژە لێرە زۆر قسە دەکەین. زۆر قسەکردنیش بێ هەڵە نابێت. هەر کەسێک لەم مێزگردەوە قسەی کردبێت و قسەیەک لە قسەکانی دڵی کەسێکی رەنجاندبێت، وەک سەرۆکی جەهەپە داوای لێبووردن و گەردن ئازادی لە ئەستۆی منە."
مەنسوور یاڤاش رۆژی دووشەممە 24-3-2025 رایگەیاند، ئەو گوتانەی لە گۆڕەپانی ساراچهانەی ئیستەنبووڵ کردنی، شێوێندراون و بە مەبەستی سیاسی بەکارهێندراون، "بەردەوام دژی ئەو بیرکردنەوەیەم کە کورد و تیرۆر دەخاتە یەک تای تەرازوو. ئەمڕۆش هەر هەمان هەڵوێستم هەیە. هاوشێوەی هەموو ئەو هاووڵاتیانەمان کە ئەم خاکەیان هێنایە بوون، هاووڵاتییانی کوردیشمان تاجی سەرمانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ