رووداو دیجیتاڵ
پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی کارنامەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئایار لە ناوەندی سەرەکی هەدەپە لە شاری ئەنقەرە دەکرێت.
هەریەک لە ئیبراهیم ئاکن و چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوگوتەبێژانی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە، پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، هاوسەرۆکان و هاوگوتەبێژانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان-هەدەکە، کۆنگرەی کۆمەڵەگەی دیموکراسی-دەتەکە و پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-دەبەپە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کارنامەی هەڵبژاردن دەکرێت و گفتوگۆ لەسەر نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێ دەکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازبدرێت و کۆبوونەوەی هاوسەرۆکان و هاوگوتەبێژانی ئەم پارتانە لە رۆژانی داهاتوودا بە زنجیرەیی بەردەوام بێت.
لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردن کرد و هاوپەیمانێتییەکی بەناوی رەنج و ئازادی پێکهێنا و توانی 61 کورسی بەدەستبهێنێت. بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش پشتگیریی لە کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ