رووداو دیجیتاڵ
چاوی جیهان لەسەر هەڵبژاردنی تورکیایە و تورکیاش چاوی لەسەر ئیستەنبووڵە، ئەمە ناونیشانی ئەو ململانێ تووندەیە کە سبەی ئێوارە یەکلایی دەبێتەوە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 81 پارێزگا کرا، شوێنی دەنگدان داپۆشران و سندووقەکانی دەنگدان ئامادەن.
پرۆسەی دەنگدانی ئەمساڵ دەکەوێتە مانگی رەمەزان و بەشێک لە چاودێران داوای پشووی بەربانگ دەکەن، بەڵام سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەوان ناتوانن لە یاساکانی هەڵبژاردن دەربچن و پشوو نادەن.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند "لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە؛ کاروباری هەڵبژاردن بێ وەستان دەکرێن، بۆیە بەگوێرەی ئەو بڕیارەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن دەریکرد، دوای تەواوبوونی دەنگدان، بێ وەستان دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت."
زۆرترین ململانێ لە ئیستەنبووڵە؛ ئاکپارتی و جەهەپە دوو رکابەری سەرەکین.
ئاکپارتی لە مارشەکەیدا دەڵێت "بۆ خزمەتکردنی ئیستەنبووڵ ئامادەین و پێداگرین" ئەوان دەیانەوێت ئیستەنبووڵ لە جەهەپە وەربگرنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی "ئیستەنبووڵ پێنج ساڵی دیکەی نییە لەدەستی بدات، هەموومان ئەمە دەبینین."
مارشی جەهەپەش دەڵێت "دیسان دەنگمان بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بێت". جەهەپە ئەمجارە هاوپەیمانیی لەگەڵ دەم پارتی و ئیی پارتیی نییە و ئەو دوو پارتە بەربژێری خۆیانیان هەیە، بەڵام ئیمامئۆغڵو دەیەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ جەماوەری ئەو پارتانە بکات.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە لایەنگرانی حیزبەکەی گوت "دەنگەکانمان پەرتەوازە ناکەین، هێز و دەنگمان یەکدەخەین و بەیەکەوە هەنگاو دەنێین. کاتی پارتایەتی نییە. ئێمە هاوپەیمانیی گەورەی پۆپۆلیزمی ئیستەنبووڵین."
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. ئەوان سەرۆکی 81 شارەوانی و زیاتر لە 900 سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەکان هەڵدەبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ