رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفا رایگەیاند، ئامادەن بەربژێرەکەیان بۆ سەرۆکایەتی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بکێشننەوە، ئەگەر ئاکپارتی بەشێک لە داواکارییەکانی پارتەکەیان جێبەجێ بکات.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفا لە میتینگی پارتەکەی لە شاری هاتای، باسی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ کرد و گوتی، "ئەگەر دەسەڵات پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل بڕی و هەناردەکردنی بۆ ئیسڕائیل راگرت و بنکەی راداری کورەجیک، کە بۆ پاراستنی ئیسڕائیل لە سەمسوور دامەزراوە، دایخست و مووچەی خانەنشینانی گەیاندە 20 هەزار لیرە، ئێمە ئامادەین بەربژێرەکەی خۆمان بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ بکشێنینەوە".
لەم هەڵبژاردنەدا، سەرلەنوێ پارتی رەفا، بە بەربژێری خۆیان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن. بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان محەممەد ئاڵتن ئۆزی، بەربژێری سەرلەنوێ رەفا بۆ شارەوانیی ئیستەنبووڵ 3٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان دەبێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو دەنگانەی بۆ پارتەکە دەڕۆن، دەنگی ئاکپارتین.
بەربژێری پارتەکان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵ:
پارتی داد و گەشەپێدان: موراد کوروم
پارتی گەلی کۆماری: ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو
دەم پارتی: مەڕال دانش بێشتاش و موڕاد چەپنی
ئی پارتی: بوغرا کاڤوونجوو
پارتی سەعادەت: بیڕۆڵ ئایدن
سەرلەنوێ رەفا: محەممەد ئاڵتن ئۆز
وەتەن: ئیبراهیم ئۆکان
مەملەکەت: بەرک حاجی گوزەلەر
زافەر: عەزمی قەرە مەحموودئۆغڵوو
دەڤا: ئیدریس شاهین
جگە لە بەربژێری پارتەکان بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ، چەندان بەربژێری بێلایەنیش خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە. کۆی گشتی 52 بەربژێر هەوڵی بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ