رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور جارێکی دیکە بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایەوە و لەبەردەم ئاپۆڕای جەماوەرەکەیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی: سەرکەوتین.
بەپێی دوایین ئاماری جیاکردنەوەی دەنگەکان، 99.1٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، 52.07٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو 47.93%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەوشێوەیە ئەردۆغان خولێکی دیکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەبێت.
وەک رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا تورکیا براوەیە، ئێمە پێکەوە خەونی هەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا.
ئەردۆغان گوتیشی، "گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارمان تەواو کرد، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ میللەتەکەم دەرببڕم، کە لە نێوان دوو جەژندا جەژنی دیموکراسییان پێبەخشین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "سوپاسی هەموو هاووڵاتییانم دەکەم کە بە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئیرادەی خۆیان بۆ داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان نیشان دا، براوە تەنها تورکیایە، ئێمە پێکەوە خەونی هەموو چین و توێژەکانی میللەتەکەمانمان بەدیهێنا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ