رووداو-هەولێر
دوای ئەوەی پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا لە گوتاری کردنەوەی ئایاسۆفیادا وشەی لەعنەتی بەکارهێنا، ژمارەیەک لە پارتییەکانی تورکیا و بەتایبەتیش ئۆپۆزسیۆن کاردانەوەیان نیشاندا و ئێرباشیان تۆمەتبارکرد بەوەی ئەو لەعنەتەی بۆ ئەتاتورک ناردووە.
سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتی، "سوڵتان محەممەد فاتیح بە مەبەستی ئەوەی ئایاسۆفیا بکاتە مزگەوت، ئەو کاتە کردی بە وەقف. لە باوەڕی ئێمەدا وەقف دەستی بۆ نابرێت. ئەوەی دەستی بۆ ببات دەسووتێت! هەرکەسێک مەرجەکانی ئەو لایەنە ژێرپێ بخات کە شوینێکی کردووەتە وەقف، بەر لەعنەت دەکەوێت".
بەهۆی ئەوەی ساڵی 1934 لە کاتێکدا مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا سەرۆککۆمار بوو، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا ئایاسۆفیا لە مزگەوتەوە کرایە مۆزەخانە.
ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی تورکیا رەخنەی تووندیان لە ئێرباش گرت و گوتیان، "ئێرباش ئەو لەعنەتەی بۆ ئەتاتورک ناردووە و دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە".
رۆژێک دوای گوتارەکە ئۆزگور ئۆزێل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە توویتێکدا نووسیی، "ناتوانیت لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا کە ئەتاتورک دایناوە لەعنەت لە ئەتاتورک بکەیت! ئەوانەی سووکایەتیکردن بە پێشەوای دامەزرێنەر دەکەن بە نەریتێکی باو، پارێزگاری لەو کەسانە دەکەن کە سووکایەتییەکەیان کردووە. تۆ کە لەسەر ئەو کورسییە دانیشتوویت و لەعنەت لە ئەتاتورک دەکەیت، باجەکەی بە قورسی دەدەیت".
کاردانەوەکان هەر بە ئۆپۆزیسیۆن سنووردار نەبوون، بەڵکو دوای گوتارەکەی عەلی ئێرباش لە هەژماری تایبەت بە هێزە چەکدارەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا وێنەی ''ئانیت کابیر''ی بڵاوکرایەوە کە گۆڕی مستەفا ئەتاتورکی لێیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا تەنیا لە بۆنە نیشتمانییەکاندا ئەو وێنانە بڵاودەکاتەوە.
هەرچەندە هێزە چەکدارەکان بە فەرمی هۆکاری ئەو وێنانەی روون نەکردووەتەوە، بەڵام زۆربەی لایەنەکانی تورکیا ئەوە بە گوتەکانی ئێرباشەوە دەبەستنەوە.
ئایتوون چرای، یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە لای داواکاری گشتیی ئیزمیر سکاڵای دژ بە سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا تۆمارکرد بەوەی لەعنەتی بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک ناردووە. لە سکاڵانامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش جگە لەوەی سووکایەتیی بە ئەتاتورک کردووە، دەستووری تورکیاشی پێشێلکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووندیان ئاراستەی ئاکپارتی کرد، گوشاری زۆریشیان لەسەر پارتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دروستکرد، بەوەی خۆی بە پارتییەکی نیشتمانی و پابەند بە رێبازی ئەتاتورک دەزانێتم، بەڵام ئێستا لەژێر سێبەری هاوپەیمانەکەیەوە کە ئاکپارتییە لەعنەت ئاراستەی ئەتاتورک دەکرێت.
لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکان لەبارەی بێدەنگیی مەهەپەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی ئەو پارتییە هاتە دەنگ و رایگەیاند کە ئەو گوتەیەی ئێرباش بە دەستی ئەنقەست لە ماناکەی خۆی دوورخراوەتەوە و بە مەبەست بەکاردەهێنرێت.
هەروەها باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، "هێشتا ئەو بێئابڕوو و بێغیرەتە لەم خاکەدا لەدایکنەبووە کە لەعنەت لە دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، یەکەم سەرۆککۆمارمان، پێشەوای خەباتی سەربەخۆییمان و فەرماندەمان غازی مستەفا کەمال ئەتاتورک بکات".
باخچەلی ئەو گوتانەی بە درۆ ناوبردن کە باس لەوە دەکەن لەعنەت لە ئەتاتورک کرابێت و ئەو کەسانەشی بە تێکدەر و جوداخواز ناوبرد کە گوشار لەسەر ئێرباش دروستدەکەن. کاردانەوەکان بەردەوامن و بەشێک لە پارتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە پێداگرییەوە داوای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا دەکەن.
کەنیسە دێرینەکەی ئیستەنبووڵ ئایاسۆفیا کە ساڵی 1453 لەلایەن عوسمانییەکانەوە کرایە مزگەوت و ساڵی 1935 گۆڕا بۆ مۆزەخانە، رۆژی 24ی تەمموزی 2020 دووبارە وەکو مزگەوت دەرگاکانی واڵاکران و دوای نزیکەی 86 ساڵ بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، یەکەم نوێژی هەینیی تێدا کرا. گوتاری هەینی لەلایەن سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیاوە درا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ