رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی بەساڵاچووان لە تورکیا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە. لە پێنج ساڵی رابردوودا رێژەی دانیشتووانی بەساڵاچوو 21.4% زیادیکردووە و یەک ملیۆن و نیو بەساڵاچوو زیادیکردووە؛ کەمترین بەساڵاچووش لە سێ پارێزگای باکووری کوردستانن.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 داتای بەساڵاچووانی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتاکە، ژمارەی دانیشتووانی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتر، کە بە دانیشتووانی بەساڵاچوو دادەنرێن، لە ساڵی 2018دا حەوت ملیۆن و 186 هەزار و 204 کەس بووە؛ ئەو ژمارەیە لە پێنج ساڵی رابردوودا بە رێژەی 21.4% زیادیکردووە و لە 2023ـدا گەیشتووەتە هەشت ملیۆن و 722 هەزار و 806 کەس.
رێژەی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە کۆی دانیشتووان لە ساڵی 2018دا 8.8% بووە، بەڵام لە ساڵی 2023دا بۆ 10.2% بەرزبووەتەوە. لە ساڵی 2023دا 44.5%ی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە رەگەزی نێر و 55.5% لە رەگەزی مێ بوون.
پێشبینی دەکرێت رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچوو لە ساڵی 2030دا 12.9%، لە 2040دا 16.3%، لە 2060دا 22.6% و لە 2080دا 25.6% بێت.
ئەو پارێزگایانەی باکووری کوردستان کە کەمترین دانیشتوانی بەساڵاچوویان تێدایە
لە ساڵی 2023دا ئەو پارێزگایەی لەسەر ئاستی تورکیا کەمترین رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچووی تێدا بووە، پارێزگای شرناخ بووە لە باکووری کوردستان کە رێژەی بەساڵاچووی 3.5% بووە. دوای ئەو پارێزگایە جۆلەمێرگ بە 4% بە پلەی دووەم و رووها بە 4.2% لە پلەی سێیەم دێت.
ئەو پارێزگایانەی تورکیا کە زۆرترین رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچووی تێدایە، بە رێژەی 20% پارێزگای سینۆپ دیاریکراوە؛ لە دوای ئەو پارێزگایە کاستامۆنو بە رێژەی 19.5% و گیرەسون 18.3% دێن.
ژمارەی ئەو پارێزگایانەی کە رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچوو لە کۆی دانیشتووانیان 10% زیاترە، لە ساڵی 2023 ـدا دەبێتە 54 پارێزگا.
64%ی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە گرووپی تەمەنی 65 - 74 ساڵدان
کاتێک دانیشتوانی بەساڵاچوو بەپێی گرووپی تەمەن پۆلێن دەکرێن، دەردەکەوێت کە لە ساڵی 2018ـدا 62.2%ی دانیشتوانی بەساڵاچوو لە گرووپی تەمەنی 65-74 ساڵدا بوون، 28.6% لە گرووپی تەمەنی 75-84 ساڵان و 9.2% لە گرووپی تەمەنی 85 ساڵان و بەرەو سەرەوە بوون. لە ساڵی 2023دا 64.0%ی دانیشتووان لە گرووپی تەمەنی 65-74 ساڵ، 28.1% لە گرووپی تەمەنی 75-84 و 7.9% لە گرووپی تەمەنی 85 ساڵ و سەرووتر بوون.
ژمارەی بەساڵاچووانی تەمەن 100 ساڵ و سەرووتر کە 0.1%ی دانیشتوانی بەساڵاچوو پێکدەهێنن، لە ساڵی 2023ـدا شەش هەزار و 609 کەس بووە.
پێکهاتەی تەمەنی دانیشتووانی تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە
ئەوەی کە رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچوو لە کۆی دانیشتووان 10.0% زیاترە، نیشاندەری پیربوونی دانیشتووانەکەیە. ژمارەی دانیشتووانی بەساڵاچوو لە تورکیا بە رێژەیەکی زیاتر لە ژمارەی دانیشتوانی گرووپە تەمەنییەکانی دیکە زیادیکردووە.
تورکیا لە پڕۆسەیەکەدایە بە پرۆسەی پیربوونی جیهانی ناودەبرێت. پێکهاتەی تەمەنی دانیشتوان لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی منداڵبوون و مردن، لە پاڵ پێشکەوتنەکانی بواری تەندروستی، ستانداردەکانی ژیان، ئاستی خۆشگوزەرانی و تەمەنی چاوەڕوانکراو لە کاتی لەدایکبووندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
لە کاتێکدا رێژەی منداڵان و گەنجان لە کۆی دانیشتووان کەم بووەتەوە، رێژەی بەساڵاچووان لە کۆی دانیشتووان زیادیکردووە. هەرچەندە تورکیا هێشتا پێکهاتەی دانیشتووانێکی گەنجی هەیە بەراورد بەو وڵاتانەی کە پێکهاتەی دانیشتووانیان بە رێژەیەکی زۆر بەساڵاچووە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی بەساڵاچوو لەو وڵاتە لە رووی ژمارەییەوە زۆر بەرزە.
تورکیا لە رووی ژمارەی بەساڵاچووانەوە لەنێو 184 وڵاتدا لە ریزبەندی 67 ـیەمین وڵاتدایە
بەپێی خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوانی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتوانی جیهان بۆ ساڵی 2023 هەشت ملیار و 45 ملیۆن و 311 هەزار و 448 کەس مەزەندە کراوە، هەروەها ژمارەی بەساڵاچووانیش بە 807 ملیۆن و 790 هەزار و 294 کەس مەزەندە کراوە.
بەپێی ئەم خەمڵاندنە، دانیشتوانی بەساڵاچوو 10.0%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.
سێ وڵاتی یەکەم کە زۆرترین رێژەی دانیشتوانی بەساڵاچوویان هەبووە بریتین لە ژاپۆن بە رێژەی 30.1%، ئیتاڵیا بە رێژەی 24.5% و فینلاند بە رێژەی 23.6%.
تورکیا لەنێو 184 وڵاتدا لە ریزبەندی 67 ـیەمین وڵاتدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ