دەوڵەت باخچەلی داوا دەکات ئۆجەلان و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن کۆببنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، چاوەڕێ دەکەن پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان ریبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت.
 
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد. 
 
باخچەلی گوتی: "چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و گرووپی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە". 
 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمیش هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە". دواتر لە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی فراکسیۆنی پارتەکە پێداگری لە قسەکانی خۆی کرد. 
 
باخچەلی کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، لەلایەکەوە پێداگرە لەسەر پەیامەکانی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەلایەکی دیکەوە دەڵێت، کۆتاییهاتنی پەکەکە نزیکە و دەم پارتی و جەهەپە تۆمەتبار دەکات بەوەی بە فەرمانی قەندیل دەجوڵێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە