رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت، بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە دەرەوەی تورکیا دەنگیان داوە. لە درەنگانی شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە رێگەی سێ فڕۆکەوە ئەو دەنگانەی کە لە دەرەوە دراون گەیێندرانە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا شەوی رابردوو رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 20:00 ـی رۆژی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023 ژمارەی ئەوانەی لە دەرەوەی تورکیا لە نوێنەرایەتییەکان و دەروازە سنوورییەکاندا دەنگیان داوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 900 هەزار و 417 کەس.
رۆژی شەممە 20ـی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەنگدان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستیپێکرد. پرۆسەی دەنگدان لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوە رۆژی 24ـی ئایار کۆتاییهات، لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە 49.52٪ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 44.88٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ