هەدەپە پلانی هەیە لەگەڵ شەش پارتی دیکەدا هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی تورکیا پێکبهێنێت

25-08-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بە 56 کورسییەوە سێیەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە لە تورکیا؛ ئەو پارتە ئێستا لەگەڵ شەش پارتی دیکەدا لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێدایە بەناوی "هاوپەیمانیی دیموکراسی". 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئابی 2022، بە ئامادەبوونی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، هاوسەرۆکانی هەدەپە، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک و سکرتێرانی شەش پارتی چەپ لە تورکیا بەڕێوەچوو. 
 
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەریەک لە پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادیی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV) لە بارەگای لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی پارتی کرێکاری تورکیا بەڕێوەچوو. 
 
یەکەمجارە کۆبوونەوەیەکی وەها بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆک و سکرتێری هەر حەوت پارتە سیاسییەکە رێکبخرێت. لە کاتێکدا ئەمساڵ سێجار و پاریش جارێک کۆبوونەوە کرا، بەڵام لەسەر ئاستی نوێنەرانی پارتەکان بوون. 
 
هەدەپە لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەی سەرکردەی حەوت لایەنەکە لەژێر ناونیشانی "پێکەوە خەبات دەکەین" بەڕێوەچوو و تێیدا سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کۆک بوون لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ بەناوی "هاوپەیمانیی دیموکراسی" کە ناوەکە لەسەر پێشنیازی هەدەپە بووە. 
 
کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا نەخشەڕێگەی هاوپەیمانییەکە و راگەیاندنی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە ئاشکرا بکرێت. 
 
هەوڵەکانی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە حوزەیرانی 2023دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت. 
 
ئاکپارتی و جەهەپە بەناوی هاوپەیمانیی جمهوور پێکەوە دەبن و رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؛ پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، ئاییندە، دێڤا، سەعادەت و پارتی دیموکراتیش پلانیان هەیە پێکەوە بن و تاوەکو ئێستاش چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە