رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ زیاتر لە 80 سانتیمەتر بەفر باریوە و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەی نوێی ئیستەنبووڵ تەواوی گەشتەکانی هەڵوەشاندەوە. هەرچەندە دوای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ فڕگەیەکی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ کرایەوە، بەڵام ئەوە نەیتوانی گوشارەکانی سەر ئەو فڕۆکەخانەیە کەمبکاتەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران لە نێو تێرمیناڵەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ ناڕەزاییان نیشاندا و هوتافی [پێویستمان بە هۆتێلە] دەگوتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرێت بەوەی لە دروستکردنی فڕۆکەخانەکە و هەڵبژاردنی شوێنەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کە بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داخرا، ئێستا هیچ کێشەیەکی فڕین و نیشتنەوەی نییە.
هەریەک لە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا و عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری ژێرخان کە لەسەر بڕیاری ئەردۆغان گەشتی ئاسمانییان بەرەو ئیستەنبووڵ کرد، نەیانتوانی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بنیشنەوە و بە ناچاری فڕۆکەخانەی ئەتاتورکیان بەکارهێنا. ئەمەش بووە جێگەی رەخنەی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتیش بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە).
یەکێک لە رۆژنامەڤانانی نزیک لە جەهەپە بەناوی باڕش یارکاداش لە تویتەردا دیمەنێکی فڕگەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵی بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆی بەفرەوە پەکیکەوتووە، یارکاداش نووسیویەتی، "فڕۆکەخانەی ئەتاتورکیان داخست و خەڵکیان بردە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ. ئەم دیمەنەم لە هاوڕێیەکمەوە بۆ هاتووە کە کاژێر 11:45 دەیانەوێ گەشتی بەریتانیا بکەن، بەڵام گیریان خواردووە. ئەوە چەند کاژێریکە لەوێن. ئەمە دوایین پێشهاتە، ئایا رازین لە بەرهەمەکانتان؟"
بەیانیی رۆژی سێشەممە عەلی یەرلیکایا، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر، قەدەخەی هاتووچۆی بۆ سەرجەم ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان تاوەکو کاژێر 13:00ـی سێشەممە راگەیاند. یەرلیکایا گوتی، 80 سانتیمەتر بەفر باریوە و تەواوی رێگەکان داخراون. کەشناسیی تورکیاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە شەپۆلی بەفربارین بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەی وشکانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، هاتووچۆی سەرجەم بارهەڵگرەکانیش راگیرا. هەروەها لە کاژێر 06:00ـی ئێوارەوە هاتووچۆی نێوان هەردوو بەری ئەوروپا و ئاسیای شارەکە راگیرا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، زیاتر لە ھەزار و 300 کەسی بێلانەیان بردووەتە باڵەخانەی جۆراوجۆر و هۆتێلەکان، داوای لە هاووڵاتییان کرد بەهیچ جۆرێک نەچنە دەرەوە و لە هەر رووداوێکی نەخوازراودا پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانەوە بکەن. باسی لەوەشکرد، تاکە ئامرازی گواستنەوەی سەلامەتیی هاووڵاتییان رێگەی میترۆیە.
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، بە گوتەی ئیمامئۆغڵو، زیاتر لە 35 هەزار تۆن خوێیان بۆ خوێڕێژکردنی شەقامەکان بەکارهێناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، بەفربارین لە ئیستەنبووڵ کاریگەریی زیاتر بێت و پلەی گەرما بە شەودا بۆ شەش پلەی ژێر سفر دابەزێت و بە رۆژیش دوو پلەی ژێر سفر بێت. ئاستی بینینیش بەهۆی تەمومژەوە تاوەکو 10 مەتر دادەبەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ