ئەردۆغان: جەهەپە وەکو کەشتییەکی سوکان شکاو وایە و ئاراستەی دەگۆڕێت

11-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە جەهەپە گرت بەوەی لە دەم پارتی نزیکبووەتەوە و هاوپەیمانیی لەگەڵدا بەستووە. جەهەپەشی بە کەشتییەکەی "سوکان شکاو" ناوبرد، کە بەردەوام بەرەو لای راست و چەپ ئاراستەکەی دەگۆڕێت."
 
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە رۆژی یەکشەممە، 10-11-2024، لە کۆشکی چانکایای ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد.  
 
سەبارەت بەو نزیکبوونەوە و پشتگیرییەی نێوان دەم پارتی و جەهەپە ئەردۆغان رەخنەی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گرت و گوتی: "دووەمین گەورەپارتی سیاسیی وڵاتەکەمان، وەکو کەشتییەکی سوکان شکاو بەردەوام بەلای راست و چەپدا ئاراستەی دەگۆڕێت. رۆژێک سەرۆکی بەرێزی ئەو پارتە لە ئەنقەرە ئەدەبیاتی نیشتمان، گەل، ئاڵا و کۆمار دەڵێتەوە. هەمان کەس رۆژی دواتر لە گۆشەیەکی دیکەی وڵاتەوە لەگەڵ ئەوانەی بە ئاشکرا هەڕەشە لە تورکیا دەکەن و بە چالاکییە تیرۆرستییەکاندا هەڵدەڵێن، لەگەڵ یاخیبووی شارەکان لەسەر هەمان پاس کۆبوونەوەی ساختەی جەماوەری دەکات".
 
ئەردۆغان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی جەهەپە لە دەم پارتی رەخنەی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گرت بەوەی گوایە لە بەر بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی، هاوپەیمانیی لەگەڵ دەم پارتی بەستووە و جەهەپەی کۆنترین پارتی سیاسیی تورکیای ژەهراوی کردووە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، جەهەپە تا دێ زیاتر رەنگی هاوپەیمانەکانی دەگرێت کە مەبەستی لە دەم پارتی بوو.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دوای ئەوەی لە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا لە گرتووخانە لەگەڵ سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کۆبووەوە، سەردانی باکووری کوردستانی کرد. 
 
بەگوێرەی پلانەکانی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل لە رۆژی 22 تاوەکو 27ی تشرینی یەکەمی 2024 لە پارێزگاکانی ئامەد، ئێلیهـ، مێردین، شرنەخ، جۆلەمێرگ و وان دەبوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی (سوتاش)، رۆژی 24-10-2024 کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و گەڕایەوە ئەنقەرە.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە