سەرۆکی هوداپار داوا لە پەکەکە دەکات نیازپاکی پێشان بدات

13-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هوداپار لەکاتی بەسەرکردنەوەی 'دایکانی دیاربەکر' بانگەوازی لە پەکەکە کرد، رۆڵەی ئەو دایکانە لە شاخەوە بنێرنەوە زێدی خۆیان و نیازپاکی بەرامبەر پرۆسەیەکی چارەسەری پێشان بدات.
 
دوای ئەوەی کەمپی ناڕەزایی دایکانی دیاربەکری بەسەرکردەوە، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار قسەی بۆ میدیاکان کرد و باسی لە ئەگەری دەستپێکردنی پرۆسەیەکی چارەسەری کرد.
 
گردبوونەوەی 'دایکانی دیاربەکر' تایبەتە بەو کەسانەی باس لەوە دەکەن گوایە پەکەکە رۆڵەکانی بردوونەتە شاخ. ئەوان لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد خێوەتیان هەڵداوە و داوا لە قەندیل دەکەن رۆڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
 
سەرۆکی هوداپار باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد، کە ساڵانی 2013 - 2015 کاری لەسەر کرا و گوتی، "ساڵی 2014 باس لە دانانی چەک دەکرا. ساڵی 2015 پرۆسەکە خەریکبوو تێکبچێت، بەڵام هێشتا هیوایەک بۆ چارەسەر هەبوو. ناوەکەی پرۆسەی چارەسەری بوو، بەڵام رێگەکەی بەرەو چارەسەر نەچوو، ئەوە نەبێت سەردەمێکی بێ پێکدادانی رەخساند."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەو کاتەدا، یاپیجیئۆغڵو رەخنەی گرت و گوتی، "ژمارەیەک زۆر گەنج لەو کاتەدا برانە شاخ. لە سەردەمێکدا کە باس لە دانانی چەک و چارەسەری سیاسی دەکرا، ئەو ژمارە زۆرە گەنجە برانە شاخ. ئەوە پێشانی دەدات کە نیازی دانانی چەک لەئارادا نەبوو. ئێمە ئەوکاتیش ئەمەمان گوت و جەختمان کردەوە ئەو رێگەیە هەڵەیە و هیچ چارەسەرێک نایەتە ئاراوە."
 
یاپیجیئۆغڵو رووی دەمی لە پەکەکە کرد و گوتی، "لەم شوێنە سیمبولییەوە و لەگەڵ ئەو دایکانەمان کە پێنج ساڵە دڵیان بووەتە ئاگردان، دەڵێین؛ ئەگەر پرۆسەیەکی نوێ دەستپێدەکات، ئەگەر بەڕاستی کۆتایی بە تووندوتیژی دەهێنن و چەک دادەنێن، رۆڵەکانی ئەو دایکانە بنێرنەوە. ئەمە وەکو نیازپاکییەک بکەن. ئەمە بکەن با ئەمجارە ئێمەش باوەڕ بە راستگۆیی ئێوە بکەین."
 
یاپیجیئۆغڵو بە پەکەکەی گوت، "ئەگەر ئێوە هەنگاوێکی وەها بنێن، ئێمەش باوەڕ دەکەین کە ئێوە ئیرادەی خۆتان لەدەستی خۆتانە."
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە