باخچەلی: برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین

12-11-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی بانگەوازەکەی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەڵێت، هیچ شتێکیان نییە پێی شەرمەزار بن و "برا کوردەکان"یان لە ئامێز دەگرن.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەم لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی، "لەپشت هەموو شتێکەوە وەستاوین کە گوتوومانە و کردوومانە. هیچ شتێکمان نییە پێی شەرمەزار بین. برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین."
 
لەبارەی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باخچەلی قسەی کرد و گوتی، پەکەکە لە دۆخێکی خراپدایە و هیچ شوێنێکی ئارام بۆ گەریلا نەماوە.
 
سەرۆکی مەهەپە بە پێویستی زانی پەکەکە چەک دابنێت و گوتی، "ئەگەر چەک هەبێت، سیاسەت بوونی نییە. ئەگەر تووندوتیژی هەبێت، زمانی خۆشەویستی و ئاشتی وشک دەبێت. مەهەپە لەپاڵ یەکڕیزیی نیشتمانی و برایەتی وەستاوە. ئێمە لە پشت هەموو شتێکەوە وەستاوین کە دەیکەین و دەیڵێین، نەوەک دەستمان، بەڵکو جەستەشمان دەخەینە ژێر زنجیرە چیاکانەوە."
 
باخچەلی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی دەیکەن بۆ ئەوە نییە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەنگیان زیاد بکات، "ئێمە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لەبەرچاو ناگرین، بەڵکو نەوەکانی داهاتوومان بەلاوە گرنگن. نامانەوێت نەوەکانمان بەر هەمان کارەسات بکەون. ئێمە بیر لە دەنگەکان ناکەینەوە، کاتێک نیشتمان لەژێر هەڕەشەدایە. برا کوردەکانمان لە ئامێز دەگرین."
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی 4ی تشرینی دووەم و دوای دانانی قەیووم بۆ شارەوانییەکانی چەند شارێکی باکووری کوردستان رووی دەمی کردە دەسەڵات و گوتی، "با باش بزانن کە سەید رەزا چی کرد؛ شێخ سەعید چی کرد؛ مەزڵوم و دەنیز و ساکینەکان چییان کرد؛ گەلی کورد و گەلانی تورکیاش ئەوە دەکەن کە ئەوان کردیان."
 
باخچەلی وەڵامی ئەو گوتەیەی دایەوە و گوتی، "شێخ سەعید و سەید رەزا ناپاک و تیرۆریستی جوداخوازی ئەو سەردەمە بوون کە تێیدا ژیان. دوژمنانی گەل، کۆمار و دەوڵەت بەو جۆرە شایستە بوون، سزا دران."
 
ئەم گوتانە لە کاتێکدان، لە سەرەتای مانگی رابردووەوە هەوڵێک هەیە کە وەکو پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری سەیر دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. وێنە: AA

ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەییوم: لەگەڵ ئەو کەسانەی دەسەڵات بۆ خزمەت بەکاردەهێنن کێشەمان نییە

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''کێشەمان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەسەڵات بۆ خزمەتکردنی گەل بەکاردەهێنن''.