وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان

13-11-2024
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی. ئاماژە بەوەش دەکات، پێیوایە دۆناڵد ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکشێنێتەوە.
 
شەوی سێشەممە 12-11-2024 یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بەشداریی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی کرد و چەند پرسێکی تایبەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، دۆناڵد ترەمپ لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا لە ساڵی 2017 تاوەکو 2021 سێ جار رێنوێنیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەرکرد و گوتی، "هەڵسەنگاندنم بەو جۆرەیە کە ترەمپ بە رژدی لەسەر ئەو بابەتە دەوەستێت و هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ناوچەکە دەکشێنێتەوە."
 
سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-16 و فڕۆکەی ئێف-35 بە تورکیا، گولەر گوتی، "ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان زۆر ئەرێنین و زیاتریش بەرەو پێشەوە دەڕۆن. دەمانەوێت 40 فڕۆکەی جۆری ئێف-16 بکڕین و گرێبەستەکانیش واژۆ کراون."
 
لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە گوتەیەکی ئەردۆغان کرد کە گوتبووی، "پێکهێنانی بەرەی نێوخۆیی گرنگە."
 
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، "بەرەی نێوخۆ هەمیشە بۆ ئێمە پێویستە. واتە ئەگەر لە ئاشتیشدا بین، یەکێتی و بەهێزیی بەرەی نێوخۆ هەمیشە لە بەرژەوەندیی وڵاتدایە. ئینجا بەڕێز سەرۆککۆمارمان هۆشداری دەداتە تەواوی وڵات. بێگومان کێشەمان هەیە. هەموو وڵاتێک کێشەی هەیە. ئایا ئێستا ئەمریکا کێشەی نییە؟ لێرەدا سەرۆککۆمارمان هۆشداری دەداتە هەمووان و دەڵێت، با بە تەواوی بوونمانەوە خاوەنداریی بەرەی نێوخۆ بکەین. دەپرسن و دەڵێن: ئایا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تورکیا؟ باشە ئەگەر بەڕێز سەرۆککۆمارمان مەترسییەکی وەها نەبینێت، شتێکی وەها دەڵێت؟ بێگومان دەکرێت هێرش بکات."
 
تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 داوای لە ئەمریکا کرد 40 فڕۆکەی جۆری ئێف 16ی پێ بفرۆشێت.
 
هەرچەندە ئیدارەی بایدن پشتیوانیی لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بە تورکیا دەکرد، بەڵام ناڕەزایەتی لە کۆنگرێس لەبارەی نزیکبوونەوەی تورکیا و رووسیا، دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و دوایینیشیان دواخستنی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ وایکرد فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا دوابکەوێت.
 
رۆژی 01-10-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل دوای فەلەستین و لوبنان چاو دەبڕێتە خاکی تورکیا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە