ئەردۆغان: ئیسرائیل گرژیی سەربازی لەگەڵ ئێران زیاتر دەکات

11-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە ئیسرائیل گرت بەوەی گرژیی سەربازی لەگەڵ ئێران زیاتر دەکات و درێژە بە هێرشەکانی سەر لوبنانیش دەدات.
 
لووتکەی هاوبەشی نائاسایی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی رۆژی دووشەممە 11-11-2024 لە ریازی پایتەختی سعوودییە لەسەر شەڕی فەڵەستین و لوبنان و پێشهاتەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و بە باسی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین دەستیپێکرد و گوتی: "بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل لە غەززە و بەشەکانی دیکەی خاکی فەڵەستین دەیکات، تاوەکو ئەمڕۆ 50 هەزار فەڵەستینی شەهید بوون کە 70٪یان منداڵ و ژنن. لە نێو شەهیدانمان سیاسەتڤانان، رێبەرانی بەرخۆدان و ئەو برایانەمان هەن کە لە باڵی سیاسیی حەماسەوە هەوڵیان بۆ ئاگربەست و ئاشتەوایی دەدا".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، لە لایەک لەڕووی سەربازییەوە گرژییەکانی لەگەڵ ئێران زیاتر هەڵدەکشێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە درێژە بە هێرشەکانی سەر لوبنان دەدات.
 
سەرۆککۆماری تورکیا هاوکات ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد کە چەندین مانگە ئەو کۆمەکە مرۆییەی لە میسر وەستاندووە کە بۆ غەززە نێردراوە. 
 
هەروەها سەبارەت بە ناردنی کۆمەکی مرۆیی گوتی: "لە لایەک سەرنجەکانمان لەسەر راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەستە، مەرجە لە لایەکی دیکە هەوڵی جیدی بۆ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بە غەززە بدەن. تورکیا تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 84 هەزار تۆن هاوکاریی ناردووە. ئەگەر ئاستەنگەکان هەڵبگیرێن، ئامادەی ناردنی زۆر زیاتریشە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئیسرائیل لە پلانیدایە بەرە بەرە پانتایی خاکی خۆی فراوانتر بکات و فەڵەستین بە تەواوی داگیر بکات. هەروەها رووی دەمی کردە وڵاتانی ئیسلامی و گوتی، بێدەنگیی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیی رۆژئاوا، دۆخەکەی بە ئێستا گەیاندووە.
 
لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین، ئەردۆغان رایگەیاند، روونە ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر چارەسەرکردنی دوو دەوڵەتی نادات و گوتی: "لەم هەلومەرجەدا پێویستە زیاتر هانی وڵاتان بدەین بۆ ئەوەی دەوڵەتی فەڵەستین بناسن. ئەمە لەکاتێکدایە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە 9 وڵاتی دیکە دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا ناوە. لەو باوەڕەدام ئەو رۆژە دەبینین کە دەوڵەتی فەڵەستین دەبێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان".
 
ئەردۆغان هەروەها هیوای خواست وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بابەتی فەلەستیندا یەک دەنگ بن و ئەو یەکدەنگییەش بە جیهان نیشان بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە