تورکیا: 33 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە رزگارکران

24-11-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، لە شارۆچکەی فۆچا-ی سەربە پارێزگای ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا، 33 کۆچبەری نایاسایی رزگارکران کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2022، دوای ئه‌وه‌ی زانیاریی گه‌یشتووه‌ته‌ فه‌رمانده‌یی ئاسایشی كه‌ناوه‌كانی توركیا به‌وه‌ی كه‌ ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر له‌سه‌ر بەلەمێکی چووپن له‌ كه‌ناراوه‌كانی ئاسڵان بورنو سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ی فۆچا-ی ئیزمیر، تیمه‌كانی فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ ره‌وانه‌ی شوێنه‌كه‌ كراون. 
 
تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان چوونە هانایان و بەهۆیەوە 33 کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بۆ سنوورە ئاوییەکانی تورکیا کرابوون.
 
دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و تەواوکردنی پشکنینی تەندروستیی پێویست، کۆچبەران رادەستی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکە کران.
 
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2022، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا کە سەربە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەن، ئاماری 10 مانگی ئەمساڵ لەبارەی هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەران لە دەریای ئیجە-وە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم ماوەیەدا 38 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون. 
 
بەگوێرەی ئامارەکە، تیمەکانی فەرماندەییەکە 75 هەزار و 785 جار گەڕاون بۆ دۆزینەوەی کۆچبەران و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگاربکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن. 
 
هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون. زۆرترین رووداوی خنکانی کۆچبەران لە مانگی ئەیلوول بووە کە 22 کۆچبەر بوون و لە مانگی تشرینی یەکەمدا شەش کۆچبەر خنکاون. ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، پار 11 کۆچبەر خنکاون. 
 
لەبارەی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانەوە، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 277 قاچاخچی دەستگیرکراون. ئەمە لە کاتێکدایە پار 80 قاچاخچی دەستگیرکرابوون. 
 
رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2022دا، سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ساڵانی 2020-2022دا 69 هەزار و 375 کۆچبەری نایاسایی لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بەزۆر گەڕێندرانەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە دەریای ئیجە. بەهۆیەوە 170 کۆچبەر لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە. گوتیشی، بەڵگەی یەکە بەیەکەی کردەوەکانی یۆنان و بەزۆر گەڕاندنەوەیانی پێشکێشی دادگە و دامەزراوە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان کردووە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە