وەزیری ناوخۆی تورکیا گیانلەدەستدانی دوو گەریلای دیکەی پەکەکەی لە ئێلیهـ راگەیاند

24-06-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا لە پارێزگای ئێلیهــی باکووری کوردستان بەردەوامە. وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا دوو گەریلای دیکە گیانیان لەدەستداوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (دووشەممە، 24ـی حوزەیران) گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو گەریلای دیکە لە ناوچە دوورەدەستەکانی شارۆچکەی کەرجەوس لە ئێلیهـ گیانیان لەدەستدا. 
 
یەرلیکایا ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی ئاشکرا کرد بە ناوەکانی سوڵتان داغ ناسراو بە ئامارا و زەینەب نبات ناسراو بە زەینەب جودی. 
 
ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا لە ئێلیهـ لە 18ـی ئەم مانگە لە چیای ماڤا ـی سنووری شارۆچکەی حەسکێف دەستیپێکرد، دواتر بەرفراوان بوو.
 
عەلی یەرلیکایا رۆژی 20ـی حوزەیران گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆپەراسیۆنی چیای ئاگری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگری و ئێلیهــدا پێنج گەریلا گیانیان لەدەستداوە. 
 
یەرلیکایا گوتی، لە ئۆپەراسیۆنەکەی سنووری شارۆچكەی بازیدی سەر بە پارێزگای ئاگریش گەریلایەک بە ناوی یڵماز ئۆنەر ناسراو بە شێخمووس مەڵازگر و لە سنووری شارۆچکەی حەسکێف سەر بە پارێزگای ئێلیهـیش چوار گەریلا بە ناوەکانی شاکر ئەردەمجی ناسراو بە شەڕڤان بۆتان، حازرەت کاچار ناسراو بە ئەیلەم، نورەدین تەکین ناسراو بە نورهاق و زەینەب ئۆزکان ناسراو بە ئاخین گیانیان لەدەستداوە.
 
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی چەکداری پەکەکەیە رۆژی 23ـی حوزەیران رایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی 19ـی حوزەیران لە چیای ماڤا دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی 19ـی حوزەیران پارێزگای ئێلیهـ بڕیاریدا لە رۆژانی نێوان 19ـی حوزەیران تاوەکو سێی تەمموز چوون و هاتن بۆ چیای ماڤا لە سنووری شارۆچکەی حەسکێف قەدەخە بکات.
 
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەش رۆژی 22ـی حوزەیران 23 گوندی سەر بە پارێزگای ئێلیهـ بە ناوچەی ئەمنی ناساند و بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەخەی هاتووچۆی تێدا راگەیاندن.
 
تائێستا پەکەکە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەریلایەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی هەرسێ پەرلەمانتارەکەی مەهەپە کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە

سێ پەرلەمانتاری مەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە

لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە و پابەندبوونی خۆیان بە بڕیاری سەرۆکەکەیان راگەیاند.