وەزیری ناوخۆی تورکیا: چوار شەهید و 14 بریندارمان هەن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا بە میدیاکارانی راگەیاند، هێرشکارەکانی ئەمڕۆی ئەنقەرە کوژراون. ئاماژەی بەوەشکرد، لە هێرشەکەدا چوار کەس کوژراون و 14 کەسی دیکە بریندار بوون کە دۆخی تەندروستیی 3 لە بریندارەکان سەختە. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەم ئێوارەیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هێرشەکەی ئەنقەرە کاژێر 15:16 خولەکی ئەمڕۆ لە دەرەوەی بارەگای کۆمپانیای توساش لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە ئەنجامدرا. 
 
عەلی یەرلیکایا گوتی، هێزی تایبەتی جەندرمە و ئاسایش بەخێرایی ناوچەکەیان گەمارۆدا و زوو هەردوو هێرشکارەکەیان کوشت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە هێرشکارەکان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن بووە. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، 4 کەس لە هێرشەکەدا کوژران و 14 کەسی دیکەش برینداربوون؛ گوتیشی، دۆخی تەندروستیی 3 لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکان، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە و تیمێکی تایبەت لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، 8 داواکاری گشتیی کۆمارییان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.
 
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە. سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەم دەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە