دەمیرتاش: لەمەودوا رێگە بە کەس نادەین دەنگی ئاشتیخوازان کپ بکات

7 خولەک له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە دەکات و دەڵێت، رێگە بەهیچ کەسێک نادەن بیەوێت دەنگی ئاشتیخوازان کپ بکات. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش بڵاوکردەوە و بە تووندی سەرکۆنەی کرد. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "دەکرێ کێشەکانمان بە گفتوگۆ، دیالۆگ و سیاسەت چارەسەر بکەین، بەڵام خاوەن ئەو هزرانەی دەیانەوێت بە خوێنڕشتن بەر لەم هەنگاوانەمان بگرن، دەبێ ئەوە باش بزانن ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و رێگەی سیاسەت بکاتەوە، بە هەموو هێز و توانایەکمان پاڵپشتی دەکەین." 
 
دەمیرتاش رەخنە لەو کەس و لایەنانە دەگرێت کە کار بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی زیندووکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و دەڵێت: "هەوڵی بێبەهاکردنی سیاسەتی دیموکراسی و گەڕان بەدوای ئاشتیی و لاوازکردنی ئیرادەکانمان، بەهەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین. پێویستە هەمووان لەسەر ئەم بنەمایە کارەکانیان بکەن."  
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دەمیرتاش دەڵێت "لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە بەهیچ کەسێک نادەین، بیەوێت دەنگی ئاشتیخوازان کپ بکات، جا هەر کەسێک بێت."  
 
کاژێر 15:16 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو چەکدار بۆمبێکیان لە دەروازەی کۆمەڵگەی دامەزراوەکانی کۆمپانیای توساش تەقاندەوە و دواتر دوو چەکدار کە یەکێکیان پیاو و دووەمیان ژن بوو، هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر دامەزراوەکە. لە ئەنجامدا پێنج کەس کوژران و 22 کەس برینداربوون کە حەوتیان پۆلیس بوون. سێ لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە و لە نەخۆشخانەکانی ئەنقەرە چارەسەر دەکرێن. هەردوو چەکدارەکەش کوژران. 
 
لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکان، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تیمێکی تایبەت لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکانیان دەکات، بە ئاشکرابوونیان ناوەکانیان و ئەو رێکخراوە تیرۆریستانەی لە پشت رووداوەکەدان بۆ رای گشتیی ئاشکرایان دەکەن. 
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا باسی لەوەکرد هەشت داواکاری گشتیی کۆمارییان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە. 
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، تۆمەتەکەی خستە پاڵ پەکەکە و بە رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی راگەیاند، دووهێندە و زیاتر وەڵامی پەکەکە دەدەنەوە. 
 
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە