سەرۆکی جەهەپە: کاتی هێرشەکەی ئەنقەرە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە لە ئامەدەوە هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئەنقەرە رایگەیاند و گوتی "کاتەکەی مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە."
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لە ئامەدی باکووری کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش لە قەزای کاهرامانکازان لە ئەنقەرە رایگەیاند، "ئەمڕۆ هێرشێکی خۆکوژی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان تیرۆریستان و هێزە ئەمنییەکان روویدا، کە بەهۆیەوە شەهید و بریندار هەن."
 
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەدا لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و گوتی "تیرۆر لە هەر کوێ و لە هەر شوێنێک بێت، نەفرەتی لێدەکەین و سەرکۆنەی دەکەین." هەروەها گومانی خستە سەر کاتی هێرشەکە و رایگەیاند "کاتی تەقینەوەکە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە و مرۆڤ گومانی خراپ دەکات."
 
ئۆزگور ئۆزەل گومانی زیاتری خستە سەر کاتی هێرشەکە، کاتێک گوتی "مرۆڤ بیر لە قۆناخەکانی 7ـی حوزەیران لە ئامەد دەکاتەوە تاوەکو دەگاتە 1ـی تشرینی دووەم. بینیمان رێکخراوە تیرۆریستییەکان چۆن رای گشتییان ئاراستە کرد." 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند "هێرشێکی تیرۆریستی لە کۆمەڵگەی تایبەتی سەر بە کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان (توساش TUSAŞ) لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کراوە".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، 4 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و 14 کەسی دیکەش بریندارن کە تەندروستیی 3 لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
سەرۆکی جەهەپە گوتی "هەر کێ پشت بە تیرۆر ببەستێت، کارێکی هەڵە دەکات. رۆژەڤی ئێمە دوێنێ لە ئەنقەرە و ئەمڕۆ لە دیاربەکر بۆ ئەوە بووە تیرۆر سەرهەڵنەدات و کەس شەهید نەبێت و دایکانی کورد و تورک لە هەرشوێنێک بن فرمێسک نەڕێژن. هەروەها خۆشگوزەرانی بۆ 86 ملیۆن هاووڵاتیی فەراهەم بکرێت و گەنجانی کورد، تورک، عەلەوی و سوننی نیگەرانی داهاتوویان نەبن." 
 
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە