رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی جمهوور دەرگەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دەستپێکردووە و سەرۆککۆماری تورکیا ئەو دەرفەتە بە 'پەنجەرەی هیوا' ناودەبات. جگە لە ئیی پارتی، هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکە رەتناکاتەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی چوارشەممە 23-10-2024 گەیشتە ئامەدی باکووری کوردستان و بەگوێرەی پلانەکەی، 6 رۆژ سەردانی 6 پارێزگای باکووری کوردستان دەکات.
ئۆزەل لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ژنان کۆبووەوە و گوتارێكی پێشکێشکرد.
سەرۆکی جەهەپە گوتی، داواکارییان سەبارەت بە گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دووەم لە دامەزراوە و شارەوانییەکان، بەدەست گەیشتووە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.
ئۆزەل، سوپاسی دەم پارتی و کوردی کرد بۆ ئەو پشتیوانییەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و شارەوانییەکان بۆ پارتەکەی دەریانبڕی، بەتایبەتی کە لە هەندێک شوێندا دەم پارتی کە ئەوکات لە ژێر ناوی (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد، بەربژێری دەستنیشان نەکرد و پشتیوانیی جەهەپەی کرد.
سەبارەت بە گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە وەک دەستپێکردنەوەی قۆناخێکی دیکەی چارەسەریی پرسی کورد لێکدەدرێتەوە، ئۆزگور ئۆزەل گوتی، "ئێمە بەم شێوەیە لە بابەتەکە دەڕوانین؛ ئەگەر هەوڵەکەی باخچەلی ئازادکردنی کەسێک و گوتارێک بێت لە پەرلەمان و پێدانی سەکۆی قسەکردن بێت بۆ ئەوەی رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵبوەشێتەوە، ئەوا بێگومان هیچ شتێک تەواو نابێت."
ئۆزەل باسی لە هەڵوێستی پارتەکەی بەرامبەر ئەو هەنگاوە کرد و گوتی، "پارتی گەلی کۆماری هەموو هەنگاوێک بە گرنگ دەزانێت کە رێگەیەک بێت بۆ ئاشتی، وەستاندنی فرمێسکی دایکان، ئاستەنگ بێت لەبەردەم گەڕاندنەوەی تەرمی شەهید و پێکدادان، وەستانی تیرۆر و لەنێوچوونی رێکخراوی تیرۆریستی. جەهەپە نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەمە. با هیچ کەسێک نەڵێت کورد کێشەی نییە. کورد خۆیان دەزانن کێشەیان چییە و چۆن چارەسەر دەکرێت."
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی چوارشەممە 23-10-2024، دژایەتیی پارتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری راگەیاند و رەخنەی تووندی لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گرت.
سەرۆکی ئیی پارتی، پەتێکی سێدارەی لەگەڵ خۆی بردبووە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی و بەرزی کردەوە و گوتی، "لەبیرتانە لە گۆڕەپانی ئەرزەڕۆم بەڕێز دەوڵەت باخچەلی پەتی سێدارەی بۆ ئەردۆغان هەڵدا و گوتی 'من نەمتوانی لەسێدارەی بدەم، ئەگەر دەتوانیت تۆ لەسێدارەی بدە' لێرەوە رووی دەمم لە دەوڵەت باخچەلی دەکەم و دەڵێم، نەتانتوانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسێدارە بدەن، بەڵام خەونی ئەم گەلەتان لەسێدارە دا."
سەرۆکی ئیی پارتی دوای ئەو گوتانە ئەو پەتی سێدارەیەی فڕێدا کە لەگەڵ خۆی بردبووی.
ئیی پارتی، یەکێک لەو پارتانەیە دژی پرۆسەیەکی وەهایە، لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی شەپۆلیکی دەستلەکارکێشانەوە بووەتەوە و بەرپرس و پەرلەمانتارانی پەیوەندی بە پارتەکانی دیکەوە دەکەن.
ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023ـدا 9.9٪ـی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا و 44 کورسیی پەرلەمانی بردەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە 31-3-2024 دەنگەکانی بۆ 3.7٪ دابەزی.
مەحموود ئاریکان، بریکاری سەرۆکی پارتی سەعادەت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی چوارشەممە، 23-10-2024، لەبارەی پێشنیازەکەی باخچەلی گوتی، "ئەگەر راستگۆن لە چارەسەرکردنی بابەتی تیرۆر، دەبێت شان بدەنە بەری. ئێمە ئامادەین بۆ هەر شتێک. بەڵام ئەگەر لەپێناوی مەرامە بچووکەکانی خۆتان خەڵک چەواشە دەکەن، ئەوا دەیبینن ئەم گەلە، وڵات لە ئێوە و تیرۆریش پاک دەکاتەوە."
هەروەها ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، "بە روونی پرسیارێک ئاراستەی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغان دەکەم. لە بابەتی کێشەی کورد کە بە درێژایی ژیانمان و لە پرۆگرامی پارتەکەشماندا ئاماژەمان پێداوە، دەڵێین بە هەموو جۆرێک دەبێت چارەسەر بکرێت و لە بابەتی چارەسەریشدا ئاماژەمان بە دیموکراسی داوە، بەڕاستی ئێوە ئەگەر دەتانەوێت چارەسەری بکەن، فەرموون لە پلانێکدا بۆمانی روون بکەنەوە."
گولتان کشاناک، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد و سیاسەتڤانی کورد لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا سەبارەت بە دەستەواژەی 'دەست بەرزدەکەمەوە'، کە لەلایەن سەرۆکی مەهەپە گوترا و سەرۆکی جەهەپەش پشتگیری لێکرد، گوتی "منیش دەستم بەرزدەکەمەوە و بانگەواز دەکەم بۆ ئەوەی رۆژی 29ـی تشرینی یەکەم کە ساڵڕۆژی راگەیاندنی کۆماری تورکیایە، گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت."
رۆژی 30-9-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ـی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو و بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان خوێندن بوو بە زمانی دایک کە لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن. ئەو یاسایە هەڵدەوەشێندرێتەوە، کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات. هەر پارت و لایەنێک دەتوانێت بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات."
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی بوو بە ئاراستەی چارەسەرکردنی پرسی کرد و پرۆسەی چارەسەری بەدواداهات.
ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئەنجام و پرۆسەکە لە قۆناخی دۆڵمەباخچە شکستیهێنا و ئاکپارتی و (هەدەپە)ـش یەکدییان تۆمەتبار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ