باخچەلی: هیچ پرۆژەیەک لە دژی برایەتی و یەکێتیی نیشتمانیمان سەرناگرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە بڵاوکردەوە.
 
دوای هێرشەکەی سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە، لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند "ئەو هێرشە دڕندانەیە بە نەفرەت دەکەم کە کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) لە ناوچەی کاهرامانکازانی ئەنقەرە. داوای رەحمەتی خوا بۆ شەهیدانمان و شیفای بەپەلە بۆ برایانی بریندارمان دەکەم. سەرەخۆشی لە گەلی ئازیزمان دەکەم." 
 
باخچەلی هەروەها رایگەیاندووە "هیچ پلانێکی ناپاکانە و دوژمنانە سەرناگرێت. هیچ پرۆژەیەک لە دژی برایەتی و یەکێتیی نیشتمانیمان سەرناگرێت. ئەوانەی بکوژانی بەکرێگیراو دەنێرنە گۆڕەپانەکان و وەکو داردەستی نێو تاریکایی بەکاریان دەهێنن، ناگەنە هیچ ئەنجامێک. بەرەنگاربوونەوەی ئێمە بەردەوام دەبێت." 
 
کاژێر 15:16 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە 23-10-2024 هێرشێکی چەکداری کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگریی ئاسمانی (توساش) و بەگوێرەی گوتەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا، 4 کەس لە هێرشەکەدا کوژران و 14 کەسی دیکەش برینداربوون کە تەندروستیی 3 لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، راستەوخۆ دوای رووداوەکە هێزی تایبەتی جەندرمە و ئاسایش ناوچەکەیان گەمارۆدا و زوو هەردوو هێرشکارەکەیان کوشت؛ ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لە هێرشکارەکان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژن بووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە