فایەق گوڵپی: پەکەکە چاوەڕێی قسەی ئۆجەلانە بۆ پرۆسەی ئاشتی

23-10-2024
ئەحمەد حەمید
فایەق گوڵپی و حەسەن ئەحمەد لەبارەی ئەو پرسە قسە بۆ سەنگەر عەبدولرەحمانی رووداو دەکەن
فایەق گوڵپی و حەسەن ئەحمەد لەبارەی ئەو پرسە قسە بۆ سەنگەر عەبدولرەحمانی رووداو دەکەن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قسەکانی باخچەلی لەبارەی پرسی ئاشتی لە تورکیا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و فایەق گوڵپی، سیاسەتڤان دەڵێت: پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەری خۆی دەزانێت و ئەوان چاوەڕێی قسەی ئۆجەلان دەکەن، پەکەکە ئاستەنگی و رێگری بۆ قسەی ئۆجەلان دروست ناکات.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە 22ـی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات.
 
فایەق گوڵپی، سیاسەتڤان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی "قسەکانی باخچەلی نیشانەی گۆڕانکارییە لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر دۆزی کورد، ئەو سیاسەتەی لە دامەزراندنی تورکیاوە پەیڕەوکراوە، دانی بەو فرەپێکهاتەییە نەناوە کە لە تورکیا هەبووە، خەباتی 40 ساڵەی کورد لە خەباتی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی تورکیای هێنایە ئەو بڕوایەی ناتوانێت لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت."
 
ئەو سیاسەتڤانەی کورد پێیوایە، ئەو قسانەی باخچەلی کە ئەردۆغان و جەهەپە پشتیوانیی لێ دەکەن، "گۆڕانکارییەکی زۆر جیدیە" بەو مەرجەی "ئەگەر تەکتیکی هەڵبژاردن نەبێت". گوڵپی دەڵێت "لە ساڵی 1993ـەوە هەر کاتێک هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە باس لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکرێت."
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتیشی "لایەنەکان ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، بۆچوونیان گۆڕاوە، بەتایبەت باخچەلی تاوەکو ئێستا باسی ئۆجەلانی نەکردووە، ئەمە سەرەتای گفتوگۆیە و دوای گفتوگۆ رێککەوتن هەیە و دوای رێککەوتن دەبێت ئەو بڕیارانەی رێککەوتنی لەسەرکراوە، جێبەجێ بکرێن."
 
لەبارەی هەڵوێستی پەکەکەوە، فایەق گوڵپی گوتی "باخچەلی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنانی هێزی چەکداری کردووە، پەکەکەش پێشتر ئامادەیی دەربڕیوە بە مەرجێک کێشەی کورد چارەسەر بکرێت، نەخشەڕێگەکان هەنگاو بە هەنگاوە وەک راگرتنی شەڕە، ئازادکردنی ئۆجەلانە و دواتریش هێزی چەکداری کۆتایی پێبهێنن، گۆڕانکاری لە دەستووری تورکیا خاڵێکی جەوهەرییە."
 
فایەق گوڵپی، جەختیکردەوە "پرسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرسێکی تاکەکەسی نییە و داوای مافی خۆی نەکردووە، داوای چارەسەری پرسی کوردی کردووە، بەربەستی بەهێز لەبەردەم چارەسەری نییە، ئەگەر ویستێک هەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بەپێی زانیارییەکان ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی لە تورکیا دەکرێت، بۆیە هەموو حیزبەکان بە ئاشکرا ناتوانن بڵێن لەگەڵ چارەسەری کێشەی کوردن، چونکە هەموو شەقامی تورکیا لەگەڵیاندا نابێت."
 
"ئایا پەکەکە پابەند دەبێت بە هەر بڕیارێک ئۆجەلان بیدات؟" لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا فایەق گوڵپی دەڵێت "پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەری خۆی دەزانێت و چاوەڕێی قسەی ئەو دەکەن، پەکەکە ئاستەنگی و رێگری بۆ قسەی ئۆجەلان دروست ناکات، چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا سوودی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان چارەسەر بکرێت سوودی بۆ رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێت."
 
"پەکەکە 100% بە قسەکانی ئۆجەلانەوە پابەند نابێت"
 
بەڵام حەسەن ئەحمەد مستەفا، شرۆڤەکاری سیاسی کە ئەویش میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، دەڵێت "پەکەکە قسەی ئۆجەلان رەتناکاتەوە، بەڵام مەرجیش نییە 100٪ پێوەی پابەندبێت، بەو مەرجانەی باخچەلی داوایکردووە، ئاسان نابێت."
 
حەسەن ئەحمەد باسی لە هەوڵەکان بۆ پرسی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا کرد و دەڵێت "بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، ناتوانین باس لە چوار مادەی سەرەتای دەستووری تورکیا نەکەین، سێ مادەی سەرەتای دەستوور کێشەی کورد و عەلەوییەکان و تەواوی کێشەی تورکیایە، مادەی چوارەمی دەستوور، دەڵێت نابێت ئەو سێ مادەیە هەموار بکرێتەوە، ئەم هەنگاوە نوێیە لەبەرئەوەی دوای هەڵبژاردنێکە کە ئەردۆغان تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، دوای ئەوەیە کە نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گۆڕاندایە، نوێیە دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی بەپەلەی هەبوو، کە پەیوەندیی بە ئاسایشی ناوچەکەوە هەبووە، بابەتەکە لە پڕە و زۆر نوێیە."
 
حەسەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر بیانەوێت گرفتی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەن، هیچ بەربەستێک نەماوە جگە لە دەستوور، پێشتر لەبەر مەهەپە نەدەتوانرا باس لە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت، ئێستا مەهەپە خۆی باسی کردووە."
 
سەبارەت بە هەنگاوی دواتر، حەسەن ئەحمەد دەڵێت: "دوای قسەی سەرکردەکانی تورکیا، لایەنی پەکەکە ماوەتەوە، پەکەکەش ئامادەیی هەیە، بەڵام نەک بێت و یەکسەر بڵێ چەک دابنێ، بەڵکو زەمینەخۆشکەر هەبێت چەک دادەنێین." 
 
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر پرۆسەی چارەسەر، ئەو سیاسەتڤانە گوتی "تورکیا ترسی هەیە لە ئێران بدرێت، تورکیا نایەوێت بە هیچ شێوەیەک لە ئێران بدرێت، چونکە لە شەڕێکی گەورەتر دەترسێت."
 
چەند رۆژێکە رۆژەڤی سەرەکیی سیاسەتی تورکیا پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کوردە؛ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا لەم رۆژانەی دواییدا پەیامی جیاوازیان لەبارەی پرسی کورد هەبووە.
 
دوای ئەوەی سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم هەنگاوێکی دیکەی نا و بانگی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە