رووداو دیجیتاڵ
دەم پارتی لە هێرشکردنە سەر کۆمپانیای توساش لە ئەنقەرە نیگەرانە و دەڵێت، گێرەشێوێنییە و کاتی ئەنجامدانەکەشی جێگەی گومانە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، هێرشێک لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کۆمپانیای توساش بۆ پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کرا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هێرشەکە تیرۆریستییە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژرا و بریندار هەن".
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون و دووانیان لە هێرشکارەکان بوون. دەشڵێت، 14 کەسیش بریندارن.
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، 8 داواکاری گشتیی کۆمارییان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە راسپاردووە.
سەزایی تەمەللی، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتیش رایگەیاند، "زۆر خەمبارین؛ دیسان مرۆڤەکان کوژران. کاتی هێرشەکە جێگەی گومان و هەڵوەستە لەسەرکردنە. روونە رووداوەکە گێرەشێوێنی و تێکدەرانەیە."
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی تایبەت و پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ