رەجەب تەیب ئەردۆغان کوژرانی سەربازێکی دیکەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

22-04-2022
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  
 
سەرۆککۆماری تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی 22ـی نیسانی 2022، لە شاری ئیستەنبووڵ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان دەبێتە هۆی ئەوەی "پەکەکە رووبەڕووی شکستی گەورە ببێتەوە." دەشڵێت، "هێزەکانمان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە." 
 
رۆژی دووشەممە 18ـی نیسانی 2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی "چنگ – قوفڵ" لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتین لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەستیارییەوە بەڕێوەدەبردرێت و دوایین ئاماری ئۆپەراسیۆنەکەشی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 45 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و سێ سەربازی سوپای تورکیاش کوژراون.
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هێزە بەشدارەکان لەم ئۆپەراسیۆنە بە بەکارهێنانی باشترین تەکنۆلۆژیای سەربازیی بە مووشەکی زیرەک و تۆپهاوێژە دوورمەوداکانیان پێشڕەوی دەکەن. 
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 15 سەربازی تورکیا کوژراون، بەو جۆرەش لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە 86 سەرباز کوژراون. هەپەگە گیان لەدەستدانی حەوت گەریلایشی بڵاوکردەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە