گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا؛ نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەنگیان داوە

21-05-2023
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەنگدانی رەوەندی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەردەوامە؛ لە یەکەم رۆژی دەنگدانیشدا زیاتر لە 471 هەزار کەس دەنگیان داوە. 
 
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا شەوی رابردوو (شەممە، 20-5-2023) بڵاویکردەوە، لە یەکەمین رۆژی دەنگدانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، 471 هەزار و 734 کەس لە دەرەوەی وڵات دەنگیان داوە.
 
لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات 452 هەزار و 257 کەس و لە دەروازە سنوورییەکانیش 19 هەزار و 477 کەس، کۆی گشتی 471 هەزار و 734 کەس دەنگیان داوە. 
 
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، کە رۆژی یەکشەممە 28ـی ئایار لە نێوخۆی تورکیا بەڕێوەدەچێت، رۆژی شەممە 20ـی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەنگدان دەستیپێکرد.
 
لە نوێنەرایەتیەکانی تورکیا پرۆسەی دەنگدان تاوەکو رۆژی 24ـی ئایار و لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی یەکشەممە 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت. 
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە 49.52٪ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 44.88٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
 
هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار رێژەی 50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەست نەهێناوە، بەو هۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە