رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی چالاکییەکانی شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکان و بەهێزکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن قسەی کرد و گوتی، "ئاکپارتی متمانەی دەنگی کوردی لەدەستداوە."
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی دەنگدەری کورد رایگەیاند، ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرە نەریتخواز و دیندارە کوردەکان، "پشتیان لە ئاکپارتی کردووە" و پۆل پۆل روو لە پارتەکەیان، پارتی ئایندە، پارتی دێڤا، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات دەکەن.
سەرۆکی ئیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "دەسەڵات دەیەوێت ئاسایشی هەڵبژاردن بشێوێنێت و بە هەڕەشە و گوشار دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەگەر هەڕەشە و وەشاندنی گورزیش بەکاربهێنن، ناتوانن بەرامبەر ئیرادەی گەل بوەستنەوە. بینیمان پێشتر بەرامبەر دەنگدەرانی ئیستەنبووڵ ئەم کارەیان تاقیکردەوە، بەڵام وەڵامی دەنگدەرانی ئیستەنبووڵ زۆر لە هەوڵی ئەوانەوە بەهێزتر دەرچوو."
لەبارەی ئەگەری قەیوومکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و سەپاندنی قەدەخەی سیاسیی بەسەریدا، مەراڵ ئاکشەنەر باسی لەوە کرد، "لەو باوەڕەدانیم ئەردۆغان ئەم کارە بکات. سەرباری ئەوەی ئەردۆغان تەنیا لە چوارچێوەی کۆشک بڕیار دەدات و ئاگاداری دۆخی شەقام نییە، بەڵام ئەگەر دەستی بۆ ئەم کارەش برد، ئەوە کۆتایی بە خۆی و دەسەڵاتەکەی دێت."
لەبارەی پلانی ئۆپۆزیسیۆنەوە مەرال ئاکشەنەر ئەوەی خستەڕوو، لە دانووستاندنە بەردەوامەکانی شەش لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، "پلانی تۆکمەمان ئامادە کردووە" بۆ هەر ئەگەرێک و سەرهەڵدانی هەر سیناریۆیەکی دیکە. ئەوان ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵبژاردنی 2023یش.
لەبارەی بەربژێری بەرەی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، مەراڵ ئاکشەنەر رایگەیاند، بەردەوام جەخت لە دەستنیشانکردنی یەک بەربژێر دەکەن بۆ ئەم پۆستە. ناکرێت چەند بەربژێرێکمان هەبێت. "گرنگە هەموومان رێککەوین لەسەر تاکە بەربژێرێک بۆ ئەوەی کارنامەکەمان سەربگرێت."
باسی لەوەش کرد کە بۆ هەر سندوقێکی دەنگدان، سێ چاودێر دادەنێن و سات بەسات ئاگاداری سەرجەم پێشهاتەکان دەبن و راپۆرتەکانیان بۆ ناوەندێکی تایبەت بەرزدەکەنەوە کە بەمنزیکانە دایدەمەزرێنن.
رۆژی 17ـی ئایاری 2022، ئەرتوغرول کورکچو هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بە رووداوی گوت نیشانەکانی دەستاودەستی دەسەڵات لە تورکیا دەبینرێن. سەبارەت بە دابەزینی دەنگەکانی ئاکپارتی و ئەو شوێنانەی کە ئاکپارتی زیاتر دەنگی تێدا لەدەستداوە ئەرتوغرول کورچوک گوتی، "ئاکپارتی لە هەموو شارەکاندا دەنگی لەدەستداوە. تەنانەت لە زێدی رەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا دەنگەکانی کەمبوونەتەوە."
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە گوتیشی، "بەر لە هەموو شتێک دەکرێت ئەمە وەکو بێزاربوونێکی کورد لە ئاکپارتی ببینین. واتا ئیدی کورد دوای هەدەپە، ئاکپارتی بە دووەمین بژاردە نازانن کە ئەمە هەواڵێکی باشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ